باڵویزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەرکرانی ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران لە سووریە دەکا

0
1256

ڕۆژی کورد: نیکی هیلی، باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٩ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوای دانیشتنی شۆڕای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: “سووری ناتوانێ هیچی تر، پێگەیەکی ئارام بۆ تیرۆریستەکان بێ و ئێمە دەبێ دڵنیا بینەوە کە ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران لەو وڵاتە دەکەینە دەرەوە”.

باڵوێزی ئەمریکا باسی لە پێویستیی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی سیاسی بۆ قەیرانی سووریە کرد و گوتیشی: “دەبێ ئێران و هێزەکانی سەر بە ڕژیمی ئێران لە سووریە دەربکرێن”.

ئەو وتانەی نیکی هیلی، لە کاتێکدایە کە ستێفان دی میستورا، نێردراوی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ سووریە، ڕاپۆرتێکی لەمەر دانیشتنەکانی ژنێڤ بە مەبەستی ئاشتی لە سووریە، ئامادە کردووە و پێشکەشی کردووە.

باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەو دانیشتنە، پێداگری کردەوە کە ئەمریکا پشتیوانی لە دی میستورا، لە دانوستانەکانی ژنێڤ و بەردەوام بوونی ئەو دانوستانانە دەکات.

هیلی لە هەمان کاتدا، باسی هەڵوێستی ئەمریکا لەمەڕ مانەوە یان لەسەرکارلادانی بەشار ئەسەد نەکردوو و خۆی لەو باسە بوارد.

لە هەمان کاتدا، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل لە دانیشتنی ئەمڕۆی خۆی لەگەڵ پوتین، لە کۆشکی کرملین، جارێکی تر باسی لە کردەوە تیرۆریستییەکانی تاران کرد و گوتی: “ئەمڕۆ شیعەی توندئاژۆ نەتەنیا ئێمە بەڵکوو هەموو جیهانی کردۆتە ئامانجی خۆی و دڵنیاین هەمووشمان دەمانهەوێ پێش بە هەڕەشەکانی ئەو تیرۆریزمە ئیسلامییە بگرین”.

بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵی کۆشکی کرملین، نەتانیاهوو لە قسەکانی خۆیدا گوتوویەتی: “نامانهەوێ تیرۆریزمی شیعە بە ڕێبەریی ئێران، جێگای تیرۆریزمی سوننە بگرێتەوە”.

کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانیی گەلێک گرووپ و رێکخراوی تیرۆریست لە جیهان و لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین دەکات. حیزبووڵای لوبنان، حەشدی شەعبی، حوسیەکانی یەمەن، ئەلقاعیدە و گرووپگەلی وەک زەینەبیوون، فاتمیون، تاهریون، بەشێک لەو گرووپ و رێکخراوە تیرۆریستییانەن کە لەلایەن سپای تیرۆریستیی پاسداران و سپای قودسی سەربە سپای پاسدارانەوە، رێبەری و پشتیوانی دەکرێن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت