ئەمریکا، سپای تیرۆریستیی پاسدارانی بە پێکهێنانی بەستێن بۆ هێرشی مووشەکی بۆ سعوودیە تاوانبار کرد.

0
633

ڕۆژی کورد: دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە 20ی دیسامبر بەرانبەر لەگەڵ ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، یەک ڕۆژ لە دوای هێرشی مووشەکیی ئەو دواییانەی حوسیەکان لە یەمەنەوە بەرەو فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە سعوودیە، لە پەیوەندیەکی تەلەفوونی لەگەڵ مەلیک سەلمان، پاشای سعوودیە، وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆی لە سعوودیە، سپای تیرۆریستیی پاسدارانی بە خۆش کردن و پێکهێنانی بەستێن بۆ ئەو هێرشە مووشەکیە تاوانبار کرد.

بەپێی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی، ترامپ جەختیشی کردۆتەوە کە، دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی پێشێل کردنی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ئێرانەوە، دژکردەوەی پێویست بنوێنێ.

تێرزا می، سەرۆک وەزیرانی بریتانیاش لە پەیوەندیەکی تەلەفوونی دا، وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هێرشە، داوای کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان، دژکردەوەی پێویستی هەبێ.

ڕۆژی سێ شەممە، نیکی هیلی، نوێنەری ئەمریکا لە شۆڕای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، گوتبووی، ئەو مووشەکە نوێیەی کە لەلایەن حوسیەکانەوە بەرەو سعوودیە هاویشتراوە، سەرجەم نیشانەکانی ئێرانی بوونی تێدایە.

حوسیەکانی یەمەن، ڕۆژی سێ شەممە 19ی دیسامبری ٢٠١٧، جارێکی تر، هێرشێکی مووشەکیان بەرەو سعوودیە ئەنجام دا.

تا ئێستا ڕوون نیە کە ئایا سعوودیە سەرکەوتووە ئەو مووشەکە بەتەواوی لە ناو ببا یان نا.

بەشێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو مووشەکە، بە هۆی گوشاری هەوا، بۆخۆی لە ئاسماندا بووە بە دوو لەت و سامانەی پەدافەندی سعوودیە بەتەواوی نەیتوانیوە لە ناوی ببات.

ئەگەر ئەوە ڕاست بێ، ئەوە بەو واتایەیە کە سعوودیەکان لە مەترسیی ئەو هێرشانە دان و بۆیەش چاوەڕوان دەکرێ، دژکردەوەی خێراتر لە خۆیان نیشان بدەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.