بوار ڕه‌خساندن بۆ وتووێژ لە گەڵ ڕژیمی ئیران و پێوەندی چوار پارتی سه‌ره‌كی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە گەڵ کۆماری ئیسلامی

0
1060

ڕۆژی كورد :
عۆمەر ئیلخانیزادە، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە وتووێژێکی تایبەت لە گەڵ
ماڵپەڕی دویچەولە پشتڕاستی کردەوە کە نوێنەرانی چوار پارتی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات لە گەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران چاوپێکەوتن و دیداریان پێک هێناوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی تەمووز عۆمەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی کاتی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێكی له‌ گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی دویچه‌وله‌ی فارسی پشتڕاستی کردەوە کە نوێنەرانی چوار حیزبی سەرەکی و گەورەی کوردی ڕۆژهەڵات بریتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێکخراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شوڕشگێڕانی کوردستانی ئێران، وەکوو ئەندامانی سەرەکی “ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران” لە وڵاتێکی ئەوروپایی لە گەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران دیدار و چاوپێکەوتنیان پێک هێناوە.
ناوبراو کە لە ئێستادا بەرپرسیارەتی و سەرۆکایەتی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی وەئەستۆ گرتووە، نکۆڵی لە قسە و باسەکان نەکرد لە سەر ئەم چاوپێکەوتنانە بە نێوبژیوانی ڕێکخراوێکی نادەوڵەتی نۆروێژی نزیک بە   وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەم وڵاتە بە ناوی نۆرێف ـ ناوەندی نۆروێژی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئالۆزییەکان ـ کە گەیشتووەتە ئەنجام لە نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیون و نوێنەرانی ڕژیمی تاران.
چەند سەرچاوەیەکی نزیک بە حیزبە کوردیەکان باسی ئەوەی کردووە کە لانیکەم لە یەک چاوپێکەوتندا لە گەڵ نوێنەرانی باڵای وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران و نووسینگەی تایبەتی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرانی باڵای ئەم حیزبە کوردییانە ئامادە بوون. بەڵام سەرەڕای ئەوە ئیلخانیزادە لە وەڵامی ئەوەی کە ئەم چاوپێکەوتنانە لە چە ئاستێکدا و لە گەڵ چە بەرپرسانێک بە ئەنجام گەیشتووە، تەنیا ئەوەی باس کرد کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی نۆینەرانێک لە ئاستی باڵا و لە لایەن حیزبە کوردستانییەکانیشەوە نوێنەرانێک لە ئاستی ڕێبەرایەتی ئامادەی ئەم چاوپێکەوتنانە بوون و بەشداریان کردووە. بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لە بارەی ئەم چاوپێکەوتنانە لە گەڵ ڕێبەرانی چوار حیزبی سەرەکی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئامادەی هیچ ڕادەربڕینێک نەبوون و باسی هیچ بابەتێکیان نەکردووە.
بە پێی وتەی چەند سەرچاوەی نزیک لە ڕێکخراوە کوردیەکانی ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردییەکانی ئێران، لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم ناوەندە بڵاوکراوەیەکی فەرمی لەم بارەوە بڵاو بکاتەوە. ئیلخانیزادە لە وتووێژەکەی دا باسی ئەوەی کرد کە وەڵامی ئەرێنی حیزبە کوردییەکان بۆ وتووێژ لە گەڵ ڕژیمی ئێران لە سەر مەسەلەی کوردستان، لە گەڵ داخوازییەکانی کوردەکان هیچ ناتەبابیەکی نیە و هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات نەهاتووەتە ئاراوە.
عۆمەری ئیلخانیزادە ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبە سەرەکییەکانی بزووتنەوی کوردستان لە سەرەتاوە لایەنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان گرتووە، پێشتریش لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ساڵی٢٠٠٠ی زایینی وتووێژیان کردبوو لە گەڵ ئەوەش هیچ کاتێک بنەمای وتووێژ لە سەر بابەتی کوردستانیان ڕەتنەکردووتەوە. ئیلخانیزادە درێژەی پێدا : لە نێوان یەک ساڵ تا یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا لە لایەن چەن کەسایەتی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پێوەندی بە ئێمەوە گیراوە. ئەوان ئەیانەوێت ڕێگاچارەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ بزووتنەوەی کوردستان بدۆزرێتەوە، وەڵامێ ئێمە ئەرێنی بووە و ڕامانگەیاندووە کە ئامادەین بۆ وتووێژ و لە کۆتایی دا ئەم پێوەندییانە ئەنجام درا.
سەرۆکی کاتی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەڵێت : ئێمە چەن مەرجمان بۆ وتووێژ دیاری کردووە. یەکەم مەرجی ئێمە ئەوەیە کە هەر وتووێژێک پێویستە ئاشکرا بێت، مەرجی دووهەم ئەوەیە کە وتووێژەکان لە سەر بابەتەکانی کوردستان بێت و مەسەلەی کوردستان بە فەرمیی بناسرێت لە لایەن ڕێبەر ئایینی ئێران و هەموو ڕێکخراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. مەرجی سێهەمی ئێمە ئەوەیە کە ڕێکخراوێکی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی چاودێری ئەم وتووێژانە بکات. ئیلخانیزادە جەختی لە سەر ئەوە کرد کە بەرپرسانی چوار حیزبی سەرەکی کورد لە ڕەوتی پێوەندی و چاوپێکەوتنەکانیان لە گەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تەنیا تا ئەو ئاستە چوونەتە پێشەوە و لە ڕێگای ڕێکخراوە جێگا متمانەکانی ئاڵمان، نورۆێژ، سوئێد و بریتانیا پەیامەکانی خۆیان بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناردووە. هاوکات ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە کرد تا ئێستا هیچ وتووێژێک ئەنجام نەدراوە و تەنیا کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن بۆ پێکهێنانی دەرفەتی وتووێژ ڕوویداوە.
ناوبراو لە هەمان کاتدا ئەڵێت : ئێمە هێشتا هێچ وتووێژێکمان نەکردووە و ئەم پێوەندییانە کە بە تێکۆشانی لایەنی سێهەم هاتووەتە ئاراوە بە وتووێژ نازانین و ئاماژەی بەوە کرد هەروەک لە چاوپێکەوتنی خۆی دا لە گەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا وتووێژێک لە سەر مەسەلەی کوردستان ئەنجام نەدراوە و ئەوەی تا ئێستا هاتووەتە ئاراوە تەنیا ئامادەکردنی دۆخەکە بووە بۆ وتووێژ و گفتوگۆ.
ئیلخانیزادە سەبارەت بە هاندەری دیداری کۆماری ئیسلامی لە گەڵ حیزبە کوردییەکان ڕایگەیاند : ئێران لە بارودۆخێکی نێونەتەوەیی نالەباردایە و چووتە ناو قەیرانێکی قووڵی ناوخۆیی. کۆماری ئیسلامی لەوەها بارودۆخێکدا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستە مل کەچ بکات بۆ دابینکردنی داخوازەکانی جەماوەر و حیزبە سیاسییەکان و ئەو بزووتنەوانەی بۆ دێموکراسی تێدەکۆشن. سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە داهاتووی وتووێژ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی باسی ئەوەی کرد لە ژێر گوشاری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ئامادەکاریی و هەنگاوی پێویست هەڵگیراوە بەڵام هێشتا کاتی نەهاتووە و ناتوانین لە بارەی ئەم بابەتە بڕیار بدەین. هاوکات هیوادارین ئەم ڕەوتە بە باشی بچێتە پێشەوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ داخواز و ویستەکانی کوردەکان، کرێکاران و بزووتنەوەی جەماوەری ئێران بە باشی هەڵسووکەوت بکەن.
سەرۆکی کاتی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کۆتایی وتووێژەکەی دا لە گەڵ ماڵپەڕی دویچەولە لە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە وتووێژ ئەم حیزبانە لە گەڵ ئامریکا وتی : ئێمە وەکوو حیزبە کوردستانیەکان و ئۆپۆزیسیۆن بە شێوازی جیاواز و بە تەنیایی هاوکات لە گەڵ دەڵەتە ڕۆژئاواییەکان و لە گەڵ دەوڵەتی ئامریکا پێوەندییمان بووە بەڵام تا ئێستا وەکوو ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان وتووێژمان لە گەڵ ئامریکا پێک نەهێناوە بەڵام هیوادارین بتوانین وەها وتووێژێک لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان پێک بهێنین بەڵام هاوکات چاوەڕێین ئامریکاییەکان ئەم دانیشتنانە ڕێک بخەن.
هاوكات له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ پێی راپۆرته‌كان له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی ڕابردوو ڕژیمی ئێران به‌رده‌وام بووه‌ له‌ تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنووریه‌كانی سیده‌كان و ئالانه‌ سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستانی باشوور كه‌ ناوه‌ندی جێگربوونی پیشمه‌رگه‌كانی چه‌ند حیزبی سه‌ره‌كی كوردستانی رۆژهه‌ڵاته‌ وه‌كوو حیزبی دێموكراتی كوردستان(حدك) و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران(حدكا).  تا ئه‌م كاته‌ش به‌ پێی سه‌رچاوه‌كان كچێكی ته‌مه‌ن ١٨ ساڵان كوژراوه‌ و دو برای ناوبراو به‌ توندی بریندار كراون. به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمیی داوایان له‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران كردووه‌ كه‌ تۆپبارانی ناوچه‌ سنوورییه‌كان ڕابگرێت و كۆتایی پێ بهێنێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.