ئەفسانەی تاراما لە جزیری کوردستان

0
1600

ڕۆژی کورد: “تاراما” کچێکی لەڕادەبەدەر جوانی قەشەیەکی ئەرمەنی ـیە کە لە دوڕگەیەک لە نزیک باژێری “وان” هاوڕێ لەگەڵ باوکە قەشەکەی دەژی و جوانییە لەڕادەبەدەرەکەی وای کردووە هۆش و گۆشی لە لاوانی جزیر بڕیوە و هەموویان بەو ئاواتەوە دەژین، تاراما سیلە چاوێکیان لێ بکات، بەڵام تاراما شەیدای کوڕە شوانێکە کە دوور لە جزیر دەژیت.

تاراما، هەموو نیوەشەوانێک چرایەک یان تشکێک بە نیشانە هەڵدەکا و لە بەرزایی شاخێکەوە یان شوێنێکی بەرز، چاوەڕوان دەبێ و کوڕە شوانە بە مەلە لەوبەری دوڕگەوە بە هەناسەبڕکە و هەڵەداوان، خۆی دەگەیێنێتە تاراما.

شەوێک لە شوان، قەشە بەو نهێنییە دەزانێ و بۆ ئەوەی کە بەر بەو ژوان و دڵدارییە بگرێت، کچەکەی بە گیراوەیەکی ئەفسووناوی لە خەو دەکات و ئەنجا خۆی دەچتە بەرزاییەک و وەک تاراما، چرایەک هەڵدەکا و چاوەڕوانی کوڕە شوانە شەیداکە دەکات.

هەر کات کوڕە شوانە دەگاتە شوێنی چراکە، قەشە چراکە دەباتە شوێنێکی دوورتر و بەرزتر و کوڕە شوانە بە هیوای بینینی تارامای گراوی، بەرەو ئەو شوێنە دەست دەکاتەوە بە مەلە و ڕاکردن و ئەوە بەردەوام دەبێت…

لە ناکاوێک کوڕە شوانە لە ناو کۆمەڵە شەپۆلێکی چڕدا، بەوپەڕی بێ هێزی و ماندوویی و شەکەتییەوە، گیر دەخوات و هاوار دەکات “ئاخ تاراما……ئاخ تاراما!!”، بەڵام تارامایەک نیە تا بە هانایەوە بچێت و لە ئەنجامدا لە ناو گێژاوی شەپۆلەکاندا بزر دەبێت و ڕۆدەچێت.

تاراما کە بە دەنگی کوڕە شوانە کە لە ناو شەپۆل و زریانەکەدا دەنگ دەداتەوە لە خەو هەستاوە، چاوی بە کوڕە شوانە دەکەوێ کە وا خەریکە لە ناو ئاوەکە ڕۆدەچێ و لە چاوان بزر دەبی، خۆی دەخاتە ناو ئاوەکەوە و ئەویش بزر دەبێ.

ئێستا چەندین سەدە دوای ئەو ڕووداوە، هەموو نیوەشەوانێک، دەنگی کوڕە شوانە لە جزیر دەنگ دەداتەوە و دەنگی “ئاخ تاراما… ئاخ تاراما” لە گوێی جزیریەکاندا دەزرینگێتەوە.

ئەو دوڕگەیە ئێستا ناوی “ئاخ تاراما” /یان » Akdamar “ئاکداراما” یە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت