ئەو شێعرانەی خۆشم ئەوێن ١

0
1089

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

.

هەمیشە جەدەل و مشتومڕ و شەڕی شاعیرم لەگەڵ دەوروبەری خۆی خۆشویستووە، دیارە لە شێعردا. بەڵام لەوانە گرینگتر هەلومەرجێكە كە لەودا شاعیر هەڵوێست دەگرێ. هەڵوێستێكی شاعیرانە و دوور لە دروشم و تەنز. دروشم و تەنز ئەو دوو كاتالیزۆرەن كە ”شت” دەسوون، نەرمی دەكەنەوە، جوانی دەكەن و لە كۆتاییدا خۆی پرسیارەكە دەسڕنەوە. چونكە ئەوان شارەزان كە چۆن ”شت” بكەن بە ”نا شت”، ناشتێكی بێزهەستێن. من بێزم دەبێتەوە لە دروشم و لە تەنزیش، كاتێك كە گشتگیر دەبێتەوە. شیعری تاكسی هەتا دڵتان بخوازێ لەم دووە بەتاڵە. شێعرێكە كە بە فۆرمەكەی چاومان فریو دەدات و پێمانوایە كە دەیهەوێ دژایەتیی مانا بكات، بەڵام هەر لە سەرەتاوە دەست دەكات بە ماناسازی.

لە تەكسیدا هەمیشە دەم پان دەكەمەوە
یانی پێدەكەنم
لە تەكسیدا بە درۆ پێدەكەنم…

ئەم شێعرە پڕە لە كایەی زمانیی زۆر ورد كە زۆر خاكەڕایانە بارێكی قورسی ماناییان وەئەستۆ گرتووە.

تەكسی لە هەولێر خڕە و رادیۆ

ژیان لە دەرەوەی تەكسی بەڕێدا دەڕوا
پەنجەرە و دیواری بیناكان
بەپەلە تێپەڕ دەبن و دەچنە سەر كاری خۆیان…

خاڵی ئاشكرای ئەم شێعرە خۆ دوورگرتنیەتی لە مێتافۆر، بەڵام ئایا دەكرێ مانا بگوازیتەوە و شێعرییەت رابگری و مێتافۆر بەكارنەهێنی؟ من دەڵێم تەنیا كاتێك دەكرێ كە مێتافۆر خۆی بەشێك بێت لە راستی. بۆ نموونە تەكسی لێرەدا مێتافۆر بۆ هیچ نییە خۆی نەبێت، خۆیەك لە كات و شوێنێكی دیاریكراودا. ئەو شتانەی كە دەكرا لەم شێعرەدا مێتافۆر بن زیاتر هێمان. واتە ئەگەر تەنانەت بمانەوێ جگە لە خۆیانی بۆ وێنا بكەین، ئەو كاركردە هێمایینە نەك شوبهێنراو. تەكسی بارستێكە كە هەستی پێدەكرێ. ئۆبژەیەكە لە سەرووی ماناوە. كەواتە دەتوانێ هەم بە جێگای ئۆبژە و هەم بە جێگای سوژە دابنیشێت و ئەوە بەردەنگە (هەركەسێك بێجگە لە شاعیر) كە پێوەرە.

شێعری تەكسی لەگەڵ ئەوەی كە كۆمەڵێك نیشانەی بێدەنگ دەدا بەدەستەوە، زۆر روون و راستەوخۆ دەدوێ و ناكەوێتە ژێر گوشاری ئاڵۆزكران و لەلایەكی دیكەشەوە بەردەنگ بە هیچ شتێك ناچار ناكات خۆی نەبێ. من ئەم شێعرە بە شێعرێكی ئاوانگارد (بە مانا باوەكەی) نازانم و خۆی شێعرەكەش وەها ئیدیعایەكی نییە. ئەگەرچی ئێلێمانگەلێكی تێدایە كە بمانخاتە دۆخێكەوە ئەم ناونیشانەی بۆ قبوڵ بكەین. لێرەدا مەبەستم لە ئاوانگارد شێوازێكی نووسینە كە تایبەتمەندیی دیاریكراوی خۆی هەیە.

بەرهەمێكی ئاوانگارد (لێرەدا شێعرێكی ئاوانگارد) ئەگەرچی وەكوو ناو و مانای ناوەكەی دەلالەت لەسەر پێشڕەوبوون دەكات، بەڕای من بەرهەمێكە كە لە ”لە ئێستادا ژیان”دا پێشڕەوە. بەرهەمی ئاوانگارد بەرهەمێكە كە لە ئێستادا دەژی و ئەو ئێستایە جیهانگیرییە. واتە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ لۆكاڵیبووندا نێوانی نییە. بۆ شیكردنەوەی زیاتر پێویستە بگوترێت كە ”لە ئێستادا ژیانی شێعرێكی ئاوانگارد” پەیوەستە بە هەموو تایبەتمەندییەكانی ئەم چاخەی كە تێیدایەتی و ئەوەی كە شێعری ئاوانگارد هەوڵ دەدات بە تاواندنەوەی تێز و ئانتی تێز لە خۆیدا سەنتێزی سەردەم بەرهەم بهێنێت.

(دیارە باسی شێعری ئاوانگاردی سەركەوتوو و بنەمادار دەكەم نەك ئەم بارستە بێبەزەییەی كە ئەمڕۆكە بە زۆری وەكوو شێعری پێشڕەو ناودەبرێ). هەر بۆیە لە كۆمەڵگای ئێمەدا بە رەشبینییەوە سەیری شێعری ئاوانگارد دەكرێ. هۆكاری ئەمە ئەوەیە كە زەوق و سەلیقە و ویستی كۆمەڵگا هەمیشە هەنگاوێك لە دوای شاعیرەوەیە. هێشتا بەردەنگ ئامادە نییە و شاعیر دەیەوێ هەنگاوێكی تریش بەرەو پێشەوە بڕوات، چونكا دنیا خەریكە بەرەو پێشەوە دەڕوات.

لەم حاڵەتەدا شاعیر هەمیشە كوڕی سەردەمی خۆیەتی (سەردەمێكی بەگڵۆباڵكراو) و ئەوە بەردەنگە كە لە دواوەیە. لێرەدایە كە لەبارەی ئەم شێعرەوە تووشی دوودڵییەك دەبین. دوودڵی لەوەی كە ئەم شێعرە بە ئاوانگارد بزانین یان ”ئەزموونگەرا”؟ چونكا هەروا كە هەڵخزانی دالەكان لەبەردەست یەكێك لە تایبەتمەندییەكانیەتی كە راستەوخۆ پەیوەستە بە تایبەتمەندیی تەقینەوەی زانیاری و شیتاڵ شیتاڵ بوونەوەی مانا لە دنیای نوێدا، دەبینین كە لەم شێعرەدا ماكێك هەیە ئەم پەڕاگەندەییە كۆدەكاتەوە و بە شێوەیەك یەكدەستییەكی فۆرماڵ و تەنانەت مانایی پێدەبەخشێ. هەر ئەم شتەیە وای لێدەكات بەردەنگێك كە تۆزێك ئامادەیی تێدابێت حەز بكات چەندین جار گوێی لێبگرێت.

بە دڵنیاییەوە دەستبەردان لە فاكتەرە جوانیناسانەكانی باو یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی هونەری ئاوانگاردە بۆیە لێرەدا كە ئەو دەستبەردانە نابینین و هەست دەكەین شاعیر زۆر بە هەستی بەرپرسیارێتییەكی جێگای تێگەیشتن ئەم بەرهەمەی خولقاندووە و لەوە زیاتر، لە چوارچێوەی هونەر بۆ هونەردا كە یەكێك لە پێناسەكانی هونەری ئاوانگاردە، خۆی پێناسە نەكردووە، تێدەگەین كە لەگەڵ شێعرێكی ئەزموونگەرادا بەرەوڕووین. شێعرێك كە ئانتی تێزی كڵێشەگەلی جوانیناسانەی زەمانی خۆیەتی و پێداگرییەكی لەسەر دەردانی سەنتێز نییە.

شێعرێك لە دەلاقەی تەكسییەوە دنیایەكمان پیشان دەدات كە بۆ زۆربەمان ئاسایی بووەتەوە. دنیایەكی تەواو كوردی كە لە خۆی نامۆ بووە. ئەوەندە لە خۆی نامۆیە كە شاعیر تەنیا دەتوانێ بەم نامۆبوونە پێبكەنێ. شاعیر بە پێكەنین بە دۆخێك كە باسی دەكات، پاسیڤ كرانی مەحتوومی خۆی نمایش دەكات ئەویش بە دەم پانكردنەوە.

نیشانەگەلێكی وەكوو بازنە و جاران یارمەتیی خوێنەر دەدەن كە چاویان لەسەر هێڵی هزریی شاعیر بێت و گەشتێك كە شاعیر لە نەستی خۆیدا كردوویەتی، بزر نەكا. لێرەدایە كە شاعیر یەكێك لە هەستەكانی خوێنەر كە هەمان بینین بێت بەكاردەهێنێ بۆ ئەوەی یارمەتی خوێنەر بدات كە قووڵتر بێتەوە. كە یارمەتی خۆی بكات هەتا شیاوتر دەرببڕێ.

من ساماڵم هەمیشە وەكوو شاعیرێكی بەپارێز ناسیوە. ئەمە هەمان ئەو شتەیە كە لەسەرەوە ناوم نابوو هەستكردن بە بەرپرسیارێتی. ساماڵ لەبەرانبەر بەردەنگدا خۆی بە بەرپرس دەزانێ. لەو شاعیرانە نییە كە بە ناوی نوێگەرییەوە لە بن باری بەرپرسیارێتی دەربچێت. ئەدەبیات بۆ ئەو شتێكی ئەگەر نەڵێین پیرۆز، بە بایەخە. ئامادە نییە بە هیچ بیانوویەك هەنگاوی هەڵە و كوێری تێدا هەڵبگرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.