باباعەلی مێهرپەروەر: مەگەر موعجیزەیەک!! ڕووبدا، دەنا هیچ هیوایەکم بە یەکگرتنەوەی دووبارەی حیزب نەماوە

0
2539

باسی یەکگرتنەوەی دێمۆکراتەکان لەگەڵ ئەوەیدا کە پرسێکی هەستیارە، هاوکات داخوازیی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە و وەک پرسێکی چارەنووس سازی نەتەوەیی دێتە نرخاندن، بەو حاڵەشەوە وەها شرۆڤە دەکرێ لە بەرژوەندیی هیندێک تاک د (لە ئاستی دەسەڵات لە هەر دوو لا) نیە تا ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنن.

پرسی یەکگرتنەوە بۆتە ئەمرێکی واقعی سیاسیی نەتەوەیی، ئەگەر ئیرادەیەکی تاک ڕەهەندیی پرش و بڵاو، هۆکارەکانی ئەو لێکدابڕانە بێ، لایەنێکی دیکەی نیشتمانی، هۆکارەکانی پێکەوەبوون شیدەکاتەوە و پێداگری لەسەر دەکا، هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوەو نەوەی دێمۆکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارێکی گونجاوە و هیچ بەرگرێکی تەکنیکی و تەشکیلاتی بە هۆکاری ئەو جیاییە نازاندرێ.

بۆ تیشکخستنە سەر ئەو باسە، ناوەندی ڕۆژی کورد ڕای چالاکی سیاسی و ئەندامی ڕێبەرایەتی پێشووی حدکا بەرێ ” بابا عەلی میهرپەروەر” دەخاتە ڕوو و چەند پرسیارێکی گەڵاڵە کردووە کە بەڕێزیان وڵامیان بداتەوە.

ڕۆژی کورد: یەکگرتنەوەی دێمۆکراتەکان بۆ پێویستە؟

بابا عەلی مێهرپەروەر
بابا عەلی مێهرپەروەر

مێهرپەروەر: لە ڕووی مێژوویەوە، یەک حیزبی دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لای خەڵک ناسراوە و لەگەلی ژیاوە. ئەو کاتانە کە درز کەوتوەتە  نێو ڕیزەکانی ئەو حیزبە (وەک زۆر حیزبی دیکە) و تووشی لێکترازان بوە، هەوڵێکی زۆر دراوە تا جارێکی دیکە حیزب یەکپارچەیی خۆی بەدەست بێنێتەوە. یان کاتی وابوە کە  پارچە لێدابڕاوەکەی زۆر گەورە نەبوە  و حیزب لە توانایدا بوە برینی جەستەی خۆی سارێژ بکاتەوە و بەشە دابڕاوەکەیش لای خۆیەوە پووکاوەتەوە و لە گۆڕەپانی سیاسیدا ئاسەوارێکی لێنەماوەتەوە. بەڵام برینی ئەمجارە قووڵتر و کارەساتبارتر لەوە بوو کە لەتوانای حیزبدا بێت بەبێ یەکگرتنەوە برینی جەستەی خۆی سارێژ بکاتەوە. ڕاستە ئەو دووبەشەی ئیستا لە ڕووی ڕابردووی شۆڕشگێری و ئاوات و ئامانجەکلانیان وەک یەکن و وەک شاعیر دەڵێ ” گیانێکن لە دوو جەستەدا…” بەڵام ئەو دوو جەستەیی و لە ژێر ناوی حیزبی دیموکراتدا هەموو کات ئەو پرسیارە لە بەر دەم خەڵکی کورد بە گشتیی و کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی خۆی زەق دەبێتەوە ، کە کەی ئەو دوو جەستەیە دەبێتەوە بە یەک؟ تەنانەت تێپەر بوونی کاتیش تا ئیستا نەیتوانیوە گەردی فەرامۆشی و لەبیر چوونەوە بەسەر ئەو ڕووداوە و ئاواتی یەکبوونەوە،  بڕێژێ و لەبیری باتەوە.

ڕوون و ئاشکراشە کە ئەو دابڕانە تەنیا وتەنیا  لە قازانجی دوژمن و نەیارانی حیزبی دیموکراتە و بەس. لە لای من ئیستاشی لەگەل بێت هیچ بڕ وبیانوویەک ناتوانی و نەیتوانیوە ببێتە پاساوی لێکدابڕان یان پێشگرتن لە یەکبوونەوە، جگەلە بەرژەوەندخوازی تایبەتی توێژێک لە تاکە بڕیار بە دەستەکانی  هەردوولا.

بارودۆخی سیاسی وگۆڕانکاریەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئەوەمان پێ دەڵی کە هێزەسیاسیەکانی کورد  تەنیا بە  یەکریزی و تەبایی و یەکبوونەوە دەتوانن لەئاست ئەو گۆرانکاریانە خۆراگرن و قسەیەکیان بۆ وتن هەبێت. چاو نووقاندن و خۆ گێلکردن لە ئاست ئەو ڕاستیە، تەنیا دەتوانی یارمەتی بە پیلانگێریەکانی دوژمنانی کورد بدات، هەرچەندیش ڕێبەرانی هێزەسیاسیەکانی کورد لەو بارەوە مەبەستێکیان نە بوو بێت.

ڕۆژی کورد: تا ئێستا هەوڵێکی زۆر بۆ یەکگرتنەوە لە ئارادا بووە بەڵام سەری نەگرتووە، هۆکارەکانی ئەو یەکنەبوونەوە بە ڕای ئێوە چین؟

مێهرپەروەر: وەک ئەوەی تارادەیەک لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێکرد، لە بناخە و بنەرەتدا هۆکاری جیابوونەوە و لێکدابڕانی ئەمجارەی حیزبی دیموکرات جگە لە شەڕی کورسی و بەدستهێنان یان پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی توێژێک لە ڕێبەرانی سەربەدەرۆ بووی نێو حیزب هیچ پاساوێکی سیاسی (ئیستا هەوڵ دەدرێت پاساو و جیاوازی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە) دیکەی نەبوو. من زۆر جار وتوومە وئیستاش دووپاتی دەکەمەوە جیابوونەوەی ئەمجارە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی!!! ڕێبەرانی هەر دووقٶڵی نێو حیزب بوو. بۆیە سروشتیە هەر ئەو ویستە کە ڕوودای جیابوونەوەی لێکەوتەوە، لە بەرانبەر  هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە و یەکبوونەوە بە شێوەی جۆراوجۆرکۆسب و لەمپەر دروست بکات و وەک کوردان دەڵێن:هەموو ڕیسەکان بکاتەوە بە خوری”  بەداخەوە تائیستاش لەو بوارەدا سەرکەوتوو!!! بوە. سەیر ئەوەیە هەرکام لەو ڕێبەرانە کە دەچنە بەردەم میدیاکان و بیروڕای گشتیی خۆیان بەلایەنگر و هیواخوازی یەکگرتنەوە دەناسێنن و پێ لەسەر پێویستی یەکبوونەوە دادەگرن.  تائیستا کەسم لەو بڕیار بەدەستانە نەدیوە  کە بەئاشکرا و بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆیان بۆ پرسی یەکگرتنەوە و یەکبوونەوەی دوو دیموکراتەکان ڕاگەیاندبێت.  لە وەها بارودۆخێکدا دەبێت پرسیار بکرێت ، ئەگەر وایە بۆ چی دوای چەندین ساڵ وەک خۆیان دەڵێن دیالوک و وتوێژ و دیاریکردنی لیژنەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە، بەکردەوە چووکترین هەنگاوێکیان جگە لە ئاسایی کردنەوەی پێوەندی نێوانیان و تارادەیەک نەهێشتنی بارگرژیەکان،( کە ئەوە بۆ خۆی باشە و هەنگاوێکی ئەرێنیە) هەڵنەگرتوە؟ دیارە ئەوە بەو مانایە کە لە لایەک ئیرادەیەکی جیدی بۆ پرسی یەکگرتنەوە لە هەردوولاوە نیە و لەلایەکی دیکەش بە نیوە مردوو ڕاگرتنی پرسەکە جۆرێک لە خۆڵکردنە چاوی ئەو خەڵکانەیە کە هیوادار و خوازیاری یەکپارچەیی دووبارەی حیزبن.گومانی تێدا نیە کە لە وەها بارودۆخێکدا هەولی خەمخۆرانی یەکبوونەوە بە بێئاکام دەمێنێتەوە.

ڕۆژی کورد: کۆنگرەی ١٦ ـی حدکا پێویستە بەرانبەر بەو پرسە چۆن هەڵویست بنوێنێ؟

مێهرپەروەر: هەر کونگرەیەک کە بەرێوە دەچێ یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی ئەوەیە کە ئاوڕێک لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی  بڕیار و ڕاسپەردەکانی کونگرەی پێشووی خۆی بداتەوە. کونگرەی ١٦ش هەمان ئەرکی لە سەرشانە و پێویستە بە وردی لەو مەسەلە بکۆڵێتەوە کە بۆچی سەرەڕای بڕیار و ڕاسپاردەی کونگرەی ١٥ بۆ ئاسایی کردنەوە و پاشان سەریەکخستنەوەی حیزب هەنگاوی جیدی هەڵنەگیراوە، لەمپەر و کۆسپەکان کامانە بوون؟ بەراستی ئەگەر  دەرکەوت کەس یان کەسانێک لەو بوارەدا بە ئەنقەست کەمتەرخەم یان دژبەر بووبێتن، کونگرە بیانناسێنێت. بۆ ئەو پرسەش لەم کونگرەدا بڕیاری ڕوون و کونکریتی  بۆ ڕێبەری داهاتووی حیزب هەبێت. بەهیچ جۆرێک شایستە نیە کە کونگرە بریاری ناروون و ناشەفاف بدات یان ڕێبەرایەتی داهاتوو ڕاسپێرێت کە بەپێی هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی خۆی هەنگاو هەڵبگرێت. ئەوە بەمانای دووپات بوونەوەی ڕەوتی ساڵانی پێشوودەبێت، کە پرسی یەکگرتنەوە هەر جارە و بەبیانوویەک خراوەتە پشتگوێ. لە ڕاستیدا کونگرە ڕێبەرایەتی بەرپرس بکات کە بڕیارێکی ڕوون و شەفاف جێبەجێ بکات. هەر وەها پێویستە پرسی دوو دیموکرات بۆ جارێک و بۆ هەمیشە یەکلا بکاتەوە بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵک لە چاوەروانیدا نەمێنێتەوە.

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕوانگەی گشتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەر دوو لایەنی دێمۆکرات لەو پرش و بڵاوییەدا تاوانبارن، پێتان وایە کە لە ئەگەری یەکنەگرنتەوەدا، چ ڕێکارێکی دیکە بۆ پێکەوە هەڵکردن هەیە؟

مێهرپەروەر: وەک لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوودا باسم کرد لێکدابڕان و جیابوونەوەی ئەمجارە کارێک نە بوو کە یەک لایەن بە تەنێ کردبێتی، بەڵکوو لە ڕاستیدا بە جۆرێک کارێکی هاوبەشی  هەر دوولا بوو. ئەگەر لایەنێک هەوڵی جیابوونەوەی دەدا لایەکەی دیکە بەشێوەیەک ڕێی بۆ ئەو لێکترازانە خۆش دەکرد. دیارە ئەوە ڕاستیە کە کە هەردوولا لەوکارەساتەدا بەرپرسیارن و ناتوانن خۆی لێ دەرباز و بەری بکەن و تاوانەکە بخەنە پاڵ ئەوەی دیکە. بارودۆخی سیاسی ناوچەکە ئەوەمان پێدەڵی کە ئەگەر تەنانەت دوو دیموکراتەکەش یەک بگرنەوە، مەترسیەکانی بەردەم پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەندە گەورە و بەهێزن کە بەرنگار بوونەوەیان زۆر زەحمەت و چەتوونە، چ بگا بەو حاڵەی کە پرش‌و بڵاو بن. هەر ئیستا زۆر مەترسی بەرواڵەت نووستوو لەو بەشەی کوردستاندا هەن کە ئەگەر هەلومەرجیان بۆ ئامادەبێت، ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیان دژ بە جووڵانەوەی کورد نیشان دەدەن و لە ڕاستیدا لەژێر چاودێری ڕیژیمدا چالاک دەبن. بۆیە ئەرکی مێژوویی سەرشانی هەردوولایە کە هەرچی زووتر و پێش ئەوەی ڕووداوەکان بەرۆکیان پێبگرێت هەوڵی جیدی و لێبڕاوانە  بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی دوودیموکراتی بێنن و یەکبگرنەوە. باوەر کەن لەو بارودۆخەدا سبەیش دێرە. ئەگەر چاوە ڕوانی ئەوە بن کە  بەبێ یەکگرتنەوە دەتوانن هاوکاری و هەماهەنگیان پێکەوە هەبێت، ناڵێم نامومکین بەڵام بەراستی زۆر بە دووری دەزانم و جگە لە ململانی و پرشوبلاوی زۆرتر بە داخەوە لەو بوارەدا ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ بەدی ناکەم.

ڕۆژی کورد: لە کۆتاییدا وێڕای سپاس بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا، ئەگەر قسەیەک یان تێبینییەکی پێویست هەیە کە دەتانهەوێ بیخەنە بەر باس، تکایە بفەرموون

مێهرپەروەر: هەموو کاتێک هیوادار و گەشبین بووم کە ئەو دوولایەنەی دیموکرات جارێکی دیکە ببنەوە بە حیزبەکەی جاران. بەڵام بە ڕاستی دوای تێپەر بوونی چەند ساڵ بە سەر وتوێژی بیئاکامدا، بەو قەناعەتە گەیشتووم کە مەگەر موعجیزەیەک!! ڕووبدا، دەنا هیچ هیوایەکم بە یەکگرتنەوەی دووبارەی حیزب نەماوە. سەرەڕای ئەوە، وەک کەسێک کە ساڵانێکی زۆر لەگەل ئەوهاورێانە هاوسەنگەر و هاوخەبات بووم، داوایان لێدەکەم  کە چیدیکە حیزب بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار نەهێنن. بەڵکوو کاریک بکەن کە حیزب ببێتەوە ئەو ئامرازە کە بەراستی لە خزمەتی بەرژەوەندیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێت ئەویش بەبێ بوونەوە بەیەک مومکین نیە.

 ڕۆژی کورد: بەرێز بابا عەلی میهرپەروەر سپاس بۆ کات و تێڕوانینەکانتان

  

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت