باپیری: تا ئێستاش ژن لە وڵاتی ئێمە پێگەیەکی دیاری نییە

0
1769

بە بۆنەی ڕۆژی جهانی ٨ی مارس، ڕۆژی کورد ئاورێکی لەهەندێ لە چالاکوانانی بواری مافی ئافرەتان بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسییەوە داوەتەوە، و چەند پرسیارێکی هێناوەتە ئاراوە. لە وتووێژی بەردەستدا  خاتوو شلێر باپیری، چالاکی مافی ژنان، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردی داوەتەوە.

ڕۆژی کورد: فەلسەفەی دەست نیشان کردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ زۆر ژن لایان وایە کە دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژن نەک ڕێزگرتن لە ژن نییە بەڵکو سنووردارکردنەوەی کێشەی ژنانە و جۆرێک بێ ڕێزیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

باپیری:  رۆژی جیهانی ژنان ئەو رۆژەیە کە لە ئەمریکاوە مەشغەڵەکەی هەڵکرا و پاشانیش لە ئوروپا درێژەی پێ درا و کلارا زتکین لە حزبی سۆسیال دێموکراتی ئەڵمانیا و یەکێک لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان پشێنیاری ئەو رۆژەی کرد و دواتریش لە ساڵی ١٩٧٥ یۆنسکۆ بە رەسمی ناونانی ئەو رۆژەی راگەیاند. پێم وایە بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو، دەبینین کە ناولێنانی ئەو رۆژە نە سنووردارکردنەوەیە و نە بێ رێزی. لە سەردەمێکدا ئەو رۆژە پێشنیار کراوە و کاری لەسەر کراوە کە ژن لە هیچ شوێنێکی ئەو جیهانە پێگەیەکی نەبوو. بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێنرایەوە و بە خراپترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. ئەگەر چاوێک بەو مێژوویەدا بخشێنینەوە، دەبینین رۆژی ٨ی مارس بۆ ئەوسەردەم دەستکەوتێکی گەورە و بۆ ئەم سەردەمەش یادکردنەوەیەکە لە هەموو ئەو ژنانەی کە بە خەباتی بوێرانەیان سەرباری هەموو کوشتن و زیندانیکردنیان، بەڵام کۆڵیان نەدا و رۆژی ٨ی مارسیان لە مێژوودا تۆمار کرد. ئێمە دەبێ لەم سەردەمەدا بە چاوی رۆژێکی سیمبولیک چاو لەو رۆژە بکەین، بەڵام بە بوونی مێژوویەکی پڕ لە خەباتی نەپساوە بۆ یەکسانی لە پشتییەوە. رۆژی ٨ی مارس، رۆژی پەیمان نوێکردنەوەیە لەگەڵ هەموو ئەو ژن و پیاوانەی کە بۆ مافەکانی ژنان هەوڵیان داوە و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافە مرۆییەکان و دوور لە هەموو هەڵاواردنێک دەدەن.

ڕۆژی کورد: لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، دۆخی ژنانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی چۆن دەبینن؟

باپیری: دۆخی ژنانی کوردستان لە ئاستێکی زۆرباشدا نابینم، راستە زۆر دەستکەوت وە دەست هاتووە و ژن تەنیا لە چوارچێوەی ماڵدا نەماوەتەوە، بەڵام ئەوە هەموو هاوکێشەکە نیە و پێم وایە ئامار و ڕووداوەکانی ڕوودەدەن، نموونەی بەرچاون کە تا ئێستا ژن لە وڵاتی ئێمە، پێگەیەکی دیاری لە هیچ بوارێکدا نیە و زۆرتر روکەشیە. هەروەها سیستمی پیاوسالاریی و پەروەرەدەیی ژنانیشی تێوەگلاوە و ناهۆشیارانە درێژە بە نایەکسانیەکان دەدەن. سەبارەت بە دۆخی ژنانی رۆژهەڵات بەداخەوە پێم وایە بە هۆی ئەو دیکتاتۆریەتە کە لە ئێراندا زاڵە، شتەکان زۆر ناڕوونن و زۆرتر دەبێ لە زاری کەسانی ناوخۆوە هێندێک ئاگامان لە دۆخی ژنانی رۆژهەڵات بێت. لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی کەم لە ژنانی رۆژهەڵات خۆیان لە چوارچێوەی مرۆییدا دیتۆوەتەوە و خۆیان لە سیستمێکی پیاوسالاریی دەرهاویشتووە و لە رێگەی شێعر و نووسینەوە بۆچونی خۆیان دەردەبڕن. بە گشتی دۆخی رۆژهەلاتی کوردستان بە گشتی و دۆخی ژنان بەتایبەتی لە دۆخێکی باشدا نابینم و پێم وایە چەوساندنەوە و زوڵمەکان لە ژنان کە دەکرێن زۆر و بەربڵاوە، بەڵام لە پشت پەردەی سیستمێکی دیکتاتۆر و کلتورێکی دژە ژن، شاردراوەتەوە.

ڕۆژی کورد: فێمینیزمی کورد، لە چ دۆخێک دایە؟ چەمکێک بە ناوی فێمینیزمی کورد و فێمینیستی کورد، بە پێی پێوەری ڕاستەقینەی خۆی، هەیە؟

باپیری: بزووتنەوەیەک بە ناوی بزووتنەوەی فێمینیزمی کورد نابینرێ وهەست پێناکرێ. ئێستاش ئێمە لە چوارچێوەی بزوونتەوەی فێمینیزمی جیهانی خۆمان پێناسە دەکەین و چالاکانی ژن و فێمینسیتەکان بەو هۆکارانەی کە دەکرێ لە داهاتوودا لە لێکۆینەوەدا ئاماژەی پێ‌بکرێ، نەیانتوانیوە پێناسەیەکی تایبەت بە فێمینیستی کوردی بکەن و لە رووی تیۆرییەوە دانەرێژراوەتەوە و زۆرتر گوێ لێبوونە بە بێ چربوونەوەی لە فێمینیستم و لە نێوەندەدا فێمینیزمی کوردی بە تایبەتی. بە چاولێکردن لە هۆشیاری ژنانی کورد و کەمتر ئاگالێبوون لە رەوتی فێمینیزم و هەروەها نەزانینی واتاکەی دەبینین کە لەو لایەنەوە لە رەوتێکی زۆر لە دوایەداین و زۆر لاواز هەنگاو هەلێنراوەتەو. راستە چەمێک بە ناوی فێمینیزمی کرد بە شەو و رۆژێک دروست نابێت، بەڵام کەمتریش کارکراوە بۆ بوونی ئەو چەمکە و نوێکردنەوەی رەوتی فێمینیزم لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی نوێی وەک کۆمەڵگەی رۆژهەڵات کە بە وشەی فێمینیزم و ئامانجەکانی زۆر نامۆیە.

ڕۆژی کورد: پێدەچێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ڕەوتی فێمینیستی یان کاڵ بۆتەوە یان هێندە تۆخ نەماوە بەڵام کورد تازە تێیدا گەرم و گوڕ دەبێ، ئەو قسە تا چەند ڕاستە؟

باپیری: کاڵبوونەوەی رەوتی فێمینیستی لە وڵاتانی جیهان نابینم، بەڵکو شێوەی کار و چالاکیەکان گۆران ونوێکراونتەوە. ئەو کاروچالاکیانەی رۆژانە و هەروەها لە رۆژە دیاریکراوەکانی ساڵدا کە دەگاتە لوتکە، درێژە پێدەری رەوتی فێمینسیتیە و نوێکردنەوەی ئەو رەوتەیە لە قالبێکی سەردەمیتردا. هەروەها  دۆخی ژنی کورد لە کۆمەڵگەکەماندا وا دەخوازێت کە ئێمە هەر گەرموگوڕ بین و زیاتر پێداگیری لە ئامانجەکانی فێمینیزم بکەین. ئەو فێمینزمەی کە هەم ژن و هەم پیاو دەتوانن خۆیان تێیدا بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی نێوان ژن و پیاو ببینەوە.

ڕۆژی کورد: قسەتان بۆ ژنانی کورد؟

باپیری: ئێمە ژنانی کورد زۆر پەرش‌وبڵاوین و تا ئێستا نەمانتوانیوە گشتگیر و پێداگیر  لەسەر ئامانجەکانمان بین و زۆرتر لاوەکیانە چاو لە پرسەکە کراوە. بۆیە پێم وایە دەبێ بە زیاتر خوێندەوە و خۆ پێگەیاندن و نەکەونە ژێر چەتری بەرژەوەندە سیاسیەکان، زیاتر دەتوانین هاوکار بین بۆ باشتربوونی دۆخی ژن کورد و هەروەها باوەڕمان بە شوناسی ژنانەی خۆمان هەبێت بە باب و برا و هاژینەوە خۆمان پێناسە نەکەین کە ئێستاش زۆرن ئەوانەی لەو بازنەیە گلاون و هەستی پێناکەن. خەباتێکی دوورو درێژمان لە پێش ماوە و دەبێ پشوو درێژ بین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.