بۆ جارێکی تر ناوە کوردییەکان سەر دووکان و بازاڕی ورمێ سڕانەوە

0
1496

بە پێی هەواڵی شایەتحاڵیک لە شاری ورمێ ئەوڕۆ یەکشەممە ١١ی ڕێبەندان لە شاری ورمی مەئموورە حکومەتییەکانی ئەو شارە ناوە کوردییەکانی ناو بازاڕ و سەر دووکانەکانی شاری ورمێیان سڕییەوە.

ئەو شایەتحاڵە کە ناکرێ ناوی ئاشکرا بکەین بە ڕۆژی کوردی گوت: مەئموورانی دەوڵەت لە ناو شاری ورمێ، دوکان بە دوکان دەگەڕان و هەر ناوێکی کوردی بەسەر دوکان و بازاڕەکانەوە بایە دەیاندڕاند و دەیانگۆڕی.

ئەو شایەتحاڵە هەر وەها گوتی بەو هۆیەوە فەتاح حاتەمی، یەکێک لە ئەندامانی کوردی شۆڕای شاری ورمێ بەو بۆنەیەوە لەگەڵ مەئموورانی حکومەت تووشی کێشە و تێکهەڵچوون بووە.

حاتەمی داوای دانانی ناوێکی کوردی لەسەر ئەو پارکە نوێیە کردووە کە لە پۆلیس ڕێی مهاباد (ڕێگای ورمێ بۆ مهاباد) ساز کراوە و مەئمووران و بەرپرسانی شاری ورمێش بە تووندی وڵامی ناوبراویان داوەتەوە و لە بەرانبەردا ئەوڕۆ دەستیان کرد بە سڕینەوەی ناوە کوردییەکانی شاری ورمێ.

شایانی باسە کە ئەوە یەکەم جار نیە کە ناوە کوردییەکان لە شاری ورمی و چەند شارێکی تری ئێران قەدەغە دەکرێن و دەسڕێنەوە.

هاوینی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویش شارەوانیی ورمێ بڕیاری گۆڕینی ناوی شەقام و شوێنە گشتییەکانی دەرکردبوو و رایگەیاندبوو کە ئەم گەڵاڵە نوێیە بە بڕیاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەلایەن شۆرای شاری (ورمێ)وە جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها ئیدارەی ڕەگەزنامەی شاری ورمێ بەرگری لە گەلێک ناوی کوردی لەسەر منداڵان دەکات و ئیزنی دانانی زۆربەی ناوە کوردییەکان نادات.

شایانی ئاماژەیە کە هەر وەک لە هەواڵەکانی ڕۆژی کوردیشدا هاتبوو، حەوتووی ڕابردوو پێش بە بڵاو بوونەوەی دوو گۆڤاری “سوور ئاگر”  و “زانین” لە دوو شاری کوردنشینی ورمێ و ماکۆ گیرابوو.

سڕینەوە و قەدەغە کردنی ناوە کوردییەکان لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە هەندێک کەس و لایەن بەشداری لە هەڵبژاردنیان تەحریم نەکردووە و هانی خەڵک دەدەن بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن و وەدەست هێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.