بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە دروشمی سەربەخۆییەوە سەرهەڵدەداتەوە

0
1756
فوئاد شێربەگی

نووسینی: فوئاد شێربەگی

دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979ی زایینی(1357ی هەتاوی) ـەوە بزووتنەوەی مافخوازانەیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێی نایە قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسیی خۆیەوە و حیزبایەتی و داخوازییە ڕەواکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوازێکی نوێ فۆڕمۆلە کران و داخوازیی سەرەکیی “مافی نەتەوەیی” لە داوای خودموختاریدا خۆی بینییەوە و هەموو حیزبەکان بە هەڵگرتنی ئەم دروشمە و لە ڕوانگەی خۆیانەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا دەوریان گێڕا.

سەرەڕای گیانبازی و تێکۆشانی ڕۆڵە قارەمانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها گیانبازی و لەخۆبردویی ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە، کوردستانی ڕۆژهەڵات نەیتوانی جێژنی بەئاکام گەیشتنی ئاواتەکانی بگێڕێت و خەباتی پێشمەرگانە و لێبڕاوانەی هێزی پێشمەرگە و نیازپاکیی سەرکردەکانی بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ئێران، خەڵتانی خوێن کرا و بە تێچوی گیان لەدەستدانی ڕێبەرانی تەواو بوو.

دوابەدوای دەورەیەکی نسکۆی شۆڕش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دروشمی فیدرالیزم بووە بەرنامەی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەوپەڕی لە خۆبردوییەوە لەلایەن هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە ڕەچاوکرا و بۆ کۆدەنگیی هەموو ئۆپۆزیسیؤنی گشتی لە ئێران کاری چڕوپڕی بۆ کرا و لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵدا ڕەنگدانەوەی بوو، بەڵام بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆنی گشتیی ئێران نەیهەویست یا نەیتوانی ئەو نیازپاکییەی کورد وڵام بداتەوە و لێی تێبگات و سەرەڕای ئەوەی کورد لەهەموو بوارەکاندا دەرفەتی دەورگێڕانی پێدان، ئەوان نەیانتوانی پێ بە پێی بزووتنەوەی کوردستان بێنە پێش و دەنگی جەماوەری بۆ کۆ بکەنەوە و تەنانەت ددان بە ڕەوابوونی بزووتنەوەی کورد و نەتەوە بوونی دابنێن و هەموو تێچوی ئەو ڕوانگەیە لە گیرفانی بزووتنەوەی کوردستان بوو بەڵام قازانجێكی دیاری بۆ کورد نەبوو.

ڕاستییەکە ئەوە بوو کە هەموو ئەبەشەی وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی گشتی ئێران ناوی لێدەبردرا بە بوونی کوردەوە ئیحتباری هەبوو وگەرنا لە کردەوەدا بەهەمویان بەقەت لاوازترین حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات جێگا و پێگای جەماوەریان نەبوو و نەیاندەتوانی لەسەر جەماوەری ئێران کاریگەریان ببێت،.

دوای تێپيڕبوونی ئەو ماوەیە لە هاوکاری نزیکی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات  لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی گشتی ئێرانی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە نەیتوانیوە جێگاوپێگایەکی کۆمەڵایەتی لە ئاستی ئێراندا بۆ خۆی دەستەبەر بکات و تەنانەت ددان بە مافەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا بنێت و بگرە بووەتە هۆکاری دابڕانی جەماوەر لە گوتاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش و زەرەریان لە قازانجیان زۆرتر بووە.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە بارودۆخی سیاسی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ باقی شوێنەکانی تری ئێران و هەروەها شکەستی ئۆپۆزیسیۆنی گشتی ئێرانی دەرەوەی وڵات لە بوون بە گوتاری زاڵی کۆمەڵگا، مانەوە لەوەها هاوپەیمانییەتییەکدا پرسیارێکی زۆر گەورەیە کە دەبێ وڵام بدرێتەوە.

 قازانجی مانەوە لە وەها هاوپەیمانییەتییەک لە گەڵ ڕەوتێکی سیاسی گشتی دۆڕاو لە ئێران کە هیچ جێگاوپێگایەکی کۆمەڵایەتی نییە چییە و بۆ دەبێ دڵیان ڕابگیرێت/

بۆ دەبێ دڵی کەسانێک ڕابگیرێت کە باوەڕیان بە کورد و کوردستان نییە و بگرە زیاتر لە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دژایەتیمان دەکەن؟.

خەیاڵی ئەوەی ئەو کەسانە دەبنە دەسەڵاتدارای داهاتووی ئێران زۆر دورە لە ڕاستی و ئەانە قەت ناتوانن ببنە لایەنی وتووێژی کورد و لە ئەگەری وەها ڕوداوێکیشدا ئەوان زۆر زیاتر دوژمنی کورد و کوردستان دەبن هەتا کۆماری ئیسلامی و هیچ پێویست بە خۆفریودانب ناکات.

هەموو ئەو پرسیارانە و هەروەها ڕاستییەکانی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەوەمان بۆ دەر دەخەن کە پێویستە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەوەی جێگاوپێگای خۆیان لەناو جەماوەردا لەدەست نەدەن و بتوانن بە دروشمێکی کۆکەرەوە لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئێراندا دەوری کاریگەر بگێڕن پێداچوونەوەیەک بە هەڵوێستەکانی خۆیاندا بکەن و ئەو ڕاستییە ڕەچاو بکەن کە جەماوەری کوردستانی ڕۆژهەڵات چاوەڕوانی هەڵوێستێکی نوێ و شۆڕشگێڕانەن کە لەدەوری کۆ ببنەوە و تەمەنی سیاسەتی کۆن بەسەر چووە.

ڕاستییەکە ئەوەیە تەنیا سەربەخۆییە کە دەتوانێت بۆ جارێکی کە ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی و هاندەری جەماوەر بۆ بەرەوپیرچوونی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لەوە کەمتر لە لایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و لایەنەکانی گرێدراوییەوە زۆر بە ڕاشکاوی باسی لێدەکردرێت و پێویستییەکیشی بە گیانبازی و مەترسییەکانی پشتیوانی لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات نییە و لە ڕاستیشدا چارەسەری چەرمەسەرییەکانی خەڵکیش نییە.

کۆماری ئیسلامی لە ئێران بە ئەزموونی نزیک بە 40 ساڵ دەسەڵاتدارییەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەوەی بۆ دەرکەوتووە بە سازکردنی جەریاناتی ئیسڵاحخوازی دەوڵەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانێت دروشمی حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کاریگەری بخات، بەڵام تەنیا هێڵی سوور باسی نەتەوە بوونی کورد و مافی دیاری کردنی چارەنووسە کە خۆی لێنادات و پاژنە ئاشیلی کۆماری ئیسلامی و هەموو ڕەوتەکانی دژە کوردە و تەنیا داخوازی سەربەخۆییە کە دەتوانێت لە هەنگاوی یەکەمدا جەماوەری کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە دەور کۆببێتەوە و لە هەنگاوی دواتردا ببێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆنی گشتی لە ئێران کە ددان بە کورد و مافەکانیدا بنێن.

ئەگەروایە بە بڕوای من تەنیا چارەسەر حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژەهەڵات هێنانە ئارای دروشمی سەربەخۆییە کە دەتوانێت چارەنووسی کوردستانمی ڕۆژهەڵات دیاری بکات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت