بانگهێشتی پووتین لە ئەردۆغان، بۆ سەردانی مۆسکۆ و وتووێژ سەبارەت بە تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

0
848

ڕۆژی کورد :
سەرۆک کۆماری ڕووسیە داوای لە ئەردۆغان کردووڵ بۆ وتووێژ سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی ڕووسیە بکات. هاوکات دەوڵەتی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە مایک پێنس جێگری سەرۆک کۆماری ئامریکا و مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا بەرەو تورکیە ڕێکەوتوون و بڕیار وایە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی مانگ لە گەڵ سەرۆک و کۆمار و کاربەدەستانی تورکیە دیدار و چاوپێکەوتن پێک بهێنن.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ئۆکتۆبر نووسینگەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیە ڕایگەیاند کە پووتین لە گەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە، سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێستای سۆپای تورکیە لە خاکی سووریە و لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرقاڵی ڕاوێژ و ئاڵووگۆڕی بیروڕا بوون و پووتین داوای لە ناوبراو کردووە بۆ وتووێژی زیاتر لەم بارەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانێکی مۆسکۆ بکات. لە بڵاوکراوەکەی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ڕووسیە دا باس لەوە کراوە کە ئەردۆغان ئەم بانگهێشتەی قەبووڵ کردووە هەرچەن دیار نیە ئەم سەردانە بۆ مۆسکۆ لە چە ڕێکەوتێک دا ئەنجام دەدرێت. لە ڕاگەیەندراوەکە دا هاتووە پێوەندی تەلەفوونی ڕێبەرانی دوو وڵاتە بە پێی داخوازی سەرۆک کۆماری تورکیە بە ئەنجام گەیشتووە و هەر دوو لایەن بە تێکڕا جەختیان لە سەر بەرگرتن و ڕێگری لە تێکهەڵچوون لە نێوان سۆپای تورکیە و سووریە کردووە. نووسینگەی سەرۆک کۆماری ڕووسیە زیادی کردووە کە سەرۆک پووتین سەبارەت بە هەڵهاتن و دەربازبوونی تێرۆریستەکانی داعیش لە بەندیخانەکان و دزە کردنیان بۆ وڵاتانی دراوسێ لە درێژەی ڕەوتی ئێستای تێکهەڵچوونەکانی سۆپای تورکیە و هێزە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوپەڕی نیگەرانی خۆی دەربڕی. لەوانەیە ئاماژەی ناوبراو بەو چەن هەزار چەکدار و ئەندامەی گرووپی داعیش بێت کە لە ئێستادا بە دەستی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەسبەسەر و بەندکراون.
چالاکییە سەربازییەکانی سۆپای تورکیە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بە هێرشی ئاسمانی و ئاگربارانی تۆپ و خۆمپارە بۆ سەر شوێنەکانی هێزەکانی دێمۆکراتیکی سووریە لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری سووریە و لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە و بە ڕەوانەکردنی یەکەکانی چەکداری سۆپای تورکیە و هاوشێوە چەکدارەکانی سۆپای نەتەوەیی سووریە، پێکهاتوو لە دژبەرانی بەشار ئەسەد لە ژێر پشتیوانی هێزەکانی ئەردۆغان بەردەوامە. ئەم هێرشانە بە ڕاگەیاندنی بڕیاری سەرۆک کۆماری ئامریکا لە هەمبەر کشانەوەی هێزە ئامریکاییەکان لە ناوچەکە و لە ئەنجام دا پچڕاندنی پشتیوانی لە هێزەکانی دێمۆکراتیکی سووریە دەستی پێکرد. هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە، کە بە گشتی پێکهاتوون لە شەڕڤان و چەکدارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شەڕی دژی داعیش لە پشتیوانی ڕاستەوخۆی سەربازی و ئابووری ئامریکا بەهرەمەند بوون.
چالاکییە سەربازییەکانی تورکیە لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە قووڵایی خاکی سووریە لە گەڵ ناڕەزایەتیی و ڕەخنەی بەربڵاوی جیهانی و گوشار بۆ ڕاگرتنی ئەم چالاکییانە و پاشەکشێ کردنی هێزە سەربازییەکانی تورکیە لەم ناوچە کوردنشینانە بەرەوڕوو بووەتەوە. لە گەڵ ئەوەی کە تورکیە یەکێک لە ئەندامانی پەیمانی “ناتۆ” یان ئاتلانتیکی باکوورە، بەڵام زۆربەی وڵاتە ئەوروپاییەکانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە فرۆشتنی چەک و چۆڵ و تەقەمەنییان بەو وڵاتە ڕاگرتووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش کۆمەڵێک بایکۆتی نوێی دژی تورکیە ڕاگەیاندووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.