بە ئەگەری زۆر گشت پرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور بەزوویی بەڕێوە دەچێ

0
1715

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە پاریس، ڕۆژی شەممە ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٧ی مانگی مای ٢٠١٧ـی زایینی، کۆڕێک بە مەبەستی تاووتوێ کردنی پرسی “گست پرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور”، کۆرێک لەلایەن کومیتەی ئامادەکاری بۆ پرسی ڕفراندۆم لە کوردستانی باشوور بۆ سالار عوسمان، برێکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە شاری پاریس ـی پێتەختی وڵاتی فەڕانسە بەرێوە چوو.

کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

لە درێژەی کۆڕەکەدا، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەردەڵان عەبدووڵاهی، باسێکی تەسەلی لەسەر پرسی گشت پرسی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و هەروەها پەیامی کومیتەی ئامادەکاری بۆ پرسی ڕفراندۆمی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

عەبدووڵاهی لە ناواخنی قسەکانی و لە پەیامی کومیتەکەدا گوتی: “سەرەڕای ئەوەی کە کورد خەریکە لەگەڵ مەترسیدارترین و گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی لە جیهاندا و لە جیاتی هەموو جیهان شەڕ دەکات، پێویستە وڵاتانی جیهانیش بۆ پرسی سەربەخۆیی پشتگیری لێبکەن”.

عەبدووڵاهی، پشتیوانیی خۆی و کومیتەی ئامادەکاری بۆ پرسی ڕفراندۆمی لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان و هەرێمی کوردستانی باشوور، ڕاگەیاند.

لە درێژەدا، سالار عوسمان، برێکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، باسی لە گرنگییەکانی پرسی سەربەخۆیی کوردستان کرد و گوتی: “بەرێز بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی جیدی و گرنگی لەوبارەوە ناوە و هەنگاوەکانیش بەردەوامن”.

سالار عوسمان باسی لە ئەگەری جێبەجی بوونی گشت پرسی بۆ سەربەخۆیی کورد و گوتی: “ئەگەری زۆرە بەپێی ئامادەکارییەکان، لە مانگی سیپتامبری داهاتوودا، گشت پرسی ئەنجام بدرێت”.

برێکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان باسی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش کرد و گوتی: “بەپێی پلانێک کە لە ئارا دایە، ئەو ناوچانەش لە گشت پرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور، بەشداری دەکەن و دەنگ دەدەن”.

سالار عوسمان باسی لەو دەرفەتانە کرد کە بە هۆی شەڕی داعشەوە بۆ کورد هاتوونەتە ئاراوە و گوتیشی: “زۆربەی وڵاتەکانی ناوچە و بەتایبەتی دراوسێکانی هەرێم و بەتایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕژیمی ئەسەد و دوای ئەوان تورکیە، دژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیین بەڵام سەرۆکی هەرێم تا ئێستا گوێی بەو ناڕەزایەتی و دژایەتییانە نەداوە و لەسەر سەربەخۆیی شێلگیرە”.

برێکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە ئاماژە بە دژایەتیی وڵاتانی دراوسێی هەرێم لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی گوتی: “کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی ئەسەد، کە هیچ جیاوازییەکان لەگەڵ یەکتری نیە و ڕژیمی ئەسەد لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێت، سەرەکیترین دژبەرانی سەربەخۆیی کوردستانن و دوای ئەوان ڕژیمی تورک دێت و لەو ناوەدا دەوڵەتی عێراق و بەتایبەتی کابینەی عیبادی کە لەلایەن ئەمریکاییەکانەوە چاوەدێری دەکرێ، کەمترین دژایەتییان لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی هەیە و لە هەموویان نەرم و نیانترن”.

لە هەمان کاتدا، برێکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ، باسی لە پشتیگیرییەکی باشی وڵاتانی دونیای ئازاد و وڵاتانی عەرەبی لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی سەرۆکی هەرێم توانیویەتی پشتیوانییەکی باش لەوبارەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، کۆبکاتەوە.

لە درێژەی ئەو سمینارەدا، جەماڵ پوورکەریم، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی ناوەندی ڕۆژی کورد، باسێکی تەسەلی لەمەڕ پرسی سەربەخۆیی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و گوتی: “دەبوایە زۆر زووتر لە ئیستا بیر لە پرسی سەربەخۆیی و ڕاگەیاندن و چوونە قۆناغی جێبەجێ کردنی کراباوە و هێندە دەستاودەستی پێنەکرابا”.

پوورکەریم بە ئاماژە بە دەرفەت بۆ کورد لە سەرەتای هاتنە ئارای شەڕی داعشەوە گوتی: “دەبوایە کورد هەر سەرەتا کە شەڕی داعش هاتە ئاراوە و جیهان پێویستییەکی زیاتر لە ئەمڕۆی بە کورد بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو رێکخراوە تیرۆریستتە هەبوو، کورد پرسی سەربەخۆیی ڕاگەیاندبا، بەڵام ئیستاش نابی زیاتر وەدوا بخرێت”.

پوورکەریم پشتیوانیی تەواوی خۆی و ناوەندی ڕۆژی کورد لە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند و گوتیشی: “سەربەخۆیی مافی کوردە و هەر هێز و لایەن و تاکێک دژایەتی بکات، بێ گومان خیانەتێکی نەتەوەییە و دەبێ بەرنگاری ببینەوە و هیچ ڕۆڵەیەکی کورد بۆیەی سینگ بە گوللەوە نەناوە کە لەژێر سایەی رژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان دا  بگا بە ئازادی، بەڵکوو لە ناخی هەموان دا تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی هەبووە،کورد کە بە دوای ئازادیی نەتەوەکەیەوە وێلە و ناخوازێ چیتر ژێردەستە بژی دەبێ ئەو دەرفەتە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بقۆزێتەوە، ئەمڕۆ هێز ڕۆڵ دەبینێ لە دروستبوونی وڵاتان دا ، هەموو ئەو وڵاتانەی لەو چەند سەد ساڵەش دا دروست بوون هەموو پێڕەوەی لەو خاڵە دەکەن ، کە هێزت بوو دنیاش پشتت دەگرێ و دەوڵەتیشت دەبێ ، ئەمڕۆ کورد هەم هێزە و هەم زەمینەی تێدایە کە ببێ بە دەوڵەت و سەربەخۆ بێ.”.

جەماڵ پوورکەریم ئاماژەی بە کارتێکەریی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور بۆ پارچەکانی تری کوردستان کرد و گوتی: “بێ گومان ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستانی باشوور لە قازانجی سەرجەم پارچەکانی تری کوردستان دایە و هەر ئەوەشە وادەکات وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بە چڕی دژ بە سەربەخۆیی بوێستنەوە بەڵام ئەوە مافێکی سیاسی و سرووشتیی کوردە و کورد نابێ لێی بسڵەمێتەوە”.

کۆڕەکە بە پرسیاری ئامادەبووان و وڵامدانەوەیان لەلایەن کۆڕگێڕانەوە کۆتایی پێهات.

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت