ئەردۆغان دوای چاوپێکەوتن لە گەڵ ترامپ ئەڵێت ئامریکا بە هۆی کڕینی سیستەمی ئێس٤٠٠ تورکیە بایکۆت ناکات

0
658

ڕۆژی كورد :
کڕینی سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس٤٠٠ی ڕووسی لە لایەن تورکیە و ئەگەری بایکۆتی ئەم وڵاتە لە لایەن ئامریکاوە گرینگترین بابەتی چاوپێکەوتنی ئەردۆغان لە گەڵ ترامپ بوو. ئەردۆغان ئەڵێت : ترامپ وڵاتەکەی بایکۆت ناکات و بڕیارە مانگی تەمووز تورکیە سیستەمی ئێس ٤٠٠ ڕاگوێزێت.

دۆناڵد ترامپ و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکانی کۆماری ئامریکا و تورکیە سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی حوزەیران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی ٢٠ لە شاری ئۆزاکای وڵاتی ژاپۆن چاوپێکەوتنیان پێکهێنا. لە نێوان هەر دوو وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەکانی “ناتۆ” و “هاوپشکانی ستراتێژی” بابەتی ئاڵۆز و پڕکێشە بۆ وتووێژ زۆرن. ترامپ پێش لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ئەردۆغان باسی لەوە کردبوو کە پێشتر داوای لە سەرۆک کۆماری تورکیە کردووە هێرش نەکاتە سەر کوردەکانی هاوپەیمانی واشنگتۆن لە وڵاتی سووریە، بەڵام ئەو گوێڕایەڵی نەبووە و بە قسەی نەکردووە.
گرینگترین بابەتی وتووێژی ئەردۆغان لە گەڵ ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا باس لە مەڕ کڕینی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئێس ٤٠٠ لە وڵاتی ڕووسیە بووە. ئامرێکا پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو لە ئەگەری کڕینی ئەم سیستەمە لە لایەن تورکیاوە بایکۆت بخاتە سەر وڵاتەکەیان. چاوپێکەوتنی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە لە گەڵ ترامپ لە پەراوێزی دانیشتنەکانی گرووپی ٢٠ دەوروبەری ٣٥ خۆلەکی خایاند. پێش لەم چاوپێکەوتنەش لە کاتی خواردنی نانی ئێوارە ئەردۆغان لە تەنیشت ترامپ دانیشتبوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵنێری ئاناتۆلی تورکیە، لەم چاوپێکەوتنەی ئەردۆغان لە گەڵ ترامپ، مەولوود چاوش ئۆغڵوو وەزیری کاروباری دەرەوە، بەرات ئاڵبایراک وەزیری دارایی و خەزانەداری، خۆلووسی ئاکار وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵین وتەبێژی کۆشکی سەرۆک کۆماری تورکیە ئامادەییان بووە و هاوبەشی دانیشتنەکە بوون.
سەبارەت بە ئەگەری بایکۆت بۆ سەر تورکیە لە ئەگەری کڕینی سیستەمی ئێس ٤٠٠ ترامپ باسی ئەوەی کردووە : کڕینی سیستەمی ئێس ٤٠٠ لە لایەن تورکیاوە بابەتێکی ئاڵۆزە، ئێمە بە دوای ڕێگاچارەی جوراوجۆرەوین، پێویستە لە بەرانبەر تورکیادا دادپەروەرانەتر هەڵسووکەوت بکەین. بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەواڵنێری ئاناتۆلی ترامپ ئاماژەی بەوە کردووە کە دەوڵەتی ئۆباما لە مەڕ کڕینی سیستەمی بەرگری پاتریۆت لە گەڵ تورکیە دادپەروەرانە هەڵسووکەوتی نەکردووە. هاوکات ترامپ جەختی لە سەر ئەوە کردووە تورکیە ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆ، دۆست و هاوپشکێکی گەورەی بازرگانی وڵاتی ئامریکایە. ناوەندی هەواڵنێری ئاناتۆلی بە پێی گۆتەی ترامپ نووسیوەتی : ئامریکا بە تەمایە ڕادەی ئاڵووگۆڕەکانی بازرگانی خۆی لە گەڵ تورکیە بگەینێتە ڕێژەیەکی سەرووی ١٠٠ ملیار دۆلار.
دوابەدوای چاوپێکەوتنی سەرۆک کۆماری تورکیە لە گەڵ ترامپ، ئەردۆغان لە دانیشتنێکی هەواڵنێری لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی سەرۆکانی گرووپی ٢٠، بابەتی سیستەمی ئێس ٤٠٠ی دووپات کردەوە و باسی ئەوەی کرد کە بڕیار وایە ڕووسیە سیستەمی بەرگری دژه‌ مووشه‌كی ئێس ٤٠٠ لە سەرەتای مانگی تەمووز دەوروبەری دوو حەوتووی دیکە ڕاگوێزێت و دوای ئەوەش هەڵوەشاندنەوەی وەها گرێبەستێک بۆ دەوڵەتی تورکیە شیاو و جوان نیە، و ئەم ساتووسەوادا کۆتایی پێهاتووە. ئەردۆغان سەبارەت بە ئەگەری بایکۆتی وڵاتەکەی لە لایەن ئامریکاوە جەختی لە سەر ئەوە کرد : ئەمڕۆ ترامپ چارەنووسی ئەم بابەتەی دیاری کرد، ئەوەی کە وەها ڕووداوێک هەرگیز ڕوو نادات ئەوەمان لە زمانی خۆی بیستووە و گوێمان لێبوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.