بەربژێری خەڵاتی ماملێ ٢٠١٦ دەستنیشان کرا

0
1572

بە پیی باوی “مەڵبەندی هونەریی ماملێ” کە هەر ساڵ هونەرمەندێک وەک هونەرمەندی ساڵ بەربژێر دەکات، ئەمساڵیش بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک ناوی پێشنیارکراو لە لایان دڵسۆزان و خەمخۆرانی بواری هونەرییەوە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی زۆر فاکتەری گرنگ و شرۆڤەکردنی خاڵی جۆراوجۆر، ئەو کۆمیتەیە “تیپی مۆسیقای سلێمانی” وەک کەسایەتی هونەری ساڵی ٢٠١٦ی زایینی بەربژێر کرد.
مەڵبەند وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە “تیپی مۆسیقای سلێمانی” سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازێت و سەری ڕێزش بۆ هەموو ئەو هونەرمەندانەی کە لە گەشەکردنی ئەم گرووپەدا بەشدار بوون و شەونخوونیان بۆ کێشاوە دادەنوێنێ. هەروەها سپاسێکی بەتین ئاراستەی کۆمیتەی بەربژێرکار دکات کە بە دڵسۆزییەوە، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، بە ووردی و بێ‌لایەنانە شیکاری و شرۆڤەی کاندیدەکانی کرد.

logo-kalapur
هۆکارەکانی ئەم بژاردەیە لە لایان کۆمیتەوە بۆ ئەم خاڵانەی ژێرەوە گرێدراوە کە گرووپی مۆسیقای شاری سلێمانی لە ماوی زیاتر لە پەنجا ساڵ دەستەبەری کردوون:

١- هەوڵدان بۆپێشخستنى هونەرى مۆسیقا و گۆرانى کوردی بە شێوازێکى زانستیانە.
٢- رۆڵى بەرچاو و گرنگیان لە پێشکەشکردن و نوێکاری لە سروودی کوردى دا.
٣- داهێنان و گەشەپێدان بە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان.
٤- هەوڵدان بۆ سڕینەوەی نەوای عەرەبی لە گۆرانی کوردی. هەروەها نیزیککردنەوەی مۆسیقای کوردی یا [لانی کەم] دەڤەری سلێمانی بۆ سەر ڕەگی رەسەن و کوردانەی خۆی. (مەبەست ئەم نەوا، مێلۆدی و شێوازە موزیکاڵەیە کە ڕژێمەکانی پێشووی بەغدا لەژێر سێبەری سیاسەتی چەوتی سڕینەوەی کورد بەسەر کوردی باشووردا دەیسەپاند و تێکەڵاوی موزیکی کوردی کرابوون).
٥- ئامادەکردن، دابەشکردن، بەکگراوند و کارکردن لەسەر شێوازى کۆرال.
٦- بەکارهێنان و تێکەڵکردنی ئینسترۆمێنتە میللى و رۆژئاوایـیەکان بە مەبەستی رازاندنەوە و جوانکردنی مێلۆدی کوردی.
٧- هاندان و پێگەیاندنى توانا و روخسارە نوێیەکان و ناسناندنیان بە دونیای هونەری کوردی بە جۆرێک کە ئەوانیش بە پێی توانای خۆیان بوونەتە وێنەیەکی جوان بۆ گەشەی گۆرانی و مێلۆدی کوردی.
٨- بەرهەمهینانی دەیان گۆرانی و سرودی هەرمان.
٩- بوون بە هاندەر و پشتیوانی ژنان و کچانی کورد، بۆ بەشداری و خۆپێگەیاندنیان لە گۆڕەپانی موزیک و گۆرانی کوردی.
١٠- بەهاوکارى ئەندامانى ئەم تیپە یەکەمین تیپى مۆسیقاى تایبەت بە کچانى سەربە ئامادەیی سلێمانى درووست بووە کە لە ئاستی خۆی دا لە کوردستان و تەنانەت لە ناوچەکەش دا بە کارێکی دەگمەن و پێشکەوتووانە پێناسە دکرێت.
١١- لە درێژایی زیاتر لە پەنجا ساڵ تەمەنی هونەری خۆیان دا زیاتر لە سێسەد(٣٠٠) هونەرمەند لەم کرووپەدا بشدار بوون و ئەزموونیان لێ وەرگرتووە.
١٢- پەروەردەکردنی چەندین ئاوازدانەری هەڵکەوتووە کە بەرهەمەکانیان وەک شاکار لە مۆسیقاى کوردى پێناسە دەکرێن.
١٣- وەک گرووپی ماک و دەوڵەمەند لە بواری زانستییەوە، بە مەبەستی گەشەکردن و برەودان بە شێوازە جیاوازەکانی مۆسیقای کوردی، لەرووى هونەرى ومەعنەویەوە، هاوکارى گەلێک تیپ و گروپی مۆسیقا بووە و هەیە.
١٤- هەر لەسەر دەستى ئەندامەکانیدا، گەلێک تیپی مۆسیقای منداڵان دامەزران و بۆ پەروەردەکردنی مناڵە لێهاتووەکان بێوچان و بە ڕۆحی نەتەوەیی تێکۆشاون. (تیپی نەورۆز- تیپی پیرەمێرد – تیپی دیلان – تیپی شێخ مەحمود).
مەڵبەندی هونەری ماملێ بە شانازییەوە خۆی بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتی٢٠١٦ی ماملێ بەم گرووپە تێکۆشەرە ئامادە دەکات و بەختەوەرە کە دەرفەتی ئەوەیان رەخساندووە تا لە ئاستێکی تەسکدا بە پێی تواناییەکانی خۆی ڕێز لە خەباتی چەندین دە ساڵەی ئەم هونەرمەندانە بگرێت. مەڵبەند ئاواتەخوازە تا بۆنەیەکی گونجاو بۆ پێشکەشکردنی ئەو خەڵاتە لە سلێمانی پێک بهێنیت. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار وایە، بە هاوکاری بەڕێوبەرایەتی کەلەپووری کورد، سەر بە وەزاڕەتی ڕۆشنبیری لە سلێمانی، رێکەوتی شەممە ٣ی ڕێبەندان کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی تەوار، ڕێوڕەسمێکی شایان بەڕێوە بچێت.

Xelati-Mamle1
پێویستە ئاماژە بەم خاڵە بکەین کە وەک هەموو ساڵەکانی پێشوو دەرگای هۆڵی بۆنەکە کراوەیە و هاتن بۆ هەمووانە. ئەو کەسانەی کە دڵیان بۆ هونەر و گۆرانی کوردی لێدەدات دەتوانن بە بێ بەرنابەر بەشداری بۆنەکە بن و خۆیان بە خانەخوێ بزانن و مەراسیمەکە بە هاتنی خۆیان جوان و ڕازاوەتر بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت