بنەماڵەی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی و خەڵکی بۆکان، سپاسنامەیەکی شۆڕشگێڕانەیان بڵاو کردەوە

0
1038

بنەماڵەی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی، خەڵکی شاری بۆکان، کە لە کاتی بردنی یارمەتی بۆ هاوخوێنەکانی لە کرماشان، بە هۆی ئەوەی کە هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕێگایان بە ماشێنی یارمەتیدەران دەبرد و هەوڵیان دەدا، بارەکانیان لێ بستێنن تا بە ناوی سپای تیرپریستیی پاسدارانەوە، بیدەن بە خەڵک و بە ناچار باریکە ڕێی گرتە بەر و مخابن لە کارەساتێکی هاوتووچوودا گیانی لە دەست دا، ڕوو لە خەڵکی کوردستان، سپاسنامەیەکی شۆڕشگێڕانەیان بلاو کردەوە.

ڕۆژی کورد: بوومەلەرزەی کرماشان جیا لە خەسارە گیانی و مادیەکانی کە مەرگی لانیکەم ٣ هەزار کەس و برینداربوونی لانیکەم ١١ هەزار کەسی لێکەوتەوە، چیرۆکێک بوو لە بوێری ویەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی، خەڵکی بۆکان کە لە ڕێگای گەناندی یارمەتیەکان بە هاوخوێنەکانی لە کرماشان، بە هۆی ڕووداوی هاتووچوو گیانی لە دەست دا، بوو بە شابەیتی ئەو حیماسە نەتەوەییە. بنەماڵەی شەهید ئەبووبەکر و خەڵکی شاری بۆکان، بە بۆنەی ڕێزی خەڵک و پێشوازییان لە تەرمی پیرۆزی مامە عەبوو، سپاسنامەیەکی شۆڕشگێڕانەیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە، کە ناوەندی ڕۆژی کورد بەپێی پێویست، ئەو سپاسنامەیەی نووسیوەتەوە و بڵاوی دەکاتەوە.

ناوەندی ڕۆژی کورد، هەروەها داوای لە نووسەران کردووە تا چیرۆک بۆ مامە عەبوو، ئەو مرۆڤە کورپەروەرە بنووسن و لە داهاتوودا لە پەرتووکی بنەڕەتی لە کوردستان، بکرێ بە وانەیەکی تایبەت و بۆ هەمیشە یادی بەرز ڕابگیردرێت.

دەقی پەیامەکە:

بە دڵێکی ماتەمین و غەمگینەوە، دوای ئەوەی پاییزی ئەمساڵ، هەواڵ و کارەساتە ناخۆشەکان، یەک لە دوای یەک، تان و پۆی مێشکمانی هەژاند و جەستە ودڵمانی تەزاند، بوومەلەرزەی ماڵکاولکەری کرماشان، نەتەنیا ماڵی گەلی قارەمانی کوردی تێکقرماند، بەڵکوو،  ماڵی دڵی هەر کوردێکی خاوەن هەست و نیشتمانپەروەری ڕووخاند.

یەکێک لەو مرۆڤە بەهەڵوێستانە کە بە هۆی ئەو کارەسارە دڵتەزێنەوە، هەستی مرۆڤدۆستی بووژایەوە، کاک ئەبووبەکر مەعرووفی بوو. هەر بۆیە لە یەکەم ڕۆژانی دوای ئەو کارەساتەوە، هەڵمەتی شێرانەی بۆ فریاکەوتن و یارمەتیدان بە هاووڵاتیانی لێەقەوماوی وەڕێخست.

مخابن کە دەستی ئەجەل، مەودای نەدا درێژە بە ئەرکی نیشتمانپەروەرانەی بدا و لە ڕووداوێکی هاتووچوودا، لە کاتی یارمەتیدان بە لێقەوماوانی بوومەلەرزە، گیانی پاکی لە دەست دا. تەرمی پیرۆزی مامە عەبوو لە مەودایەکی ٤٠٠ کیلۆمیتری ـڕا، لەسەر دەستی لایەنگرانی گەل و نیشتمان، لە شاری جوانڕۆی سەربەرزەوە بە تێپەڕبوون لە شارەکانی ڕوانسەر، کامیاران، سنە، دیواندەرە، زەڕینە، ساحێب، سەقز و ئاواییەکانی سەر ڕێگاوە، گەڕایەوە بۆ شاری بۆکان و لە ڕێکەوتی ٢٧/8/1396، تێکەڵ بە دەنگی دەفەی ئەویندارانی خاک، لە گۆڕستانی شاری بۆکان بە خاک ئەسپێدرا.

شەوی شەممە، لە کاتی گەڕانەوەی تەرمی پیرۆزی مامە عەبوو، جارێکی دی، حەسەن زیرەک گۆرانیی “کرماشان شاری شیرینم”ـی بۆ خەڵکی بۆکان گێڕایەوە. شەوی شەممە، هەموو خەڵکی بۆکان، تا بەیانی بەخەبەر بوون و لە ئاسمانی شاریش چاوەڕوانیی شەهیدێک لە ڕەسەنی “ئەوین و باوەڕ و لەخۆبوردووییان” دەکرد. ئێمە وەک خەڵکی بۆکان بە گشتی و وەک بنەماڵەی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی بەتایبەتی، ئەوپەڕی سپاس و پێزانینی خۆمان سەبارەت بە چالاکانی مەدەنی، وەرزشوانان، هونەرمەندان، ڕۆژنامەوانان (دەنگ و ڕەنگی ناوەندی کوردستان و مهاباد)، پزیشکان، ئەندازیاران، قوتابیان، خوێندکاران، بازاڕیان، مامۆستایانی ئایینی و زانکۆ و قوتابخانە و تەواوی چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و بەتایبەت پارێزگاری کرماشان و جێگری بەڕێزی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و فەرمانداری تایبەتیی مهاباد و فەرمانداری بۆکان و فەرمانداری جوانڕۆ و شۆڕای شار و شارەوان و پێش نوێژی هەر چوار شاری جوانڕۆ و بۆکان و مەهاباد و سەرپێڵی زەهاو و فەرمانداری شنۆ، شیرکەتی ئاوی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و بەخشداری پاوە و تەواوی نوێنەرەکانی مەجلیس لە سێ پارێزگای کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و هەموو ئەو کەسانەی لە ڕێگای ئینترنێت و فاکس و تەلەفوونەوە، هاوسۆزیی خۆیان دەربڕیوە، هەموو کەمپەینەکانی سەربەخۆی خەڵکی بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان لەگەڵ خەڵکی بانە، مەریوان، پیرانشار، نەغەدە، شنۆ، ڕەزایە، سایین قەڵا، میاندواو، مەراغە، تیکاب، سەردەشت، کوردانی دانیشتووی تاران، خۆراسان، کوردکۆی، دانیشتوانی نۆروێژ، سوئێد، خەڵکی ئامێف، هەولێر، سلێمانی، کۆیە، قامیشلوو، فەرماندەی پۆلیسی ئینتزامی هەر لە جوانڕۆ تا خاکی بۆکان لەگەڵ سەرتاسەری کوردستان دەردەبڕین و سەری قەدر و ئەمەگناسی لە ئاست ورەی بەرز و پیرۆزیان دادەنەوێنین.

گەلێک کە سەلماندیان، یەکڕیزی و هاودەنگی، چۆن دەبێتە هەوێنی دەرچوون لە تەنگانە و تۆماریان کرد، جەماوەرێک کە فێریان کردین، چۆن دەکرێ، لە کارەسات، حەماسە بخوڵقێ! خەڵکێک کە لە کاتی ناشتنی مامە عەبوودا، جارێکی دی ڕایانگەیاند: “خاک توانای کۆچی نیە، ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەیی ئێمە، لەم وڵاتەدا”. بە هیوای ئەوەی بتوانین لە شادی و خۆشیی هاووڵاتیانمان لە هەموو جێگایەک، تێهەڵێنەرەوەی زەحمەتەکانیان بین.

لەلایەن خەڵکی بۆکان بە گشتی و بنەماڵەی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.