بریتانیا ڕژیمی ئێران بەرپرسیار ئەزانێت لە هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریان عەممان

0
677

رۆژی كورد :
وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا سۆپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە فاکتەری سەرەکی هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەرەیای عەممان ناوبرد. ناوبراو لە سەر ئەو بڕوایە هیچ دەوڵەت یان لایەنێکی دیکە ناتوانێت بەرپرسی ئەم هێرشانە بێت.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا لە بڵاوکراوەیەک دا بە پێی وتەکانی جرێمی هانت وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سۆپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسی هێرشەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە دەریای عەممان ناو دەبات.
ماڵپەڕی هەواڵنێری شپیگێڵ ئانلاین ئێوارەی ڕۆژی جۆمعە ڕێکەوتی ١٤ی حوزەیران لە ڕاپۆرتێکی دا باس لە وتەکانی وەزیری دەرەوەی بریتانیا ئەکات و لە زمانی ناوبراوەوە دەڵێت: تا ئاستێکی زۆر خاتر جەمی ئەوەمان هەیە کە هێرشەکانی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان بە دەست و پێوەندی سۆپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە. پێشتر لەمانەش سەرۆک کۆمار، وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کۆماری ئیسلامی ئێرانیان تاوانبار کردبوو بە دەستێوەردانی لە مەڕ ئەم هێرشانە و تەنانەت کۆرتە ڤیدیۆیەکیشیان بڵاو کردبووەوە کە بە پێی قسەی ئەوان ئەم تاوانە دەسەڵمێنێت و ئیسباتی دەکات.
جرێمی هانت وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا ئەڵێت هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە ئێمە ئەوە ئاشکرا دەکات کە بەرپرسایەتی هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان بەرەو ڕووی هیچ دەوڵەتی و لایەنێک نیە جگە لە ئێران. وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشانە داوای لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کرد کۆتایی بهێنێت بەو چالاکیانەی کە ئەبێتە هۆی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بە پێچەوانەی ئامریکا و بریتانیا ئانتۆنیۆ گۆتریش سکرێتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر ئەو بڕوایە لە هەمبەر هێرش بۆ سەر هەر دوو نەوتهەڵگرەکەی دەریای عەممان ئاشکرا کردنی ڕاستییەکان زۆر گرینگە و ئەم ئەرکە تەنیا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ ئەگاتە ئاکام و جێبەجێ دەبێت.
سێنتکام ناوەندی سەرۆکایەتی گشتی هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەکە، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە لە گەڵ بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆیەک کە گەمییەک لە کاتی نزیکبوونەوەی بۆ لای یەکێک لە نەوتهەڵگرەکان نیشان ئەدات، ڕایگەیاندووە کە ئەم گەمییە سەربازییە سەر بە سۆپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە دانیشتوانی گەمییەکە مینێکی مغناتیسی کە چالاک نەبووە لە پەیکەرەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە جیا دەکەنەوە.
سەرۆک ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٤ی حوزەیران لە وتووێژێکی تەلێفوونی لە بەرنامەی فاکس و هاوڕێیان ڕایگەیاند هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان بە دەستی ئێران بووە، بەڵگەشم بۆ ئەو وتەم ئەوەیە کە ئێوە خۆتان کۆرتە ڤیدیۆکەتان بینیوە. سەرۆک ترامپ ئاماژە بە کورتە فیلمی ناوبراو دەکات کە لە لایەن سێنت کام ـ ناوەندی سەرۆکایەتی گشتی هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەکە بڵاوکراوەتەوە و لەو کورتە فیلمەدا ئەوە نیشان دەردەخات کە تەنیا چەن کاژێر دوای هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان لە دەریای عەممان هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەمییەکی سەربازی لە کەشتییەکە نزیک دەبنەوە و مینێکی ناچالاک لە پەیکەرەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە جیا دەکەنەوە و لە گەڵ خۆیان دەیبەن.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی هەروەها لە مەڕ چالاکیەکانی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی باسی لەوە کرد کە ڕژیمی تاران پشتیوانی تێرۆریسمی نێودەوڵەتییە و لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا تا ئێستا دەستێوەردانی بڕی ١٤ تێکهەڵچوونی جۆراوجۆری لە ناوچەکەدا کردووە. سەرۆک کۆماری ئامریکا بە ئاماژە پێدان بە هۆکارەکانی خۆی بۆ دەرکەوتن لە پەیماننامەی ناوەکی بەرجام باسی لەوە کرد کە ئێران لە ئێستادا لە بارودۆخێکی سامناک و ترسهێنەردایە و ئێمە خوازیارین کە ئێران بگەڕێتەوە بۆ وتووێژ و دانیشتن. هەرچەن ئێمە بۆ ئەم بە ئەنجام گەیشتنی ئەم کارە هیچ پەلەیەکمان نیە.
جێگای ئاماژە پێدانە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی حوزەیران ناوەندە هەواڵنێرییەکان و ڕاگەیەنەکانی ناوچەکە ڕایانگەیاند کە بە هۆی دوو تەقینەوەی بە هێز لە دەریای عەممان دوو کەشتی نەوتهەڵگر زیانێکی زۆریان لێکەوتووە و ئاگریان گرتووە. ئەم دوو نەوتهەڵگرە بە ناوەکانی فرۆنت ئاڵتێر و کۆکۆکا کارێجس لە وڵاتانی ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عەربستانی سعوودی بەرەو وڵاتانی تایوان و سەنگاپوورە بە ڕێگاوە بوون.
دەوڵەتی ئامریکا بەڵگەکانی دەور و دەستێوەردانی ڕژیمی ئێران بۆ هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە خستە بەردەست ئەنجۆمەنی ئاسایشی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی لە وردەکاریەکانی ئەم ڕووداوە ئاگادار کرد. هاوکات یەکیەتی ئۆروپا خوازیاری زۆرترین خۆڕاگری بووە لە لایەن هەر دوو وڵاتانی ئێران و ئامریکا بۆ بەرگری لە زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان لە ناوچەکەدا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.