با دیواری هیوامان لەسەر بنەمای هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئێران هەڵنەچنین

0
885
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

لە سەردەمی دەسەڵاتی باراک ئۆباما و بەتایبەتی لە سێ ساڵی کۆتاییدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە هەمان کاتدا بە ئاشکرایی، تابۆی لێکتر پرینگانەوە و نەبوونی پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا شکا، تابۆیەک کە نەک هەر وا بیر نەدەکراوە بشکێ بەڵکوو یەکێک لە بناغەکانی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی دەرەکیی ئەو وڵاتە بوو بەڵام ئامریکا لەگەڵ ئەوەدا کە دوای ساڵی ١٩٧٩ و باسی بەدیل گیرانی باڵوێز و فەرمانبەرانی سەفارەتخانەکەی لە ئێران، باسی لەوە دەکرد کە پێ ناچێ وا زوو لێڵایی پەیوەندیی نێوانیان، ڕوون بێتەوە، هاوکات بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و زۆر بۆنەی تر، حەز و ویستی خۆی بۆ نزیکبوونەوە لە ئێران، دەخستە ڕوو.

ئەوەی کە بۆچی کۆماری ئیسلامی ئامادەبوو لە بەقسەی خۆی “شەیتانی گەورە” نزیک بێتەوە، هۆکاری زۆرن کە دەکرێ باس لە ترسی ڕژیم لە هێرشی سەربازی کرانە سەری کە  عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی ـدا بە ڕاشکاوانە باسی دەکات و لەلایەکی تریشەوە، لابیەکانی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە زاوای جان کێرییەوە بگرە تا گروپی نایاک و ئەو کەس و کەسایەتییانەی کە بە ناوی بزووتنەوەی سەوز و بە ڕواڵەتی دژبەرانەی کۆماری ئیسلامی چوونە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و لەلایەکی تریشەوە، هەبوونی گرووپی تیرۆریستیی بەربڵاو و بەهێزی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە ئامادەن بە هەموو شێوەیەک و بە نرخی لەناوچوونی خۆشیان، ئامانجەکانی ڕژیم لە هەر شوێنێکی جیهان دەستبەسەر بکەن و چەندین هۆکاری تر کە لێرە ناپڕژێینە سەریان.

باسی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئایا دەکرێ، چاوەڕوان بین ئەو پردە بەهێزەی پەیوەندی کە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا بۆ ئێران لەگەڵ ئەمریکا ساز بوو و زۆر جار وڵاتانی عەرەبی و دژبەری ئێرانیشی لە ئەمریکا بێ هیوا کرد، لە سەردەمی ترامپدا لە ناو بچێ؟

کوردی ڕۆژهەڵات ماوەیەکی زۆرە شۆڕشەکەی خۆی کردۆتە قوربانیی بەرژەوەندیی ئەم و ئەو و لە ڕاستیدا بە هۆی هەندێک پیلان کە دەستی کۆماری ئیسلامییان تێدابوو و بە هۆی نەبوونی ڕێبەرییەکی کارامە و پیاوی ڕیسک، لە کوردستانی باشوور پەستێندران و تا ئێستاش ئاسۆیەکی ئەوتۆ ڕوونی لە هەستانەوە لە پێشیدا بەدی ناکرێ، هەرچەند ڕاسان لە ئێستا لە ئارادایە بەڵام بە ڕوانینێکی ساکار دەتوانین ئەوە بێژین کە ناکرێ جارێ لە مەحەک دەرچووی بزانین و نە نکوڵی لێبکەین و نە تەواو بە پردی سەرکەوتن و بووژانەوەی بزانین و ئەوە دەسپێرینە دەست داهاتوو. ئەوانە وایکردووە کوردی ڕۆژهەڵات زیاتر لەوەی کە بیر لە وزەی خۆی، شێواز و میکانیزمەکانی ڕاسانەوە، شێوازەکانی دەرچوون لە قۆناغی پاشکۆی حیزبەکانی باشوور و بەتایبەتی پاشکۆی پارتی و یەکێتی بوون و هەڵگیرساندنەوەی بڵێسەی خەباتی شاخ و شار بکاتەوە، زۆرتر چاوی هیوای لە ڕووداوەکانی جیهان و دروشمی فڵان و فیسار کاندیدای فڵان و فیسار وڵاتە بڕیوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە هێشتا هاندەری خەباتەکەی ڕوون نیە لە ناخی خۆیەوە بێ یان هاندەرێکی دەرەکی و کاتی هەبێ.

ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ئیسراییل باسی لە هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران کرد، ئۆباما لێی ویست، شەش مانگی تر ڕاوەستن، تا ئێستاش ئیسراییل بەردەوام باس لەو هێرشە دەکات، بەڵام …..

هەندێک هەواڵ لە ئاژانسە جیهانییەکان بڵاو بوونەوە کە بەپێی ئەوان ئیسراییل و سعودیە لە ٥ دانیشتنی جیاجیادا باسیان لە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتەکانی ناوچە و لەناویاندا ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ و لە ناویاندا، دەوڵەتی کوردستان کردووە. بەڵام ڕاستییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو وڵاتانە کە ئێستا زۆرتر لە هەمبەری ئێران، خۆیان لە شەڕی گەرم دەدزنەوە و زۆرتر بەدوای شەڕی نەرم و هەواڵسازییەوەن، خۆیان ئەو بابەتە بەناو نەهێنییانە بڵاو دەکەنەوە. ڕاستییەکی تریش ئەوەیە کە ئەگەر تەنانەت ئەو هەواڵ و دانیشتنە نەهێنییانەش ڕاست بن، گەلۆ کورد خۆی چەندە خوازیاری سەربەخۆییە؟

بێینەوە سەر باسی سەرەکیی ئەو نووسراوەیە “ئایا پردە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەردەمی ترامپدا دەڕووخێنن”. نووسەر لای وایە بە هێچ شێوەیەک ئەوە ڕوونادات. ئەوە لەو شوێنەوە دەردەکەوێ کە یەک: ترامپ هێشتا نەهاتۆتە سەرکار، زۆرێک لە قسەکانی خۆی گۆڕی و بە شێوەیەکی تر واتای کردنەوە و ڕێگای خۆدزینەوەی بۆ دۆزینەوە. دوو: بەهێزبوونی ڕووسیە و هاتنیبەهێزی بۆ ناو هاوکێشەکانی ناوچە و جیهان، جارێ ئەو ئیزنە بە ئەمریکا نادات کە خۆی ڕووبەڕووی شەڕ لەگەڵ ئێران بکاتەوە، شەرێک کە بە واتای هێرش کرانە سەر بەرژەوەندییەکانی ڕووسیەیە، ڕووسیەیەک کە دەیهەوێ ببێتەوە ئەکتەرە چالاکەکەی مێژووی خۆی. لە هەمان کاتیشدا، لابییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبن، لەلایەکی تریشەوە، نە ئێرانییەکان و نە کوردیش ئۆپۆزیسیۆنێکی ئەوەندە بەهێز نین و هەروەها دەبێ گۆڕانکارییەکانی ناوخۆ و شڵەژانی خەڵک و هەژاری و ساردبوونەوەی هەستی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی و بێ هیوایی لە خەبات و زۆربوونی تێچووی خەبات و دەنگ هەڵبڕینیش لەبەر چاو بگرین، هۆکارگەلێک کە لە ئەنجامدا بێدەنگیی خەڵکی ئێرانی لێکەوتۆتەوە و بۆ هەر هێرش و دەست تێوەردانێکی دەرەکیش ئەو پێوەرە پێویستە کە خەڵکی ناوخۆ خۆیان بەرەو شۆڕش بچن.

کۆی ئەو باسە و ئەو ڕاستییەش کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پڕژ و بڵاون و هێشتاش هەندێکیان هیوایان بە چاکسازی لە ڕژیم و تەنانەت ئازادبوونی کەڕوبی و مووسەوی هەیە، بەو واتایە نیە کە دەبێ دەست لەسەر دەست دابنێین بەڵکوو:

یەک: بە کەڵک وەرگرتن لە مێژووی وڵاتان و بە خوێندنەوەی جۆرەکانی خەباتی مەدەنی، سەرەتا شار بهەژێ و ڕابێتەوە.

دوو: بە پەرەپیدانی دیپلۆماسی و هەروەها هێنانە شەقامی کۆمەڵگای خەسیوی کوردی لە هەندەران، میکانیزمێکی گوشار بۆ بەرگری کردن لە دەستبەسەرکراوان و بەندکراوانی سیاسیی کورد ساز بکەین بەتایبەت کە دوای ڕاسان، ئەژمارەکەی یەکجار چەند قات بووە.

سێ: پەروەردەکردنی ئاکادمیانە و سەردەمیانەی سەربازیی پێشمەرگەکان. ئاشکرا دیارە کە تێچووەکان بەو هۆیەو بە هەندێک هۆکاری تر زیاتر لە ئاستی پێویستن.

چوار: دەرچون لە قۆناغی باشوور و پاشکۆبوون. هەرچەند پارتی دێموکراتی کوردستان، سیاسەتەکانی بەرەو ئاقاری کوردستانی نین و لە هەمان کاتێشدا مێژوویەکی ناشیرینی لەگەڵ حیزب و هێزە کوردییەکان هەیە، بەڵام ئەزموونی کێلەشین و هەروەها شنگال، دەریدەخا کە دراوسێتی لەگە: پ.ک.ک لە شاخ زۆر زیاتر بە قازانجی کوردە تا پاشکۆ بوونی پارتی و حیزبەکانی تر.

بە گشتی پێویستە، پلان و گەڵاڵە هەبێ، پلانەکان چرکەیی و هەڕەمەکی نەبن، پێداویستییەکان بزاندرێن، ئاسۆ دەست نیشان بکرێ، خەبات لە موکریان دەربچێ و بەرەو ئیلام و کرماشان هەڵبکشرێ کە مخابن لە حیزبەکاندا لە جیاتی بیرکردنەوە لە هێنانە ناو گۆڕەپانی ئیلام و کرماشان، خەریکن بە ناوی بەشخوراویی ئەو دوو پارێزگایە، پۆستەکان قەبزە دەکرێن کە ئەوەش خۆی دیاردەیەکی نوێ و نامۆ و سەرسووڕهێنەرە.

ئاشکرا دیارە، تابۆی پەیوەندییەکانی نیوان ڕژیمی ئێران و ئەمریکا شکاوە و پێناچێ ترامپیش ئەو بایە بێ ئەو دارە بلەرزێنێ کەواتە دڵ پێ خۆش کردنی، خۆ بەلاڕێدابردن و دوورکردنەوەی مەودای ئازادی و خەباتە، با دیواری هیوامان لەسەر بنەمای هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئێران هەڵنەچنین و بیر لە ڕێگای تر بکەینەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت