بەپێی بەڵگە هەندێک لایەنی یەکێتی لە دەرەوە دەنگی “نەخێر”ـیان بە گشتپرسی داوە

0
1628

بەپێی بەڵگەیەکی نووسراو کە بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتووە، بەشێک لە کومیتەکانی یەکێتی لە دەرەوەی کوردستان، دەنگی نەخێریان داوە بە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور.

ڕۆژی کورد: بەپێی بەڵگەیەکی نووسراو کە لە سەرچاوەیەکی برواپێکراو لە ناو “کومیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانیەکان” لە دەرەوە بە دەستمان گەیشتوە، کومیتەی نۆروێژ (بە وتەی کوردانی باشوور نەرویج)، ڕێکەوتی ١١ی سێپتامبر واتا ڕێک دوو حەوتوو پێش بەڕێوەبردنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور، نووسراوەیەکی فەرمی ئامادە کردووە و پاشەکشەی خۆی لە کومیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانیەکان لە دەرەوەی وڵات، ڕاگەیاندووە.

خاڵی سرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەو نامەیە نەک ئەو کات، بەڵکو ڕۆژی ٢١ی مانگی ئۆکتۆبر، واتا ٤٠ ڕۆژ دوای ئەو ڕێکەوتە کە ئامادە کراوە، ڕادەستی کومیتەی هێزە کوردستانیەکان کراوە.

لەو نامەیەدا کە زۆر بە ناڕوونی و بە پەلە نووسراوە، هۆکاری پاشەکشە ڕون نیە و نووسیویە، هەمو هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییە کوردیەکان دەپچڕێ بۆ ئەوەی هاوکاریی دوو قۆڵیی خۆی پتەو بکا کە دیار نیە ئەو قۆڵەی تر تارانە یان بەغدا، بەڵام بەپێی ڕووداوەکان لە ١٦ی مانگ و خیانەتی مێژوویی لە چاخی تەکنەلۆژیادا بە کورد، پیدەچێ ئەو لایەنەی تر، قاسم سلێمانی بێ کە بە وتەی لاهوور جەنگی، زۆری مام جەلال خۆش ویستووە و هەمیشە پرس و ڕاوێژی بە جەلال تاڵەبانی کردووە و بە وتەی سەعدی ئەحمەدی پیرە “ئاغای قاسم سلێمانی” پیاوێکی بەڕێز و خۆشەویستە.

ئەو نامەی کومیتەی نۆروێژی یەکێتی کە ئێستا پاشگری نیشتمانی لانیکەم تا ساخ بوونەوەی ئەو پارتەی باشوور، لەلایەن رۆژی کوردەوە بەکار ناهێنرێت، دەریدەخات کە ئەوان لە دەرەوەی وڵات، نە تەنیا دووڕووییان بەکار هێناوە بەڵکوو لە ژێرەوە کاریان بۆ “دەنگی نەخێر” لە دژی گشتپرسی کردووە.

هەرچەند وەک ناوەندی ڕۆژی کورد، لەسەر ئەو بڕوایەین کە هەموو لایەنەکانی کوردستانی باشوور لەو خیانەتە نەتەوەییە مێژووییەدا بەشدارن بەڵام لاشمان وایە، خیانەتی سەرەکی لەلایەن هێرۆ خان و پافێل و ئاڵا و لاهوورەوە کراوە. ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە، هاوڕایی فەرماندە بەهێز و کوردپەروەرەکانی یەکێتیە لەو خیانەتەدا و بێدەنگیی خەڵکی سلێمانی و زۆنی سەوز لە هەمبەر نیشتمانفرۆشیدا، بەتایبەتی کە خەڵکی سلێمانی، بەردەوام وەک کۆڵەکەی کوردایەتی سەیریان کراوە و دەبوایە ئێستا گەرمیانیشیان بە خۆیانەوە خستبا خرۆشێکی بەرگریکارانەی نەتەوەییەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.