بێرنارد کۆشنەر: ئێستا لەبارترین کاتە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و من پشتگیری لێدەکەم

0
1322

بیرنارد کۆشنەر، هاوڕێی لەمێژینەی کورد و دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، جارێکی تر دووپاتەی کردەوە کە  هەرێمی کوردستانی باشوور، ئێستا زیاتر لە گشت کاتێک بۆ سەربەخۆیی ئامادەیە. کۆشنەر پێشتریش لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەو خاڵە کردبوو و گوتبووشی “دۆخ ئامادەیە ماوەتەوە خودی کورد”.

ڕۆژی کورد: بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەوە بەوە دەکات “من زیاتر لە 50 ساڵە چاوەڕێی ئەم قسانە دەکەم تاوەکوو لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە بیکەم.”

بەپێی هەواڵی باس نیوز، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە 2016 -12- 15 بێرنارد کۆشنەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەڕانسە، لەمیانی وتارێکدا لە کۆنفرانسی “سەربەخۆیی کوردستان.. دەرفەت و ئاستەنگ”  لە شاری دهۆک لە کوردستانی باشوور، گوتی: ” ئێستا ساتی ئەوەیە کە گوێ لە ویستی گەلی کورد بگرن.”

کۆشنەر لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی خۆشەویستیم بۆ هەموو کورد هەیە و زیاتر لە ٥٠ ساڵە چاوەڕێی ئەم قسانە دەکەم تاوەکوو لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان بیکەم.”

ناوبراو لە درێژەدا گوتی: “کاتێک پشتگیری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیەکی وەکوو کورد دەکەی، پێویستە یاسای نێودەوڵەتی دەستکاری بکەی، یان پرسیار لە ڕای گەل بکرێت، بزاندرێت کە ئایا چارەنووسیان چۆن دەبێت؟.

ئێستا دەمەوێت باسی یاسای نێودەوڵەتی بکەم، سنووری زۆر هەیە لەو یاسایەدا، سنوورەکان ناتواندرێت بگۆڕدرێت، هەمووی بە وردی دیاری کراوە، کاتێک ئەو سنوورانە دەگۆڕیت، زۆر زەحمەتە لەلایەنی دیکەوە، لایەکی دیکەت لێ هەڵدەستێتەوە. شایەتحاڵی زۆر ئەو سنوورلادەرانە بووم، لە ئەفریقیا زۆر قسە هەبوون کە نابێت سنوورەکانی کۆڵۆنیاڵ بگۆڕدرێت، بەڵام لە ئەسیوبیا و سووودان کرا، ئەوکاتە قەدەغەبوو بیر لە گۆڕینی سنوورەکان بکرێتەوە، ئەوە تاکە ڕێگە بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کوشتارییەکان بۆ گوێگرتن لە خەڵک. “

بۆیە باشترین ڕێگە تا ویستی خەڵک جێبەجێ بکەین، بۆ ئەوەی ببینە وڵات، دەبێت لە ڕیگەی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت. ڕەنگە ئەمە تاکە ڕێگە نەبێت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو. دەکرێت تۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بپرسیت و دەبێت ئامادەبیت، ڕێگەکەش زەحمەتە.

لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئەمە ئەو ساتەیە، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو سنوورانەی دیاریکراون، لەلایەن داگیرکەرانەوە کراون. من خۆم وەک وەزیرێکی دەوڵەتی فەڕەنسا نەخشە ئەسڵییەکەم هەبوو کە کاتی خۆی سایکس بیکۆ دیارییان کرد. ئێستا دەزانین خەڵکی ئەو ناوچەیە لەو هێڵانە ناگەن، لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی سووریا.

ئێستا خەڵکەکە ئامادەیە گوێ لە ویستی گەل بگرێت. بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵک کە دەنگی گەلی کوردە، ئەوان ئامادەن.

کاتێک باسی پرسی کورد دەکەی، خەڵک هەمووی گوێ دەگرێت. ئێستا ساتی ئەوەیە کە گوێ لە ویستی گەلی کورد بگرن، ئێوە خەبات دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی باڵانسی ڕەگەزی و مافەکانتان، لەپێناو ئازادیی ئایینی، لەپێناو جیاکردنەوەی ئایین و حوکمڕانی، ئەمانە ئەو بەها گرنگانەن کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت پێویستە.

بۆیە پێموایە ئەمانە هەمووی لە ئەورووپاش هەموو چاوەڕێن لە کوردستان شتێکی گەورە ڕوو بدات. شتێک کە پەیوەندی بە دیموکراسیی ئەورووپا و ئەمریکاوە هەیە.

هیچ ساتێکی گونجاو و خراپیش نییە، تەنیا یەک سات هەیە کە ڕاستییەکە بە هەموو جیهان بدرکێنی.  ئەمە ئەو ساتەیە کە ویستی گەلی کورد ڕابگەیەندرێت لەم ناوچە دژوارەدا.

کاتێک داگیرکەران ئەم سنوورانەیان دیاریی کرد کە پێی دەگوترێت سنوور، وایانزانی سەرەتای دیموکراسییە، بەڵام ئێستا ئەو ساتەیە کە پێویستە ئەو سنوورانە لابدرێت و بەسەریدا باز بدرێت. لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ئەو هەزاران کەسەی بینیومن، پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. دەتوانن پشت بە زۆر خۆبەخش ببەستن کە پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەکەن.

لە درێژەدا گوتیشی “ئێمە باس لە کوردستانی عێراق دەکەین، وەک نموونەیەک بۆ داهاتوو. ئێوە بە تەنیا نین، کوردانی سووریا، ئێران و شوێنی دیکە هەن، من نامەوێت باس لەوان بکەم، چونکە زۆر ئاڵۆزە، کە باسی ئەوە دەکەیت، زۆر پسپۆڕ دێن دەنگ بەرز دەکەنەوە و دەڵێن نابێت ئەو سنوورانە ببەزێندرێت. بۆیە ئەوان دەڵێن ئەگەر ئەو سنوورانە تێک بدەیت، دونیا تێکدەدرێت. بەڵام ئێستا ناوچەکە تێکچووە، دەکرێت ئەو نموونەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەکار بهێنیت. “

کوردستان ئێستا پارچەیەکی سەقامگیرە لە ناوچەکە و یەکێک لەوانەی پشتیوانیی سەربەخۆیی دەکات، منم.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت