بەرێوەچوونی ڕێپێوانی چەکدارانە بە دژی عەڕەبستان لە ئێران

0
847

بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕێپێوان و هەڕەشەکانی ئێران بە دژی عەرەبستان و لە دوای لەدار درانی شێخ نەمر لە لایەن ئەو وڵاتەوە، بەردەوامن و پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.

هەر لە درێژەی ئەو ڕێپێوانانەدا، ڕۆژی سێ شەممە ١٥ی بەفرانبار لە شاری ورمێ رێپێوانێک بە دژی سعوودیا بەڕێوە چوو کە لەگەڵ ڕێپێوانەکانی تر جیاواز بوو. لەو ڕێپێوانەدا ئەژمارێکی بەرچاو لە بەشدارانی ڕێپێوانەکە، چەکیان هەڵگرتبوو.

بە گوێرەی پلاکاردەکان، زۆربەی بەشدار بووانی ڕێپێوانەکە، ئەندامانی پایەگا بەسیجیەکانی شاری ورمێ بوون.

شایانی ئاماژەیە کە ئەو چەشنە ڕێپێوانە بە پێچەوانەی یاساکانی کۆماری ئیسلامین. بە پێی ڕێسای ٢٧ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆبوونەوە و ڕێپێوان، بێ چەک و بەو مەرجە کە لەگەڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلام ناکۆک نەبێ، ئازادە.

شایانی باسە کە ڕۆژی شەممە ١٢ی بەفرانباری ئەو ساڵ، شێخ نەمر باقر ئەلنەمر، مەلای شیعە لە لایەن سعوودییەوە لە دار درا و هەر ئەو شەوە لە لایەن تاقمێک لە ئێرانییەکانەوە، سفارەتی عەرەبستان لە شاری مەشهەد ئاگر درا کە ئەوەش ناڕەزایەتی و دژکردەوەی زۆرێک لە وڵاتانی لێکەوتەوە و چەند وڵاتی عەڕەبی وەک سودان، بەحرەین، ئوردۆن و ئیمارات و جی بووتی، پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران پچڕاند.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت