ئەوكلیكەی هەموو درگاكانی داخست

0
734

 دیاكۆ ڕۆژهەڵاتی

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی  هەڵبژدن لە هەر وڵاتێك‌دا ئەوەیە كە، ئەو كەس و لایەنانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكە دەپاڵێون، كۆمەڵێك بەرنامە و دوروشم دەكەنە بنەمای كاری  خۆیان و بەو كەرەستانەوە، دەچنە نێو كێ بڕ كێی هەڵبژاردنەكەوە و بەوشێوەیە، خۆیان بە خەڵكی دەناسێنن و داوایان لێدەكەن، دەنگ بدەن بەو دوروشمانە و بەو هۆیەوە هیوادارن، سەرنجی خەڵكی بەرەو لای خۆیان و بەرنامەكانیان ڕابكێشن، تا دەنگ بێننەوە و براوەی هەڵبژاردنەكە بن و دەسەڵات وەدەس بێنن و  لەماوەی دەسەڵات دارێتیدا ئەو بەرنامانە، كە داخوازی ئەوانیشە جێ بە جێ بكەن.

ئەو دوروشمانەی كە بەربژێرەكان هەڵی دەبژێرن، لە گەڵ كێشەو گیر و گرفتەكانی خەڵك لەو سەردەمەدا یەك دەگرنەوە و ئەوان هەوڵ دەدەن ئەگەر هەر بۆ دەنگەشەش بێ ، حەز و خولیاكانی خەڵك لە بەر چاو بگرن و لە بەرنامەو دوروشمەكانی خۆیاندا، لەماوەی بانگەشەی بەر لە هەڵبژاردندا بیانگونجێنن و سەرنجی زیاتری خەڵك بۆ لای خۆیان ڕابكێشن.

دیارە شێوەی هەڵبژاردن لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێك و لە ئایدولۆژیایەكەوە بو ئایدۆلۆژیایەكی دیكەوە گۆڕانی بەسەردا دێ و دەسكەوت و خەسارەەكانیان وەك یەك نێن. لە وڵاتە ئازاد و دێموكڕاتەكاندا دوای هەڵبژاردن خەڵك داوای جێ بەجێكردنی وادەكان دەكەن و ئەگەر ئەو كارە نەكرێت دەڕژێنە سەر شەقامەكان و لە دەسەڵات وەدەنگ دێنو  لێ قەبووڵ ناكەن. بەڵام لە وڵاتانی نادێموكڕاتی توتاریتێری وەك ئێراندا هەر كەس وستەی لێوەبێ وستەی لێ دەبڕن.

لەماوەی دەسەڵات داری كۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەدەیان هەڵبژاردن ڕێكخراوە و بەڕێوە چون و بە هۆی ئەوانەوە، دەمو چاوەكان لە دەسەڵات‌داگۆڕاون و دیارە هەموویان بە بەرنامەو دوروشمی جیاوازەوە چوونەتە سەر كورسی دەسەڵات و ماوەكەی خۆیان تێ پەڕاندووە و بێ ئەوەی ئاوڕ لە دوروشم و وادەكانیان بە خەڵك بدەنەوە، هەر بە تەشییەكەی دەسەڵات ڕستوویانە و پاش چەند ساڵ لە هەڵبژاردنێكی دیكەدا، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانێك ڕووی دابێ، جێی خۆیان داوە بە كەسێك یان كەسانێكی دیكە وخۆیان لە شوێنێكی دیكە دەست بە كار بوونەتەوە و بە باڵای ڕژیماندا هەڵكوتۆتەوە.

هەڵبژاردن لە ئێراندا بۆ خۆی چیرۆكێكی جیاوازی هەیەو لە گەڵ هیچ پێوانەیەكی جیهانی و دێموكراسیدا یەك ناگرێتەوە و لەو  بارەوە بۆ خۆی بەڕاستی شتێكی جیاوازە و بە هۆی ئەو داڕشتنەی بۆ شێوەی دەسەڵات دارێتی داڕێژراوە، ئەوان كەمتر كاریان لە دەست دێ و زیاتر وەك كارمەندێكی بەر دەستی دەسەڵات چاویان لێ دەكرێ. دیارەو  شتێكی ئاشكرایە كە هەڵبژاردن لە ئێراندا دەسەڵات وەك دەنگێكی ئۆكەی بۆ خۆی چاوی لێ دەكات و لەوە زیاتر مانایەكی دیكەی نییە و ئەوەندە گوێ بە دەرەنجامەكانی نادات. چونكە هەر كەس سەر كەوێ، ناتوانێت لەو هێڵەی لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆی دەكێشرێت ناتوانێت تەخەتی بكات.

     لە ئێران بۆ شۆڕای شارەكان و پاڕلمان و پۆستی سەركۆماری بە ڕواڵەت دەنگی خەڵك وەردەگیرێن. بەڵام ئەو كەسانەی دەنگیان دەدرێتێ لە نێو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵات‌دا، چ شۆڕا و چ نوێنەرانی پاڕلمان و چ سەركۆمار، هیچیان دەسەڵاتێكی وایان نییەو سەرەنجام، ئەو دوروشمانەی لە ماوەی بەر لە هەڵبژاردن‌دا هەڵیدەگرن و باسی لێوەدەكەن بۆیان ناچێتە واری جی بەجێ كردن و ئەو وادە و بەڵێنانەی بە خەڵكی دەدەن. لە كۆڕی هەڵبژاردنەكان واوەتر ناچێ و هەر لە منداڵدانی دایك دا دەمرن و دووپەلە نابن.

    لەم هەڵبژاردنانەدا ئەوەی بەرزترین پلەی دەست دەكەوێ سەرنجی زۆر تر بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت. هەڵبژاردنی سەركۆمار ئەو هەڵبژاردنەیە كە زۆرترین دەنگ  و مشت و مڕی لێ سازدەبێ.

      لەماوەی  ئەم سی و چەند ساڵەدا پاڵێوراوەكانی پۆستی سەركۆماری كە هیچیان بۆ لایەنی دەسەڵات، واتە قەڵا نشینەكانی بەیتی ڕەهبەری، تۆفیرێكیان نیە بووە. هەوڵیان داوە بە دوروشم و بەرنامەی ڕەنگاو ڕنگی جیاوازەوە  پێ بنێنە مل ملانێی هەڵبژاردنەوە و خۆیان بە ڕیفۆرم خواز و سوننەتی بە خەڵك ناساندووە. بە ڵام لە ئاكامدا هەر كەسێكیان سەركەوتبێ لە ماوەی سەركۆماری‌دا هەر گوێی لە لای قەڵای  ڕێبەری بووە و ئەوەی ئەو كوتوویەتی و فەرمانی پێداوە بەڕێوەی بردووە و پێی لە سەر وادە و بەڵێنەكانی خۆی داناوە و لە ئاكامدا ئەو خەڵكەی دەنگیان پێدەدەن دەبنە مامە شوانەی ڕەنجەڕۆ و دەم لە پووش دەمێننەوە.

   لە ماوەی بەر لە هەڵبژاردنی سەكۆماری لە خولی یازدەهەم‌دا، پاڵێوراوەكانی ئەو خولە چەند ڕوخسارێكی جیاواز بە دوروشم و بەرنامەی بەنێو جیاوازەوە  هاتنە گۆڕەپانەكەوە و هەمیسان خەڵك لە دەوریان كۆبوونەوە و باس و خواسی جیاواز هاتنە ئاراوە و دیسان ڕیفۆرم خوازەكان، كەوتنە بەر سەرنجی هەندێك كەسی بە نێو سیاسەت مەدارو ڕووناك بیر،  دەنگ مەدەن بەم  و باڵی فڵانكەس بگرن، دەستی پێكرد و هەندێك لە سیاسەتمەدارەكانی دەرەوەش، بە زمان چەوری و بۆیان كەوتنە قلەسەما و پێیاندا هەڵكوتن.

  لەنێو ئەو پاڵێوراوانەی بۆ ئەو خولە بەر بژێر كرابوون، ئەوەی توانی سەرنجەكان زیاتر بۆ لای خۆی ڕاكێشێت و دوروشمەكانی لەوانی دیكە پڕ زریقەو بریقە تربوو سەر كۆماری ئێستا، حەسەن ڕۆحانی بوو. ئەم پیاوە لەبەر ئەوەی لە لایەن چەند كەسێكی ڕیفۆرم خوازی  وەك خاتەمی و كەسانێكی دیكەوە پشتیوانی لێكرا  خەڵكێكی زۆری لە دەورە هاڵا. ئەوەی لە نێو دوروشمەكانی ڕۆحانی‌دا زەق و بەرچاوە و لە نێو خەڵك‌دا ماوەتەوە هەر ئەو كلیلەیە كە بەردەوام لە ماوەی هەڵبژاردندا بە دەستییەوە بوو  بەردوام نیشانی خەڵكی دەدا.

    نە ئەو كلیلەو نە ئەو دوروشمانەی لەو ماوەدا بە خەڵكی ڕاگەیاند، هەتا ئێستا هیچیان نەهاتوونەتە دی و هەر لە جێی خۆیاندا ماونەتەوە. ئەو كلیلەش درگای هیچ گرفتێكی نێو خۆیی پێنەكراەتەوە و كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و نەتەوییەكانی ئێران، هەر لە جێی خۆیاندا ماونەتەوە و ژنان هەر لەقەفەزی چارشێو دا دیلن و پیاوان، بە دەس بێكاری و گرانی و دەستەنگییەوە دەناڵێنن. ئەو درگایانەی بەر لە هاتنی ئەو بۆ بژیوو گوزەرانی خەڵك لە سەر پشت بوون، دانە دانە داخران و ئێستا ئەم دەوڵەتە، بە تەواوی دەستی ناوەتە بینەقاقای ئەو خەڵكە و لە هەموولایێكەوە خەریكە دەیان خنكێنێت. بەرە بەرە پێداویستییەكانی ژیان گران دەبن و نانی لە سەر سفرەی خەڵك هەڵگرتووە و بە گرانكردنی  ماڵیات و ئاو و برق و تەلەیفوون و گاز، گیرفانی دەوڵەتی ئاخنیوە. هەر ڕۆژەی بە بیانوویەك دەست دەكا بە گیرفانی خەڵك‌دا و بێ سەرنجدانە، هەژاری و  بێكاری خەڵك، دەیان ڕووتێنێتەوە و لە سەر ساجی عەلی داناون. ئێستا زیندانەكان لە جیا بیران جممەیان دێ و لە سێدارەدان و كوشتن و  بەرتیل خۆری و پارت و پارت بازی، وەك مۆتە بە سەر وڵات‌دا كشاوە. ڕێژەی تەڵا ق  چۆتەسەرێ و بە هۆی بێكاری و دەستنگەییەوە، ماڵەكان پڕ بووەن لە پیرە كچ و پیرە كوڕ.

    ئەوەی لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا  بۆ تیمەكەی حەسەن ڕۆحانی گرینگ بووە كردنەوەی درگاكانی دەرەوەبووە بە ڕووی كۆماری ئیسلامی‌دا بووە و هیچ سەرنجێكی ئەوتۆی نداوەتە گوزاران و ئابووری خەڵك و ئەوەی لە ڕێی ئەو ڕێكەوتنە ئەتۆمییەوە دەستی خەڵكی ئێران و ناوچەكە كەوتووە، بە كوشت دانی كۆمەڵێك پاستاڕ و زیاد كردنی هەتیو هەتیوباران بووەو ئاوردوویەكی باشی بۆ ئاگری شەڕەكانی سوورییە و ئێراق و یەمەن دابین كردوەو و نەی هێشتووە ئەو شەرانەی بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵی ئایساندبوون بكووژێنەوە. ئێستا دەبینین لێدوانی فەرماندەكانی سپا زۆر  لە لێدوانەكانی حەسەن ڕۆحانی و وەزیرەكانی زۆرترن و باسی شەر و كوشتار و شەهادەت، لە باسی ئاوەدانكردنەوە و ژیان و ژیانەوە زۆرترە.

   گرنگایەتی ئەو ڕێكەوتنە بۆ كۆماری ئیسلامی لەوەدا دەردەكەوێ كە كاتێك ترامپ لە ئەمریكا دەنگی هێنایە، ئەو كەس و بەر پرسانەی پێشتر باسی خراپی ئەم ڕێكەوتنەیان دەكرد و وایان بە خەڵك دەنواند كەناڕازین ، ئێستا بە ئاشكرا ترسیان لەوەی نەكان تراكپ  وادە هەڵردنەكەی خۆی بەرێتە سەرێ و ڕێكەوتنەكە هەڵ بوەشێنێتەوە لێنیشتووە و لەم لاو ئەولا، لێدوان دەدەن و دەڵێن ترامپ ناتوانێ هەر وا بە ئاسانی ئەو ڕێكەوتنە هەڵ بوەشێنێتەوە.

 ئێستا دوای نزیكەی چوار ساڵ، ئەو كلیلەی قەراربوو قوفڵی درگاكان بكاتەوە و ئابووری ببوژیێنێتەوە و ژیان جوانتر كات و خەڵك، بەرەو فەرعانە بەرێت، خەریكە دانە دانە درگاكان بەڕووی خەڵك‌دا دادەخات و ژیان و ئازادی بەرتەسك دەكاتەوە و دەبێتە ئەو كلیلەی، هەموو درگاكانی بەڕووی ئازادی ژیان گوزەرانی خەڵك‌دا داخست.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت