بێ هیوایی بە شۆڕش یان باوەڕمەندبوون بە رێفۆرم لە ئێران ؟!

0
633

نووسەر: هەیبەت کامەرانی پوور

بە بەڕێوەچوون و کۆتایی هاتنی خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە ئێراندا، پرسی بەناو هەڵبژاردن بۆ جارێکی دیکه کەوتۆتە ڕۆژەڤەوە وبۆ جارێکی تر  دەرفەتی مانۆڕدانی بۆ حکوومەتی ئیسلامی دەستەبەر کردۆتەوە.

مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران یەکێک لە سەرەتاییترین مافە سیاسییەکانی هەر تاکێکە. کاتێک باسی هەڵبژاردن دەکرێت، یەکەم شت کە بە مێشکی هەر تاکێک دەگات، دێموکراسی و مافی چارەی خۆنووسینە. واتە هەڵبژاردن وێنەیەکەی مێشکیمان بۆ دروست دەکات لە دێموکراسییەت.هەڵبژاردن بەرهەمی دێموکراسییە و لە شوێنێک کە دێموکراسی بوونی نەبێت، هەڵبژاردن واتای سەرەکیی خۆی لەدەست دەدات.

هەڵبژاردن بەستێنی بەشداریی هەموو تاکەکانی ئەو ناوچەیە کە هەڵبژاردنەکەی تێدا بەڕێدەچێت، دەستەبەر دەکات.  ئەو پێناسەیە لە حاڵەتێکدا  درووستە کە مافی هەڵبژاردن و مافی هەڵبژێردران بە شێوەیەکی ئازادانە بە هەموو تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایه بدرێت و پێویسته بەڕێوەبەری هەڵبژاردن دەرفەتی بەرابەر و یەکسان بۆ هزر و ڕوانگە جۆراوجۆرەکان دابین بکات، ئەمەش پێویستی بە دێموکراسیە و لەو دەسەڵاتانەدا کە دیکتاتۆرن، ئەو خەنەیە هیچ ڕەنگێک ناداتەوە.

لە جیهانی ئێستادا کۆمەڵێک حکوومەتی دیکتاتۆر بوونیان هەیە و هەموو تایبەتمەندییە سەرەکی و لاوەکییەکانی دیکاتۆربوونیان تێدا بەدی دەکرێت. ئەوەی کە جێگای سەرنجه، پرسی هەڵبژاردن لەو جۆرە حکوومەتانەدایە کە بە بەرێوەبردنی هەڵبژاردنێک کە هیچ یەک لە تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردنی ئازادی تێدا نابیندرێت دەیهەوێ ڕەوایی خۆی بە دنیای دەرەوە نیشان بدات.

بەم پێیه بۆمان دە دەکەوێت کە یەکەم خاڵێک کە لە هەڵبژاردنێکدا جێگای سەرنجه، شێوازی بەڕێوەچوونی ئەو حکوومەتەیە کە ئەو هەڵبژاردنەی تێدا بەڕێوەدەچێت، واته ئەگەر هەڵبژاردن لە حکوومەتێکی دیکتاتۆردا بەڕێوە بچێت، جەوهەری سەرەکیی خۆی لەدەست دەدات ،چونکە لەو جۆرە حکوومەتانەدا دەسەڵات یەک رێگا لەبەردەم خەڵک دادەنێت و تەنیا ڕێگایەک کە خەڵک دەتوانن پێیدا بچن ئەو رێگایەیە کە دەسەڵات بە ویست و دڵخوازی خۆی دایناوە، کەواته، لێرە هەڵبژاردن ناوەڕۆک و جەوهەری سەرەکیی خۆی لەدەست دەدات.

حکوومەتە دیکتاتۆرەکان بە شێوەیەکی ئاگایانە بەناوهەڵبژاردنێک لە کۆمەڵگای ژێردەسەڵاتی خۆیاندا بەڕێوەدەبەن و لەو ڕەوتەشدا هیچ بۆیان گرینگ نیه کە کێ و یا چ لایەنێک سەرکەوێت و براوە بێت، چونکەدەرچووان هەر کەس بن، لە پێشووتر لە فیلتەری حکوومەت تێپەڕیون و بە قبووڵ کردنی ناوەرۆکی حکوومەت توانیویانه مافی هەڵبژێردران بە دەست بێنن، کە واتا هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان دەرچوان و ڕەنگ و ڕوخساریاندا بۆ ڕژێمی دکتاتۆر، لە ئارادا نیە.

یەکێکی تر لەو پرسانە کە لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکاندا دێته ئاراوە، دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنە.  ئۆپۆزسیون ئەو هێزەیە کە ناوەرۆکی سیستەمی حاکمی پێ قبووڵ ناکرێت و لەڕێگای ڕێکخستنی کۆمەڵگا، لە هەوڵی ڕووخانی دیکتاتۆرییەت و بنیاتنانی سیستەمێکی دێموکراتیکە . ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکان دائەو بەرەیەیە کە بە تەواوەتی دژایەتیی حکوومەتی دیکتاتۆر دەکات و ئامانجی ئازادی و دێموکراسی بۆ هەموو کۆمەڵگایه نەک تەنیا بۆ چینێکی تایبەت.

شێوە ئۆپۆزسیۆن لە کۆمەڵگا ژێردەسەڵاتەکانی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان کە لە واقیعدا لە خزمەتی دیکتاتۆرییەتی حکوومەتدان، یەکێک لەو خاڵانەیە کە جێگای سەرنجه. ئەو شێوە ئۆپۆزسیون بوونە، ئامانجدارە و دارەدەستی حکوومەتە دیکتاتۆرەکەیە و دەتوانێ یەکێک لە گەورەترین خەسارەکانبێت  بۆ ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و دژبەرانی راستەقینەی حکوومەت.

شێوەئۆپۆزسیۆن، خۆی دەخزنێته نێو ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و کاریگەریی نەرێنی دادەنێت و پاشانیش خۆی بە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی پێناسە دەکات.  ئەم بەناو ئۆپۆزسیونه کە سیاسەتی خودی حکوومەتە، دەتوانێ چەندین توێ و بەش لە ئۆپۆزسیۆنە راستەقینەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و بەو شێوەیە خەسار بگەینێتە ئۆپۆزسیونی ڕاستەقینە.

تاکوو ئێستا باسی هەڵبژاردن، چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، سیستەمی دیکتاتۆرییەت و ئۆپۆزسیونمان ورووژاندووە.  لێرەدا بە پێداگریی لەسەر دیکتاتۆربوونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەپڕژێینە سەر بابەتی هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئسلامی و دەوری شێوە ئۆپۆزسیۆن لە بردنە پێشی سیاسەتەکانی ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرەدا.

یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی شبهە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئێراندا، گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردنە و بە شێوەیەکی ئاگایانه نەوت بە ئاگری هەڵبژاردندادەکەن  و بە هەموو شێوەیەکو  بە فەرمانی حکوومەت لە هەوڵی بەشدارکردنی زیاتری خەڵک لە هەڵبژاردن دان و بەو شێوەیە ڕوو بە دنیای دەرەوە بڵێن کە حکوومەت ڕەوایی خۆی لەدەست نەداوە.

بە سەرنجدان بەو راستییەی کە حکوومەتی دیکتاتۆر ناتوانێت تاکەکانی کۆمەڵگای ژێردەسەڵاتی خۆی لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان ئازاد بکات، بۆمان دەردەکەوێت کە بەشداری لە هەر چەشنە شتێک کە حکوومەت بەسوودی خۆی و بۆ شانتاژ کەڵکی لێوەربگرێت کارێکی هەڵەیە و تەنیا و تەنیا رەوایی دان بە حکوومەتە

کاتێک باسی هەڵبژاردن لە ئێران دەکرێت، دەوری سێ بەرە، زەق دەبێتەوە و لێرەدایه کە حکوومەت، ئۆپۆزسیۆن و شێوە ئۆپۆزسیۆن کە لە ئێراندا هەمان رێفۆرمخوازەکانن و هەرکام بە شێوەیەک چالاکییەکانی خۆیان دەنوێنن.  لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی دیکتاتۆری ئیسلامیدا، ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و پڕ بە واتای وشەکە بەهۆی توند و تیژی حکوومەت لە ئێران پاشەکشەی کردووە و لە شاخ و چیاکانی کوردستان جێگیر بوون و مافی چالاکیی فەرمییان لە ئێراندا پێ نادرێت، هەر بۆیه لێرەدایه کە شێوە ئۆپۆزسیۆنی بەناو رێفۆمخواز بە رێبەریی مووسەوی، خاتەمی، رەفسەنجانی و کەڕۆبی لەلایەن حکوومەتەوە بە مەبەستی دیاریکراو روو لە واقع دەکەن و بە شێوەیەکی ئاگایانه خزمەت بە حکوومەتی دیکتاتۆر دەکات و سیاسەتەکانی بەرەوپێش دەبات.

ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنج و تێڕوانینه بوونی کۆمەڵێکی دیکە تاکی ئازادیخوازی ناو کۆمەڵگایه کە نایانەوێ لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی کە لە ئێراندا حیزبە کوردییەکانن – تێبینی: هەموو حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە بەهەژمار نایەن – چالاکی بکەن و پێکهاته شکێن نین و لە هەوڵی ئەوەدان کە لە رێگای یاسای پەسندکراوی حکوومەتەوە لانیکەم مافێک بە دەست بێنن.

باسی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران کەوتووەتە رۆژەڤ و رۆژانە لە ماڵ، کۆڵان، قاوەخانه و دنیای مەجازی و …هتد باسی لەسەر دەکرێت. بیروڕوکان جیاوازن و رای جیاواز به نیسبەت هەڵبژاردنەوە دوو بەرەی سەرەکی پێک هێناوە. ئەو بەرەیە کە ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و پێکهاتە شکێنن و پێیان وایه کە لە چوارچێوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا مافی هیچکام لە گەلانی ئێران وەدەست ناخرێت و پێداگری دەکەن کە بایکۆتی هەڵبژاردن باشترین رێکارە.

بەرەی دووەم کە خۆیان لە چەندین دەستە وەکوو بناژۆخواز و رێفۆرمخواز پێک هاتووە، پێیان وایه کە بەشداری لە هەڵبژاردن نەتەنیا ماف بەڵکوو ئەرکە.

ئەوەی لێرەدا روونە ئامانجی بەرەی دوومە لە بەشداری پێکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن و دەیانهەوێ کە خەڵک لەو تاقەرێگایەی کە حکوومەت لەبەرپێی ناون هەنگاو هەڵێنن و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی شبهە ئۆپۆزسیۆن بازە بۆ هەر چەشنە چالاکیەکی تەبلیغاتی هەڵبژاردن.

لە واقیعی کوردستانی ئێراندا، کۆمەڵێکی بەرچاو چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی نیشتمان پەروەر بوونیان هەیە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبەکاندا چالاکی ناکەن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەتوانن لە چوارچێوەی هەر ناوێکدا بۆ نموومە رێفۆرمخواز بن دەتوانن چالاکی بکەن و تەنانەت بچووکترین مافیش لە حکوومەت بستێنن.

ئەم چالاکانەی ناوخۆی کوردستانی ئێران کە زۆربەیان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی دژ بە حکوومەتدان، بە هۆی کەمڕەنگ بوونەوەی شۆڕش لەم چەند ساڵەی دواییدا بە رواڵەت روویان لە رێفۆمخوازەکان کردە و لە هەوڵی ئەوەدان کە بە هەر شێوەیەک بووە بتوانن بە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران خزمەت بکەن.

ئەو پرسیارەی کە لێرەدا دێته ئاراوە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا کە یاسا بنەڕەتییەکەی دژ بە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کوردە، مافی کورد بستێندرێت؟ دەمێکە ئەم پرسیارە روو بە رێفۆرمخوازەکانی کوردستان کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە دادەنێن ورووژێندراوە بەڵام تاوەکوو ئێستا وڵامێکی روون نەدراوەتەوە کە منی پێکهاتەشکێن و ئۆپۆزسیۆنی بە قەناعەت بگەینێت.

کۆمەڵێک کەس هەن کە سەرەڕای بێهیوابوون لە پێکهاتنی گۆڕان لە حکوومەتی ئیسلامی، لەسەر بەشداری لە هەڵبژاردن پێدا دەگرن و دەڵێن کە بایکۆت رێکارێکی باش نیه و هیچ دەستکەوتێکی بەدواوە نابێت، بۆیه خەڵک پێویسته بەشداری بکەن لە هەڵبژاردن و دەنگی خۆیان بەو شێوەیە بەرز بکەنەوە.

لایەنگرانی تێزی بایکۆتی هەڵبژاردن لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەڵبژاردن لە ئێران تەنیا شانۆیەکە و بەو شێوەیە حکوومەت دەیەوێ روو بە دنیای دەرەوە رەوایی خۆی نیشان بدات، بۆیه بایکۆتی هەمەلایەنەی ئەو شانۆیه بە ئەرکی هەموو دژبەرانی حکوومەت دەزانن.

ئەو کەسانەیش کە باوەڕیان بە بایکۆت نییە دەڵێن کە پێویسته خەڵک بە خۆپاڵاوتن و دەنگدان لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن، هەڵبژاردنێک کە بەڕای لایەنگرانی بایکۆت ئینتساباتە و شانۆیەک زیاتر هیچ نیه.

خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لە چوارچێوەی حکوومەتدا چالاکی بکەن ئاستی مافەکانیان نزم کردووەتەوە و تەنانەت باسی مافە سەرەکیەکانی گەلی کورد کە بەبڕوای بەرەی پێکهاتەشکێن مافی چارەی خۆنووسینە کەوتووەتە لاوە و باسی لێوە ناکرێت. لایەنگرانی بایکۆت ئاستی داخوازەکانیان کەم ناکەنەوە و جەوهەرەی سەرەکیی داخوازەکانیان مافی چارەی خۆنووسین و دێموکراسییه کەچی دژبەرانی بایکۆت بە ئیجرای ماددەی 15 و نۆژەنکردنەوەی ئاسفاڵتی شەقامەکان و … کۆمەڵێکی دیکه داخوازیی لاوەکی رازین.

لایەنگرانی بەشداری لە هەڵبژاردن کە لەم بابەتەدا مەبەست ئەو چالاکە کوردانەیە کە دەیانەوێ بە خۆپاڵاوتن و بەشداریی خەڵک لە هەڵبژارنەکان لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، لەسەر ئەو بڕوایەدان کە دەتوانن بە هەبوون لە مەجلیس دەتوانن لانیکەم مافێک بەدەست بێنن کەچی بایکۆتکەران ئاستی داخوازییەکانیان کەم ناکەنەوە و ئەو مافانەی کە لایەنگرانی بەشداری باسی دەکەن بە وردەماف دەزانن و پێیان وایه نزمکردنەوەی ئاستی داخوازەکان جێگای قبووڵ نیه بۆ گەلی کورد کە زیاتر لە 70 ساڵه نرخ و خوێنی بۆ ئەدات.

بایکۆتکەرانی پرۆسەی بەناوهەڵبژاردن هەبوونی فیلتەری شۆرای نیگابان و تەئید سەلاحییەت وەکوو سڕینەوەی جیابیرەکان دادەنێن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەوەی لەو فیلتەرە تێپەڕ بووبێ کۆمەڵێک خاڵی واژۆ کردووە کە یەکیان ئیلتزام بە ئیسلام و حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانه و باوەڕمەندبوون بە یاسای بنەڕەتی و ئەسڵی ویلایەتی موتڵەوەی فەقیهە؛ کەوابوو هەر تاکێک کە ئەو نووسراوەیەی کە 6 خاڵی تێدایه واژۆ کردبێ چۆن دەتوانێت بۆ ویست و داخوازییەکانی خەڵک کە بەدەستهێنانی مافەکانیانە هەنگاو هەڵێنن؟!

چالاکانی ناوخۆی کوردستانی ئێران کە لە لایەنگرانی بەشداری لە هەڵبژاردنن دەڵێن: پێویسته لە زەرفییەتەکانی ئیمکانی چالاکی کەڵک وەربگیردرێت، نابێ دەست لەسەر یەک بندرێت و پێویسته هەر تاکێک لە شوێنی خۆیدا چالاک بێت و بەرەو بەدەستهێنانی مافەکانمان هەنگاو بنێین جا لە ژێر حەر ناوێکدا بێت. ئەوان خەباتی چەکداری و سیاسیی حیزبە کوردییەکانیان بەلاوە پیرۆزە بەڵام لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەتوانن لە دەرەوەی بازنەی حیزبەکان تێبکۆشن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە چوارچێوەی حکوومەتدا. پێکهاتەشکێن نین و بێ هیوایی لە شۆڕشی حیزبە کوردییەکان ئەوانی بەرەو رێفۆرم پاڵ ناوە. ئەم کەسانە بە کەم قانیعن و ئاستی داخوازییەکانیانی خەڵک دادەبەزێنن. لایەنگرانی بەشداریی لە هەڵبژاردن بایکۆت بەباش نازانن و هاوکات زۆربەشیان ئەو پرۆسەیه بە شانۆ ناو دەبەن و دەزانن لەو رێگایەی حکوومەت دایناوە لەحاڵی حەرەکەت دان.

لایەنگرانی پێکهاتەشکێنی و بایکۆتی هەمەلایەنە پێداگری دەکەن: لە چوارچێوەی سیستمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی هەموو هەلبژاردنێک شانۆگەری و بە لارێدابردنی ئەفکاری عمومی و ئەبزاری کردنی خەلکە بە مەبەستی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و بابەتی رێفۆرمی رووکەشیش بێ واتایە لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا ململانیەک لە نیوان لەیەکانی دەسەلات هەیە لە سەر حیسابی ئینرژی خەلک و ئاکام و داسەپاندنەکان لە سەرەوە تەراحی دەکرین هیوای رەوتی پاشکەوتوو و پۆپۆلیستی رێفۆرم شتێک نیە جگە لە بە لارێدابردنی داخوازییەکانی خەلک . کۆماری ئیسلامی دژبەری هەموو مافێکی گەلی کوردە . بایکۆتکردنی ئەو سیستمە باشترین رەوشە بۆ بەرپەرجدانەوەی دیکتاتۆری.

تێبینی: بۆ نووسینی ئەو بابەتە کەڵک لە وتووێژی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ژووری راوێژ لە تلێگرام، ڕێکەوتی شەشی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، وەرگیراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت