بەسەرهاتی کچە کوردێکی 14 ساڵانی ئێزیدی کە ١٨٠ جار دەستدرێژی کراوەتە سەر، جیهانی هەژاند

0
2103

ڕۆژی کورد: دەستدرێژی کردن جۆری زۆر و جیاجیای هەیە، دەستدرێژی کردنە سەر ئەخلاق و کەسایەتی و ژیان و ئەوین و ناوبانگ و دەیان جۆری تر، بەڵام دەستدرێژیی سێکسی لە سەرجەم کۆمەڵگا و چاخەکاندا، یەکێک لە دڕندانەترین جۆرەکانی دەستدرێژی کردن لە ناو مرۆڤەکاندا بووە.

لەم ڕۆژانەدا، جارێکی تر بەسەرهاتی دڵتەزێنی دەستدرێژی کرانە سەر کچە کوردێکی ئێزیدیی خەڵکی شنگال، میدیاکانی جیهانی هەژاند.

“ئیخلاس”، ئەو کچە کوردە ئێزیدیە ١٤ ساڵانەیە کە دوای دەستبەسەر کران و بە دیل گیرانی لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی داعش، زیاتر لە ١٨٠ جاران دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر. دەسترێژییەک کە ئاسەوارە دەروونییەکانی لەوانەیە تا کاتی مەرگ هەر بەردەوام بن.

ئیخلاس، ماوەی شەش مانگان لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی داعش وەک دیل گیراوە و لەو ماوەیەدا ١٨٠ جاران دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر.

لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا، ئیخلاس ـی ١٤ ساڵان، چەندین جاران هەوڵی داوە لە ڕێگای چیاکانی شنگالەوە، لە دەست مرۆڤکوژانی داعش و مرۆڤایەتی خنکێنەکانی داعش ڕا بکات کەچی هەر جارێک بە دیل گیراوەتەوە.

لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا، ئیخلاس زۆر جار هەوڵی خۆکوژی داوە بەڵام هەر جار بە خۆرێک لە مەرگ ڕەخساوە.

ئیخلاس و ١٥٠ ژنی تری کوردی ئێزیدی، دوای دەستبەسەرکرانیان، تیروپشکیان بۆ هەڵخراوە و بەپێی تیروپشک، ئیخلاس بووە بە بەشی پیاوێکی داعشی و ئەویش هەموو ڕۆژ دەستدرێژی کردۆتە سەر.

ئیخلاس لەمەڕ ئەو پیاوەوە گوتوویەتی: “موویەکانی درێژ بوون، بۆنێکی ناخۆشی لێدەهات، زۆر تۆقێنەر بوو، من بەڕاستی لێی دەترسام”.

لە کۆتاییدا، دوای شەش مانگان و لە کاتێکدا ئەو پیاوەی ئیخلاس لەلای بووە، دەڕوات بۆ شەڕ و ئیخلاس توانیویە خۆی دەرباز بکات.

لە ئێستادا ئیخلاس، لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە وڵاتی ئاڵمان لەژێر چاوەدێریی پزشکی دایە.

بە گوێرەی لێدوانی ژن و کچە بە دیل گیراوە کوردە ئێزیدییەکان، پیاوانی داعش تووشی نەخۆشیی دەروونیی “سادیسم”ـن. جۆرێک لە نەخۆشیی دەروونی کە تێیدا کەسەکە حەز بە ئازاردانی کەسانی تر دەکات. کەسی تووشبوو بە سادیسم، بەردەوام و بە شێوەی جۆراوجۆر و تەنانەت لە ڕێگای هاوڕێیەتی و خۆنزیک کردنەوە، حەز دەکا خەڵکانی تر ئازار بدات و بەم چەشنە کوڵ و کۆ و گرێ دەروونییەکانی خۆی دەڕەوێنێتەوە. کاتێک ئەو سادیسمە تێکەڵ بە نارسیسم (خۆشەیدایی)، ببێت ئەوا کاریگەرییەکەی زیاترە و تاکی نەخۆش و سادیست، زیاتر خەڵک و کەسانی دەورووبەری ئازار دەدات.

چێژێک کە کەسی سادیست لە ئازاردان بە خەڵک وەریدەگرێ، بە ڕادەیەک زۆرە کە وای لێدەکات، بۆ چێژوەرگرتن، ڕەحم بە کەسانی نزیک و تەنانەت تێکەڵ بە ژیانی خۆشی نەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت