بۆ جاری دووهەم لە بروکسێل خۆپیشاندن بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو

0
789

ڕۆژی پێنجشەممە، 11ژانویە بەرانبەر بە 21ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بۆ جاری دووهەم لە ماوەی ساڵی نوێی زایینیدا، خۆپیشاندانێک لەبەردەم کۆمیسیۆنی ئورووپا، دژ بە سەردانی محەممەدجواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کۆمیسیۆنی ئورووپا و مەحکووم کردنی تاوانەکانی ڕژیمی ئێران دژ بەخەڵکانی ناو ئێران، لەلایەن حیزب و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و کوردستانیەوە، بەڕێوەچوو.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە بلژیک، بەشداربووانی ئەو ڕێپێوانە بە درووشمەگەلی “بڕۆخی کۆماری ئێسلامیی ئێران”، “مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی ئاخوندی”، “زندانییە سیاسییەکان دەبێ ئازاد بکرێن”، “جەوادی زەریف تۆ درۆزنی تۆ درۆزنی” و …هتد،  سیاسەتەکانی ئەو ڕژیمەیان مەحکووم کرد.

لە نێواخنی ڕێپێوانەکەدا پەیامی پارت و کەسایەتییەکانی بەشداربوو لە ڕێپوانەدا پێشکەش کراو بە تێکڕا داوایان لە یەکییەتیی ئورووپا کرد کە پشتیوانیی خەڵکانی ڕاپەڕیو و لێقەوماوی ئێران بن و سیاسەتەکانی ئەو ڕژیمە بەرانبەر بە نەتەوەکانی ئێران مەحکووم بکەن.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری ڕۆژی کورد، ڕاوبۆچوونی دووکەس لە بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانە وەرگرت.

عەلی نیکڕەوش

عەلی نیکڕەوش یەکێک لە بەشداربوانی ئەو ڕێپێوانە ناڕەزایەتیە کە پێشتر زیندانیی سیاسی بووە، لە وڵامی ئەوە پرسیارەدا کە ئامانجتان چییە لە بەشداریکرن لەو ڕێپیوانەدا چیە و بە ڕای ئێوە ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە چەندە کاریگەری لە سەر ئەو باردۆخەی ئێران دەبێ و دەتوانی چەندە ئەو زەختەی کە ئێستا لە سەر خەڵکی ئێران هەیە کەم بکاتەوە گوتی: “من وەک کوردێک کە زیاتر لە هەشت ساڵ لەناو چاڵەرەشەکانی ئەو ڕژیمەدا زیندانیی بووم، ئەمڕۆ بۆ پشتیوانیی لە براو خوشکە کوردەکانم لە کوردستان و سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بەشدار بووم و بەڕای من لە ئەمڕۆدا هەر جووڵە و کردەوەیەک چ لە ناو خۆ و چ لە دەرەوەی ئێران بێت، بێ گومان کاریگەریی خۆی هەیە و بێ ئاکامیش نابن.

ئەو چالاکە سیاسیە کوردە لە درێژەدا گوتی: “ئێمە دەبێ بەردەوام بین و تا شوێنێک لە تواناماندا هەیە بەشداریی ئەم جۆڕە ناڕەزایەتیانە بکەین و پشتی خەڵکی خۆمان بگرین و تا چەسپاندنی سیستمێک کە مافی نەتەوەکانی ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە دابین بکات، کۆڵ نەدەین.”

ناسک نەسیرزادە

ناسک نەسیریزادە، چالاکی بواری ژنان لە وڵامی هەمان پرسیاردا گوتی: ئەو ڕژێمە نزیک بە چوار دەیەیە خەڵک و نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەتیی ژنان سەرکوت دەکات و دەیانچەوسێنێتەوە و هەموو ئازادی و مافێکیان لەو خەڵکە سەندووە. ئێمە داوامان لە یەکییەتیی ئورووپا ئەوەیە، پشتگیریی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەتیی نەتەوەی مافخوراوی کورد بکەن و ئیزن نەدەن نوێنەرانی ئەو ڕژیمە دیکتاتۆر و خوێنمژە ئاوا بە سانایی سەردانی ئەم وڵات و ئەو وڵات بکەن.

ئەو چالاکە ناسراوەی مافی ژنانی کورد، لەسەر کاریگەری و بەردەوامبوونی ڕێپێوانەکان گوتی: “هەر خۆپیشاندێک هەنگاوێکە و هەڵگرتنی هەر هەنگاوێکیش نزیکترمان دەکاتەوە لە ڕووخانی ئەو رژیمە و بۆیە زۆر پێویستە ئێمە بە هیچ شێوەیەک کۆڵ نەدەین و بەردوام بین.”

بڕیارە ڕۆژ شەممە ڕێکەوتی 13/1/2018، بۆ جاری سێهەم، خۆپیشاندان بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بڕۆکسل بەڕێوە بچێت.

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.