ئه‌رده‌ڵان فه‌ره‌جی : كۆمه‌ڵه‌ بە دوو باڵی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چارەسەری پرسی نەتەوەیی دەفڕێ

0
2323

بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆمەڵە لە کوردستانی خۆرهەڵات و دەست بە چالاکی و تێکۆشان کردنی ئەو حیزبە لە گۆرەپانی سیاسیی کوردستانی خۆرهەڵاتدا، ڕۆژی کورد پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە لە سەرجەم ئەو کەسانەی کە بە جۆڕێک لە جۆرەکان خۆ لەو حیزبەدا دەبیننەوە ده‌كا.

ڕۆژی کورد بەو بۆنەوە، وێڕای سپاس و پێزانین، چەند پرسیاڕێکی ئاراستەی بەریز ئەردەڵان فەرەجی ئەندامی کومیتەی ستۆکهۆڵمی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، كردووه‌ و به‌ڕێزیشیان به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ .

ڕۆژی کورد: كۆمه‌ڵه‌ تا چه‌ند هه‌وڵی لێك نزیك بوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ لێك دابڕاوه‌كانی داوه‌ و ده‌دا ؟

ئەردەڵان فەرجی: ئێمە وەک کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پاش هاتنە دەرەوەمان لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (بە ڕەخنە گرتن لە ئەزموونی ١٧ ساڵ چالاکی پڕاوپڕ و گیانبازی و ماندوونەناسانەی ئەندامان و چالاکانی کۆمەڵە لەو حیزبەدا کە نەیدەتوانی و نەیتوانیبوو_ وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییە سەردەمییەکانی خەڵکی کوردستان بێت وەک خاوەن حیزبێکی سیاسی خاوەن گوفتمان و گوتاری تایبەتی خۆمان و لە سەر ئەساسی جیاوازی بیر و ڕوانینمان بەرامبەر بە ڕووداو و پێشهاتەکانی جیهانی دەورووبەرمان چالاکییەکانمان لە ساڵی ٢٠٠٠ وە لە سەر شانۆی سیاسی کوردستان لە سەر بناغەی ڕەسەنی خۆی دەست پێکردەوە. بێگومان زۆر دڵخوازانە دەبێت کە چالاکان و ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە نزیکەی ٩٩٪ کوردن و کوردستانی دەست لەو حیزبە هەڵگرن و وزە و توانا و هێزیان بخەنە خزمەت کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و هەموو کات خوازیاری پێوەندییەکی دۆستانە بووین لەگەڵ هاوحیزبییە پێشووەکانمان. بەڵام دەربارەی ئەو لایەنانەی کە لە ئێمە لە ساڵەکانی پاش ٢٠٠٧ لە ئێمە جیا بوونەوە پاش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر بۆ یەکگرتنەوە و بێ سوود بوونی ئێستا هەروەک بەڕێز کاک عەبدوڵلا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە ڕایگەیاند ئێمە مەیل و خواستێکمان بۆ یەکگرتنەوە نییە. ئەگەرچی هەر کام لە چالاکان و ئەندامانی ئەوان بە حەز و ویستی خۆی و بە ڕەخنەگرتن لە زیانەکانی ئەو جیابوونەوانە دەتوانن بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پەیوەست بنەوە.

ڕۆژی کورد: تا چه‌ند كۆمه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر ڕێبازی سه‌ره‌كیی خۆی درێژه‌ به‌ كار و چالاكیه‌كانی ده‌دا؟

فەرەجی: دەربارەی ڕێبازی سەرەتای کۆمەڵە ئەوە بە عەرزی جەنابتان ڕابگەیەنم، کۆمەڵە حیزبێکی سیاسییە و بۆ وەڵامدانەوە بە داواکارییە سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و چینی کڕێکار و زەحمەتکێشی کوردستان پێک هاتووە. زۆر ئاشکرایە کە خواست و داواکاری و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان لەماوەی ٤٧ ساڵی چالاکی کۆمەڵە گەلێک گۆڕانکاری بە سەر داهاتووە، زۆر ئاساییە و هەر دەبێ واش بێت کە حیزبێک خۆی بە نوێنەری خەڵک و داواکاری و خواستە سیاسییەکانیان دەزانێت گۆڕان لە سیاسەت و تاکتیکەکانیدا پێک بێت و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ گەلێک تاکیکی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لە بەرنامەکانی خۆیدا پێک هێناوە.

ڕۆژی کورد: هه‌ستی چینایه‌تی له‌ لای كۆمه‌ڵه‌ به‌هێز تره‌ تا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی؟ راتان چییه‌ ؟

فەرەجی: کۆمەڵە وەک حیزبێکی سیاسی کە داکۆکی دەکرد لە مافی چینی هەژار و زەحمەتکێش و کڕێکاری کوردستان پاش هاتنەدەرێی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و بە ئاوڕدانەوەی بەرحەقی لە پرسی نەتەوەیی (کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە پرسێکی بورژوازی و دواکەوتووانەی دەزانێت) لە ئاسمانی سیاسی کوردستاندا بە دوو باڵی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چارەسەری پرسی نەتەوەیی دەفڕێت.

ڕۆژی کورد: په‌یام به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی كۆمه‌ڵه؟‌

ئەردەلان فەرەجی: لە رۆژی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە سەری ڕیز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی و گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دادەنەوێنم، سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ بنەماڵە سەربەرزەکانیان و یادێک دەکەمەوە لە کاک حەمە حوسێنی کەریمی یەکەم شەهیدی کۆمەڵە و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و پەیمان نوێ دەکەینەوە لەگەڵ ئامانج و ڕێبازەکەی. هیوای گەشانەوە و بەهێزتر بوونی هەرچی زۆرتر و زیاتری کۆمەڵە دەخوازم و تێدەکۆشم زۆرتر لە خزمەتی حیزبەکەمدا بم.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.