بریتانیا، باڵوێزی ئێران و ڕووسیەی بە هۆی کوشتاری حەلەب، بانگ کرد

0
764

ڕۆژی کورد: لە حاڵێکدا ڕووسیە باس لە ڕاگواستنی ٥ هەزار کەس لە خۆرهەڵاتی حەلەبەوە بۆ ڕۆژئاوای ئەو شارە دەکات، بوریس جانسۆن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، باڵوێزی هەردوو ولاتی ئێران و ڕووسیەیان بە هۆی دڵەڕاوکێی قوڵ لە دۆخی خۆرهەڵاتی حەلەب، بانگ کردووە.

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆیتێرز، جانسۆن وێڕای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە گوتوویەتی: “زانیاریمان لە دەست دایە کە هێزەکانی ڕژیمی سووریە و هاوپەیمانەکانی، خەڵکێکی زۆریان لە گۆڕەپانەکان لە سێدارە داوە، تەقە لە ئامبوڵانسەکان دەکان و زۆر کەسیش لە حەلەب، بێسەروشوێن بوون و ئەوە جێگای نیگەرانییە”.

لە ڕاگەیێندراوەکەی وەزیری دەرەوەی بریتانیادا هەروەها هاتووە: “ڕووسیە و ئێران نەیانتوانیوە بەڵێنییەکانی خۆیان بەپێی یاسا ناودەوڵەتییە مرۆڤییەکان بەجێ بێنن و تووشی شکست بوون، ئەوان بەتایبەتی خۆیان لە ئاسانکاری بۆ ناردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ئەو خەڵکانەی حەلەب کە چەندین مانگە لە گەمارۆدا بوون، بوارد”.

جانسۆن لەمەڕ ڕاگواستنی ئەو کەسانە کە وا ڕووسیە بانگەشەی بۆ دەکات گوتی: “ئەوان کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە کە جێگای ڕێز بێ، دوای ئەو ماوە زۆرە تەنیا کەسانێکی کەمیان ڕاگواستووە و ئەوەش جێگای دەست خۆشی نیە بەڵکوو ڕووسیە و ئێران لە ڕێگای پشتیوانی لە ڕژیمی ئەسەد، تا دێت ئازارەکانی خەڵکی سووریە زێدەتر و زێدەتر دەکەن”.

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و بریتانیا بەتابەتی دوای لێدوانەکانی تێزرا می، هەر دێت وئاڵۆزتر دەبێت.

تێرزا می، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە دانیشتنەکانی ساڵانی شۆڕای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو لە بەحرەین، باسی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە هەمبەر سەرەڕۆییەکانی ئێران لە ناوچە، دەربڕیبوو و کۆماری ئیسلامیش باڵوێزی ئەو وڵاتەی بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد و گازندەی توندی ئێرانی پێ ڕاگەیاندبوو.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت