باس لە گۆڕینی ڕژیم لە ئێران لە ئەمریکا لە پەرەسەندن دایە

0
1165

ڕۆژی کورد: تا دێت باس لە گۆڕینی ڕژیم لە ئێران لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاییەوە، پەرە دەستێنێ و کۆماری ئیسلامیش دژکردەوەی توندتر لە خۆی نیشان دەدات.

دۆناڵد ترامپ کە ڕۆژی هەینی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێکەوتننامەی نێوان ئەمریکا و کوبای وەک ناڕەزایەتییەک لە هەمبەر دۆخی بەندییە سیاسییەکان لەو وڵاتە، هەڵوەشاندەوە، ڕاشیگەیاند، ئەمریکا رێکەوتننامەی بەرجامیشی لەبیر نەکردووە و بە لاتاو گوتی: “ئەو جوانکەڵەشمان لە بیر نەچووە”.

لە هەمان کاتدا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم دوو سیناتۆر و بەرپرسی ناسراو و بە دەسەڵاتی ئەمریکا، باسیان لە پێویستیی گۆڕینی ڕژیم و سیستەم لە ئێران کردووە.

تەیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، ڕاشکاوانە باسی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ڕژیم لە ئێران کرد.

لەلایەکی تریشەوە، جان مەک کین، سەرۆکی کومیتەی هێزە چەکدارەکانی سەنای ئەمریکا، بە هەمان شێوە باس لە پێویستیی گۆڕینی ڕژیم لە ئێران دەکات و دەڵێ ئەمریکا بەرنامەی تایبەتی لەو بارەوە هەیە.

مەک کین، ڕاشکاوانە دەڵێ: “نها کاتی ئەوە هاتووە کە ئێرانییەکان، کۆمەڵگایەکی ئازاد و کراوەیان هەبێ و لە کردەوەدا بگەن بە دێموکراسی”.

پێشتر، جان بۆلتۆن ـیش داوای گۆڕینی ڕژیم لە ئێرانی کردبوو و لە دیمانەیەک لەگەڵ هافینگتۆن پۆست دا گوتبووی: “تەنیا ڕێگا چارەی درێژخایەن، گۆڕینی ڕژیم لە ئێران ـە”.

بۆلتۆن، ئایەتووڵاکانی ئێرانی بە مەزنترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و جێگیربوونی جیهان و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین باس کردبوو.

لە ماوەی ڕابردوودا، دۆناڵد ترامپ، مایکێل دێ ئاندرێ، ناسراو بە ئایەتووڵا مایک ـی وەک بەرپرسی بەشی تایبەت بە ئێران لە رێکخراوی سی ئای ئەی، داناوە کە ئەو دەست نیشان کردن و دانانە، لەلایەن شارەزایانی سیاسییەوە، وەک دەستپێکی خرانە گەڕی بەرنامەی ئەمریکا بۆ هێرش بۆ سەر ئێران، پێناسە کرا.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت