بۆ پێکهاتەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێویستی بە گۆڕانکارییە؟

0
1133

شرۆڤەی ڕۆژی کورد

خەباتی کورد بەتایبەتی لە کوردستانی خۆرهەڵات، زۆرتر سەردەمانێک هەڵیداوە کە دەسەڵاتی ناوەندی تووشی لاوازی و قەیران بووە، لێرەدا کورد ویستوویەتی لە کەمترین ماوەدا، زۆرترین دەستکەوتی بێت. ڕەوتی ڕووداوەکان، نەبوونی کەرستەی پێوەندی و تێچووی زۆر، وایکردووە، پێکهاتەی حیزبە کوردییەکان و هەروەها شێوەی بەڕێوەبردنی کارەکان و تەنانەت ڕاکێشانی ئەندام و وەرگرتنی پێشمەرگە و گەیشتن بە پلەکانی حیزب، تا ڕادەیەک کەموکوڕی پێوە دیار بێت، کەموکوڕییەکانیش بە گۆڕانی شێوەی خەبات، پاسیوبوونی حیزبەکان و کشانەوەیان بۆ کوردستانی باشوور، زۆربوونی کەرستەی پێوەندی، هاتنە ئارای هەندێ شێوەکار کە تێچووەکان کەم دەکاتەوە و هەروەها گۆڕینی نەوەکان و هاتنە ئارای چینی بەرچاوی خوێندەوار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئیتر بەرچاوتر لە پێشوون و چیتر ناتوانن وڵامدەرەوەی نەوە و خەباتی ئێستا بن، هەر ئەوەش وادەکات کە پێویستییەکی حاشا هەڵنەگر بۆ گۆڕینی پێکهاتە (ساختار)ی حیزبەکان، هەبێت، پێویستییەک کە تا ئێستاش هیچ کام لە کۆنگرەی حیزبەکان ئاوڕی لێنەداوەتەوە و دەسەڵات بە شێوەیەکی بازنەیی لە نێوان کەسەکان ئاڵوگۆڕی پێکراوە و ناوچەگەرایی، خۆمە خۆمە، باندبازی و دەیان دیاردەی ناشۆڕشگێڕانەی تری وەک دەرکردنی کەسانی خاوەن قەڵەم و ڕاست وێژ  یان هەڵوێست جیاواز لە بەرەبەری کۆنگرەکان و هەروەها ڕاگواستنی کەسەکان و بڵاوکردنەوەیان لە نیوان ئۆرگانەکانی تر بەر لە کۆنگرەکان، بە ڕادەیەک باوە کە شێوەی سیستەمی حیزبەکانی خۆرهەڵاتی لە سیستەمێکی شۆڕشگێڕەوە کردووە بە سیستەمێکی دیکتاتۆر کە خەریکە بەرەو تاک ناوچەیی بوون و سڕینەوەی ناوچەکانی تر و تەنانەت بەرەو پاشایەتیش دەبا، هەڵدێرێک کە تەنیا بەرەمی، تێوەگلانی کورد و دوورکەوتنەوە لە سەربەستییە.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو باسە، ئاوڕێک لە ڕابردووی حیزبەکان دەدەینەوە. لە ڕابردوودا:

– حیزبەکان لە چیاکانی کوردستان بوون و هێز لە هەموو شار و ناوچەکان هەبوو، ئەوەش وایدەکرد کاتی کۆنگرەکان، هەموو پێشمەرگەکان بۆیان نەبێت و نەتوانن بێنەوە شوێنی کۆنگرە کەواتە نوێنەر دەنێردران، نوێنەرگەلێک کە هیچ بەرژەوەندییەکی تاکەکەسییان نەبوو.

– حیزبەکان لە خەبات دابوون و سەرقاڵی پلان و گەڵاڵە، ئیتر کاتێک بۆ ناوچەگەرایی و خۆمەخۆمە و نان بەقەرزدان نەدەما.

– حیزبەکان بەردەوام کەسی نوێیان بۆ دەهات و کەسانێک کە تواناییان نەبا دەڕۆیشتن، سیستەمی حیزبەکان وەک ئەقیانووس بوو نەک وەک گۆمێکی مەندی نەبزووت.

– تەشکیلاتێکی کەمی حیزبەکان لە دەرەوە بوو و بوارێکی ئەوتۆ بۆ بەرپرسانی حیزبی نەدەڕەخسا کە لە رێگای ناوچەگەرایی و باندبازی لە دەرەوە، دەنگی کەسانێک بۆخۆیان بدۆزنەوە و بدزنەوە کە سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەیان و لەوانەیە هەر نەزانن لە ناو حیزب چ باسە و لە ئوروپا و جیهانی ئازادیش تەنیا کرێکارییەکەیان پێماوە و نەیانتوانیوە خۆ لەگەڵ زانستەکەی بگونجێنن.

– ڕێبەریی حیزب، سیستەمی سزادان و سیستەمی خەڵات کردن و هەروەها بردنە سەری پلە، سیستەمێک بوو کە بە گوێرەی ئەوپەڕی وردبینییەوە کاری دەکرد نەک بە شێوەی حەز و خیاڵ و ئاوات.

کەواتە:

– سیستەمی دەنگ دان بە شێوەی دانانی نوێنەر بۆ کۆنگرەکان ناتوانێ لە ئێستادا وڵامدەر بێ.

– تەشکیلاتی ئوروپا ناتوانێ ئەو دەور و هێزەی هەبێ و بە گوێرەیەک بچتە پێش کە دەوری لە ناوخۆی حیزبەکانیش زیاتر بێت.

– پێوەرەکانی خۆبەربژێرکردن ناتوانێ تەنیا لە ساڵەکانی ئەندام و پێشمەرگەبووندا خۆی کورت بکاتەوە.

ڕێگاچار:

ئەوەی کە وایکردووە حیزبەکان لەو حاڵەتەی ئێستادا بمێننەوە، نەگونجانی پێکهاتە (ساختار)ی ئێستایان لەگەڵ شێوەی خەبات، ویستی کات و سەردەم و زانستی خەڵکە، کە ئەو شێوە پێکهاتەیەی حیزبەکان، زۆرترین کاریگەریی خۆی لە شێوەی هەڵە یان باشتر وایە بڵێین، شێوەی نەگونجاو و نائەوڕۆیی هەڵبژاردن لە حیزبەکان، وەرگرتووە.

هەر بۆیە:

– پێویستە شێوەی هەڵبژاردنی حیزبەکان لەو شێوەی ئێستاوە بەرەو شێوەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و تاکەکەسی بگۆڕدرێت.

– دەنگدان تەنیا لە ناو سیستەمی خودی حیزب و کەسانی ناو ڕیزەکانی حیزبدا ئەنجام بدرێت.

– شێوەی هەڵبژاردنی سکرتێرەکان، بکرێتە شێوەیەکی ئازاد و ڕاستەوخۆ لە کۆنگرەکان دەنگی پێ بدرێت.

– سکرتێرەکان توانایی هێنانە ناو مەیدانی خەباتی کەسانێکیان هەبێت کە کەوتوونە بەر ڕقی شەخسی.

– لە جیاتی ڕەتاندنی خەڵکانی ناوچەیەک، بیر لەوە بکرێتەوە کە چۆنە حیزبێک لە ناوچەیەک کەمتری ئەندام و پێشمەرگە هەیە.

خاڵێکی گرنگ کە تا ئێستاش لەبەرچاو نەگیردراوە:

سیستەمی چاوەدیری و هەڵسەنگاندن (کۆنترۆڵ و ئەرزیابی)، لە ناو حیزبەکانی خۆرهەڵات یان بوونی نیە یان ئەگەر هەیە لاوەکی و فۆرماڵیتەیە. کارنامەی حیزبەکان، ئەندام و بەرپرسان و کومیتە ناوەندی و دەفتەر سیاسییەکانیان لە کوێیە؟ لە ڕووی چیەوە دەنگیان پێدەدرێت؟ بەرهەمی خەبات و ژیانیان چ بووە؟ بەرپرسانی کومیتەکان، کام کارنامەیان هەیە؟ بەرپرسانی تەشکیلاتی حیزبەکان لە دەرەوە، کارنامەی کاریان چیە؟ چۆنە حیزبەکان لە دەرەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، دەستکەوتێکیان نیە؟

کەمکارییەکان، لێپرسینەوەیان لێدەکرێت؟ ئەگەر لێیانکراوە خەڵک ئاگادار کراوە؟ هۆکاری لاوازییەکانی حیزبەکان لە ناوخۆ و دەرەوە چیە جیا لە بەرپرسان؟ ئەگەر بەرپرسان تاوانباری ئەو لاوازییەن، چۆنە لێپرسینەوە نەکراوە؟

کەواتە پێویستە سیستەمێکی چاوەدیری و هەڵسەنگاندنی تۆکمە، بێ لایەن و زانستی لە ناو حیزبەکان پێک بهێندرێت و دەشکرێت تەنانەت کەسانی غەیرەکوردیش لەگەڵ لێژنەکەیان هەبن بەو مەرجە کە زانستی هەڵسەنگاندنی زانستییان هەبێت.

خاڵی گرنگ لێرەدا تۆمار کرانی کار و چالاکیییەکانە و هەبوونی بە شێوەی تۆمارکراو کە هەر کەس لە پلۆنیۆم یان کۆنگرەکاندا، ئەو کارنامەی بخرێتە ڕوو کە دەکرێ ئەوە بکرێت بە خولی یەک ساڵە و لە کۆتایی هەر ساڵ، کارنامەی هە رکەس و ئۆرگانێک ئامادە بکرێت و بخرێتە ڕوو و دادوەری لەسەر بکرێت و لە ئەگەری لاوازیی بەرچاو، کەسەکە وەلابندرێت.

خاڵی کۆتایی:

جیهان بەرەو گۆڕانە، ناوچە بەرەو ئاڵوگۆڕی هەنگاو دەنێت، کورد لە خۆرهەڵات خەریکە دۆخێکی بۆ دەڕەخسێت، تەنیا هێزی بەرچاوی ئامادەی گۆرانکاریش لە ئێران، کوردە کە حیزبەکان تا ئێستاش پێشڕەوی کوردن، لە ئەگەری نەبوونی گۆرانکاریی ئەرێنی لەناو حیزبەکان، هاوکێشەکان بە زیانی کورد دەشکێنەوە و ئەوە جیا لەوەش کە لە داهاتوو و گەرانەوە ناوخۆ، کێشەکان بەرچاوتر دەبن.

باشترین کات بۆ گۆڕانکاری لە ناو حیزبەکان، ئێستایە، ئێستایەک کە دەبا لانیکەم ٤ ساڵ تا ٨ ساڵ لەمەوبەر جێبەجێ کرابا. جێبەجێ نەکرانی لە ئێستادا، زیانێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە کە تەنیا خەڵک خەسارەکەی دەبینێ و بۆشی هەیە، حیزبی نوێ بێنە ئاراوە، چونکە پێدەچێت خۆرهەڵات بەو وزە زانستی و چالاکەی کە هەیەتی، چیتر حەوسەلەی ناوچەگەری، باندبازی، نان بەقەرزدان، پاشایەتی و پاشاگەردانی و خۆمەخۆمە و سڕینەوە و بە حەزی تاکەکەسی دەرکردن و وەرگرتن و لە ئەنجامدا وەدواکەوتن لە دەستەبەربوونی مافەکانی، نەمابێ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت