ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەردانی ئێرانی کرد+وتووێژی تایبەت

0
931

ڕۆژی کورد: ماوەیەک دوای خۆبواردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی لە سەفەر بۆ تاران و هەروەها ڕاگەیاندنی ئاشکرای ئەلعەبادی لە بێ لایەنگرمانەوەیان لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆماری ئیسلامی، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی بانگهێشتی تاران کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێنەکانی یەكگرتوو، سەلاحەدین بەهائەدین لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەمەڕ بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراق گوتوبێژ دەکات.

میدیاكانی یەكگرتووی ئیسلامی بڵاویانكردەوە: “لەسەر بانگهێشتی وڵاتی ئێران ئەمڕۆ ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی دەگاتە وڵاتی ئێران”.

بەگوێرەی زانیارییەكان: “ھەر ئەمڕۆ شاندی یەكگرتوو لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئێران كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەكەن”.

تاهیر حەسەنی
تاهیر حەسەنی

تاهیر حەسەنی، چالاکی سیاسیی کورد، لەمەڕ ئەگەر و هۆکارەکانی ئەو بانگهێشتە بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە هەوڵ دایە تا لەو شوێنانەی کە ئەمریکا پێگەی هەیە و ئێران بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانێ، ئاژاوە و بشێوی بنێتەوە کە هەرێمی کوردستانی باشوور یەکێک لەو شوێنانەیە و لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی پێویستیەکی زۆری بە نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکیی نوێ لە هەرێم هەیە و ئەمجارە ئەو کارە لە ڕێگای یەکگرتووی ئیسلامییەوە دەکات”.

حەسەنی لە درێژەدا پەنجە بۆ نزیاکەیەتیی یەکگرتوو و کۆماری ئیسلامی ڕادەکێشێ و دەڵێ: “کۆماری ئیسلامی و ئیسلامییەکانی هەرێم وبە گشتی و یەکگرتوو بەتایبەتی، مێژوویەکی قووڵ لە پێوەندی و دۆستایەتی و هاوکارییان پێکەوە هەیە بەڵام لە ئێستادا کە بەتایبەتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئێران پرینگاوەتەوە و بەرەیەکی دژ بە ئێرانی بۆ هاوپەیمانەتی هەڵبژاردووە، کۆماری ئیسلامی لەلایەن باڵێکی یەکیەتی نیشتمانییەوە، خۆی لە ئیسلامییەکان نزیک دەکاتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا کە دەسەڵاتێکی سیاسی و چەکداریی ئەوتۆیان لە هەرێم نیە بەڵام وزەیەکی باشیان بۆ ئاژاوە نانەوە و گرێ خستنە ناو پرۆسە و کارەکان هەیە کە ئەوەش ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیە”.

لەمەڕ کاتی بانگهێشتەکە و هەروەها مژاری بەرباس بۆ ئەو سەردانە، ئەو چالاکە سیاسیە کوردە دەڵێ: “مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی باشوور، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەردانی بۆ ئێران، تا ئێستاش نەچووە و خۆی بواردووە، عێراقیش لەم دوو ڕۆژەی دواییدا بێ لایەنیی خۆی لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیاند، ئەردۆغانیش دەستی کردووە بە سەردانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوەش دوای پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ ترامپ بووە، کەواتە کۆماری ئیسلامی هەر هێزێکی بچووکیش ببینێتەوە کە بتوانێ ئاژاوە بنێتەوە، وەک هێزێکی گەورە حیسابی بۆ دەکات و ئێستاش پێویستترین کاتە بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ نانەوەی ئاژاوە ئەویش لە ژێر ناوێکی ئیسلامی و لە رێگای گرووپێکی ئیسلامییەوە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت