بانگەوازی بۆ ڕێپێوانێک بە مەبەستی مەحکووم کردنی فتوای خومەینی بە دژی نەتەوەی کورد لە نۆروێژ

0
1246

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، بڕیارە ڕۆژی شەممە، ١٩ی مانگی ئاگۆستی ٢٠١٧، لەسەر داوای کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانیەکان، ڕێپێوانێکی بەرین بەمەبەستی مەحکووم کردنی فەرمان و فتوای جیهادی خومەینی بە دژی گەلی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، لە ساڵرۆژی دەرکردنی ئەو فتوایەدا و لە ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی هێرشی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆسەر بزووتنەوەی کوردستان، پێک بێت.

لە مانگی گەلاوێژی ساڵی 1358ی هەتاویدا بە پیلان و ئاژاوەگێڕیی لایەنگرانی خومەینی شەڕێكی خوێناوی لە شاری پاوە ساز كرا. چەكدارانی سەر بە رێژیمی كۆماری ئیسلامی ژمارەیەك خەڵكی سڤیلى شاری پاوە، كوشت هەر بۆیە خەڵكی شار تێكڕا بە دژی چەكدارانی سەر بە رێژیمی تازە راپەڕین و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە “قۆری قەڵا”ی نزیك پاوە مانیان گرت.

رۆژی 28ی گەلاوێژی 1358ی هەتاوی، خومەینی بەناوى رێبەری شۆڕشی ئیسلامی و فەرماندەی هێزە چەكدارەكان بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو و بەدوور لە هەموو عورف و پرەنسیپێكی نێونەتەوەیی، فەرمانی جیهادی دژی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران دا و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانى هەڵوەشاوە راگەیاند. هەروەها دەستوری دا بە هێزە چەكدارەكانی ئەرتەش و پاسدار، هێرش بكرێتە سەر كوردستان و بەناو دژە شۆڕش لە ناوبەرن. بەم جۆرە خومەینی بۆ جێبەجێكردنی فتوای جیهادی خۆی دژی نەتەوەی كورد چەند مۆرەی جینایتكار وەكوو، مستەفا چەمران وەزیری بەرگریی ئەوكاتی رێژیم، سەیادی شیرازی فەرماندەی ئەرتەش، مەلا حەسەنی نوێنەریی خومەینی لە پاریزگای ورمێ و خاڵخاڵیی جینایتكار كە دەستوری ئیعدامی دەیان رۆڵەی كوردی لە بێدادگاكانی رێژیمدا دەركرد، وەك بەرپرسی بەڕێوەبردنی فەرمانی جیهاد بە دژی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران دیاری كرد.

لە بەشێكی فتوای جیهادی خومەینی دژی نەتەوەی كورددا هاتووە: “هۆشدار دەدەمە ئەرتەش، ژاندارمەری، پاسدار، ئەگەر بە تۆپ و تانكەكان و هێزی ئامادە تا 24 كاتژمێری دیكە بەرەو كوردستان وەڕێ نەكەون هەموویان بە بەرپرس دەزانم”.

چالاکانی سیاسیی کورد، داوا لە سەرجەم حیزب و لایەن و تاکە کوردەکانی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ دەکەن، بەشداری لەو ڕێپێوانە نیشتمانی و نەتەوەییەدا بکەن.

بڕیارە ئەو ڕێپێوانە، کاتژمێر  سێ تا چواری پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٩ی ئاگۆستی ٢٠١٧ لەبەردەرگای سەفارەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئۆسلۆ پێکدێت.

شوێنی کۆبوونەوە: بەر دەرگای سەفارەتی کۆماری ئیسلامی ئێران

ڕێکەوت: شەممە:١٩ ی ئۆگەستی ٢٠١٧

کات: سەعات 15 -16ی پاش نێوەڕۆ

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت