تا ٢٥ی سپتەمبەر چاوەروانی چەندین پلانی مەترسیدار لە لایەن دەزگای سیخوری ٤ وڵاتی داگیرکەرەوە دەکرێت

0
2708
عارف باوەجانی

عارف باوەجانی /  سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.

باشووری کوردستان بەرەو هەنگاوێکی گرنگ کە ڕاپرسی گەلە لە ٢٥ ی سپتەمبەردا خۆی ئامادە دەکات، ئەم پرۆسەش مەترسییەکی زۆری بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ٤ وڵاتی داگیرکەری کوردستان دروستکردوە. بێگومان دەزگا ئەمنی و داپڵۆسێنەرەکانی ئەم وڵاتانە بە چڕوپڕی کەوتوونەتە زەربە لێدان و کۆسپ دروستکردن بۆ ڕاگرتنی ئەو پرۆسەیە.

کۆماری ئیسلامی ئێران باش دەزانێت ئاکامی ڕێفراندۆمەکە چۆنە، ئەوان دەزانن کە بێجگە لەوەی کە زیاد لە ١٢ملۆێن کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان فشارەکانیان بۆ سەریان زیاد دەکەن، هاوکات٤نەتەوەی دیکەی وەک بەلوچ، عەرەبی ئەحواز، ئازەری و تورکمەنسەحرایی، کە ئەوانیش وەک کورد لە لایەن ئێرانەوە خاکیان داگیرکراوە، شانبەشانی کورد دەکەونە جووڵەوە، ئیدی پرۆژەی درێژخایەنی ئیمپراتۆری فارسی بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین دەکەوێتە مەترسییەوە.
تورکیا بە بوونی ٢٥ملۆین کوردو چەند ملۆین لە نەتەوەی دیکە مەترسی لە دەستدانی خەیاڵی زیندووکردنەوەی سەردەمی سوڵتان عوسمانی لە بەین دەچێت.
سوریا بە نکۆڵیکردن لە زیاد لە٣ ملۆین کورد لە رۆژئاوای کوردستان،سەدان هەزار ئاشوری و نەتەوەی دیکە،  دروشمی کۆماری عەربی سوری، ماکەی بەعسی عەفلەقی دەکەویتە مەترسییەوە، و هەروەک خەونی بیلادی شامەکەی ١٠٠ساڵ پێشی، دیسانەوە ٣ وڵاتی دیکە لە ناوچەکە زیاد دەکرێن، ئیدی مێژووە دێرینەکەی تەواو ژێرگڵ دەبێت.
ئێراقی ئیستای بە ناو وڵات و بە ناوەرۆک وڵاتی فرە ئاین و فرە تیرەو هۆزەوە، کە هەر١٠٠ کیلومیترێکی بە دەست حیزب و ئاین و تایفەیەکەوە، کەچی بە دژی سەربەخۆیی و ڕێفراندۆم،  خۆیان بە حکومەت دەزانن، باس لەوە دەکات کە ئەگەر کوردەکان بریاری سەربەخۆبدەن، دەڵێن قبووڵ ناکەین وڵاتەکەمان ببێت بە ٣ بەشەوە،  ئاشکراشە کە بریاردەری یەکەمی بەشی زۆری وڵاتی ئیستای بە ناو ئێراق، قاسم سلێمانیەکەی ئێرانە.
کەوابێت وبە پێێ ئەزموون و مێژووی سەدانساڵەی پێشووشمان، لەوە دڵنیاین کە ئەم وڵاتە داگیرکەرانە بە هەموو شێوەیەک لە بۆسەدان بۆ لێدانی ئەم پرۆسەیە، هەم لە ئاست ناوخۆی کوردستان و هەم لە ئاست وڵات و زلهێزانی جیهانیشەوە.

کە بە شێوەی خوارەوە ئاماژە بە هیندێک لەو مەترسییانە دەکەم.
١ –  هەوڵدان بۆ زیاتر و قووڵترکردنی قەیرانی سیاسی نێوان لایەنەکانی کوردستان، دۆزینەوەی زۆر ڕێگەی دیکەی مەترسیدار بە دەسیسەی ئەوان بۆ بەهێزکردن و پەرەسەندنی ناکۆکیەکان، وەک مەترسی تەقینەوە لە شارو ناوجەو بنکەی سەرکردایەتی حیزبەکان ڕوو بدات، بۆ ئەوەی شک و گومان بخەنە سەر یەکتر و دیسانەوە شەری ناوخۆیی سەرهەڵبداتەوە، و بۆ دەیانساڵی دیکە لەو خەونە دوورمان بخەنەوە.

٢ – هەوڵدان بۆ زیاتر لاوازکردنی ئابوری کوردستان، ئابڵووقەدانی ئابوری کوردستان لە ئاست جیهان و سنوورە دەستدروستەکانەوە، بۆ ئەوەی خەڵک لە نائۆمێدی و نەداری پشت لە پرۆسەی دەنگدان بکەن.

٣ –  بەستنی سەرچاوە ئاوییەکان، سنوورە بازرگانییەکان، کە لە سنوورەکانی نێوان باشووری کوردستان لەگەڵ هەر سێ بەشە داگیرکراوەکەی دیکەی وەک رۆژهەڵات، باکورو  رۆژئاوادا هەیە. کە هەر لە ماوەی ئەم ٣ حەفتەیە هیندێک لە مەترسیەکانی ئاو لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستێپێکردوە، و چاوەروانی بەغداو ئەنکەرەو  دیمشقیش بن،  وا بزانم  کۆسپی زۆریش ئیستا بۆ سەر ئاوی ئەڵوەن لە لایەن بەغداوە دەستی پێکردوە.

٤ –  هەوڵدان بۆ گوومان دروستکردن لە سەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ناشیرینکردنیان لە پێشچاوی شەقامی کوردی، وەک نۆێترین سینارێویان کە ٢رۆژ پێشیان نمایشکردنی چەند هەلیکۆپتەرێکی گووماناوی، بە سەر ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش، و پاشان تێپەرینیان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور و باکورەوە، بۆ ئەوەی گوماندروستبکەن کە گوایا بە ئاگاداری و هاوکاری بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، تروریستانی داعش دەگوازنەوە دەرەوە. یا تۆپبارانکردنی سنوورە دەستدروستەکان،  ئاگر بەردان لە کێلگەو باخ و بیستان و سەر شاخەکان، ناردنی خۆراک و پێداویستی ژەهراوی بەسەرچوو، دەیان و سەدان و هەزاران ئەگەری دیکەی چاوەرێکراو.

٥ –  مەترسی دیسانەوە هێنانەوەی گروپێکی دیکەی هاوشێوەی داعش بە ناو و بەرگی دیکەوە، بە مەبەستی نائارامکردنی کوردستان، یان دروستکردنی گروپێکی تووندڕەو پر ئیمکانات هەر لە ناو باشووری کوردستان بۆ نائارامکردنەوەی ناوچەکە، تا دیسانەوە دەزگا تۆقێنەرەکانی وڵاتانی داگیرکەر، لە ناوچەکانی کوردستان تاوتاوان بکەن و بە ویستی خۆیان بکوژن و خەڵک دەربەدەر بکەن، هەر وەک نموونەی ساڵی نەوەدەکان، ئیدی دیسانەوە نائۆمێدی سەرهەڵبداتەوە.

چارەسەری: کەوابێت پێویستە هەم لایەنە سیاسیەکان زۆر بە قووڵی بیر لەم مەترسیانە بکەنەوە،  و زۆر پەلە ئاشتەوایی گشتی ڕابگەیەنن و دەست لە نێو دەست دژی ئەم پلانە مەترسیدارانە بووەستنەوە، چوون بێگومان تێپەرکردنی پرۆسەی ڕێفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی لە هەر بەشێکی کوردستان، بێ کۆسپ و تەگەرەی مەترسیدار نابێت، بەڵام خۆراگری لە بەرامبەر هەموو تەگەرەکاندا و تێپەرکردنی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی، تەنیا یەکێتی و یەکریزی گەلی کوردە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت