باکووری کوردستان: ڕێپێوانی ئامەد تووند و تیژی لێکەوتەوە

0
595

لە ساڵیادی دەست بەسەركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیی پارتی کرێکارانی کوردستان، خۆپێشاندانێک لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان ڕێكخرا کە كەمێك  بەر لە ئێستا لەو خۆپێشاندانەدا شەڕ و پێكدادان ڕوویدا.
پەیامنێری (كوردستان24) لە ئامەد رایگەیاند: “ئەمڕۆ لە ساڵیادی دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لایەنگرانی ئەو پارتە خۆپێشاندانێكیان لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان رێكخست، دوای ماوەیەك لە بەرێوەچوونی خۆپێشاندانەكە شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان خۆپێشاندەران و ھێزە ئەمنییەكان روویدا”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی ساڵی 1999 لە وڵاتی کینیا دەستگیرکرا، دواتر لە مانگی ئایاری ساڵی 1999 دوای چوار دانیشتنی دادگای سەربازیی توركیا بڕیاری لەسێدارەدانی ئۆجەلان درا، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێنەكرا و ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمڕاڵی زیندانی كرا.
بەگوتەی شاندی ئیمڕاڵی كە لە چەند پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهاتووە و بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئۆجەلان دیاركرابوون، نزیكەی ساڵێكە ئەوان و كەسوكاری ئۆجەلان نەیانتوانیوە سەردانی دوورگەی ئیمڕاڵی بكەن و گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان بكەن.
لە سەروبەندی ھەڵبژاندنی پەرلەمانی توركیا لە 7ی حوزەیرانی ساڵی 2015، شەڕ لە نێوان گەریلاكانی (پەكەكە) و سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی باكووری كوردستان شەڕ دەستی پێكردەوە، بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی ئەوە بە ھۆكارێك دەزانن بۆ وەستاندنی گفتوگۆكانی پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا.
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە بەرواری 17/11/ 1978 لە ناوچەی ئامەدی باكووری كوردستان بەرابەرایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزراوە و یەكەم كۆنفرانسی لە 15ی تەمموزی ساڵی 1981 لە لوبنان گرێداوە، دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان تا ئێستا ھیچ كام لە سەركردەكانی (پەكەكە) شوێنی ئەویان نەگرتووەتەوە، لە سیستمی پارتەكەدا دەستەیەك بە ناوی “كۆنسە” بۆ بەڕێوەبردنی پارتەکە پێكھێنراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.