بارزانی: ئاڵاكەمان نیشانەی یەكدەنگی و یەكگرتوویی گەلەكەمانە

0
829

ئەمرۆ حەڤدەی دیسامبر لە باشووری کوردستان وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکراوە و هەموو ساڵێک لەو بەشە لە کوردستان رێوڕەسمی تایبەت بەم بۆنەوە بەڕێوە دەچیت.

بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی باشووری کوردستان بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
لەڕۆژی ئاڵای كوردستاندا هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان. لەم بۆنە پیرۆزەدا پێزانینم هەیە بۆ خۆڕاگریی گەلی كوردستان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان.
ئاڵاكەمان نیشانەی یەكدەنگی و یەكگرتوویی گەلەكەمانە و بۆ گەییشتن بە سەربەرزی و ڕزگاریی یەكجارەكی هەموومان لەیەك سەنگەر كۆ دەكاتەوە. هەر بۆیەش بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ئاڵایەیە ڕۆڵەكانمان لە بەرەكانی شەڕ گیان دەبەخشن و شەهید دەبن. ڕەنگ و هێما و سیمبوڵەكانی ئاڵای كوردستان پێناسەی ئاشتی و ئازادیخوازی و كۆڵنەدانی گەلەكەمانە، ئەو بەها بەرزانەی سەركردە نەمرەكانمان بۆ ئێمەیان بەجێهێشت و ئەركی ئێمەیشە بیپارێزین و بیدەینە دەستی نەوەی نوێ.
با ئاڵاكەمان بپارێزین و كار بە پەیامەكانی بكەین. ڕۆژی ئاڵای كوردستان لە گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانیەوە پیرۆز بێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت