ئێران یه‌كێك له‌ باسه‌ سەرەکیه‌كان لە وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی سویسرا و هۆڵەند لە سەفەری مایک پۆمپێئۆ بۆ ئۆروپا

0
628

رۆژی كورد :
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣٠ ئایار بەرەو ئۆروپا ڕێدەکەوێت تا لە گەڵ بەرپرسانی دوو وڵاتی ئۆروپایی کە پێوەندی و نزیکایەتیەکی باشیان لە گەڵ ئێران هەیە چاوپێکەوتن و وتووێژ پێک بێنن.

بە پێی ڕاپۆرتێکی واشنگتۆن پۆست مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا سەرەتای سەفەرەکەی ئەچێتە وڵاتی سویسرا و بە تەمایە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەو وڵاتە بمێنێتەوە. باڵوێزخانەی سویسرا لە تاران پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئامریکایە لە وڵاتی ئێران. دواتر مایک پۆمپێئۆ سەفەر ئەکات بۆ شاری لاهە لە وڵاتی هۆڵەند و بە پێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ئێران یەکێک لە بابەتە سەرەکیەکانی وتووێژەکانی پۆمپێئۆ دەبێت لەم وڵاتانە.
سەفەری پۆمپێئۆ هاوکاتە لە گەڵ ئەوەی جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری گشتی ئاسایشی نێونەتەوەیی کۆشکی سپی ئەم حەوتووە لە ئەمارات ئامادە دەبێت. جان بۆڵتۆن پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوە کرد زیادکردنی ئامادەبوونی هێزی سەربازی ئامریکا لە ناوچەکە بۆ بەرگری کردنە و سیاسەتی ئامریکا بەردەوام جێگر کردنی کاردانەوەی پارێزکارانەیە.
سەفەری بۆڵتۆن بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوکاتە لە گەڵ ئەوەی ئەم حەوتووە سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان دۆناڵد ترامپ ڕاسپاردەیەکی ئاشکرا و تایبەتی بۆ تاران بەڕێکرد. سەرۆک ترامپ لە پەراوێزی سەفەرەکەی خۆی بۆ ژاپۆن باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی ئامریکا بڕیاری لە سەر گۆڕینی ڕژیمی ئێران نیە و بە تەمای ئەوە نیە خەساریان پێبگەیەنێت، بەڵکوو تەنیا مەبەستی بەرگری کردنە لە دەستپێڕانەگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ناوەکی. لە درێژەی ئەم حەوتووەدا لە عەرەبستانی سعوودی سێ کۆبوونەوەی نائاسایی بەڕێوەدەچێت کە تەوەری سەرەکی هەموویان لە سەر بابەتی ئێران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەبێت. کۆبوونەوەی نائاسایی یەکیەتی عەرەب، کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجۆمەنی هاوکارییەکانی کەنداو و کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە وڵاتی عەرەبستان بەڕێوە دەچن.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕایەڵەی تەلڤیزیۆنی فرانس ٢٤ ئێران هەرچەن ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامییە، بەڵام دیار نیە تا ئێستا بۆ کۆبووەنەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی بانگهێشت کراوە یان نا؟! هەر دوو کۆبوونەوەی نائاسایی یەکیەتی عەرەب و وڵاتانی ئەندامی ئەنجۆمەنی هاوکارییەکانی کەنداو ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم حەوتووە بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئامریکا پێنتاگۆن ڕۆژی جۆمعەی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٤ ئایار ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەوڵەتی ئێران و گرووپە جێگرەکانی لە مەڕ خراپەکاری و تەقینەوەی تەنکەرە نەوتهەڵگرەکانی بەندەر فۆجەیرە لە ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هاویشتنی هاوەن بۆ عێراق بە تاوانبار ئەزانێت. لە ماوەی چەن حەوتووی ڕابردوو دا ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا زۆر زیادی کردووە. بەرپرسانی ئامریکا باس لەوە دەکەن کە ئەوان چەند زانیاریان بە دەست گەیشتووە کە نیشان دەدات مەترسی هەڕەشەکانی ئێران جەریدارتر لە ڕابردوو بووە.
جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری گشتی ئاسایشی نێونەتەویی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە پێتەختی وڵاتی ئەمارات ئاماژەی پێدا هیچ بەڵگەیەک نیە ئێران یەک ساڵ دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری ئامریکا یەک لایەنە ئامریکای لە بەڵێن نامەی ناوەکی دەرکرد، لە پەیماننامەی ناوەکی خۆی لە گەڵ زلهێزەکانی دونیا دەرکەوێت بێجگە لەوەی بە تەمای دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی بێت. بۆڵتۆن درێژەی پێدا هیچ پاساوێک هەڵناگرێت ئەوان ئەم هەنگاوانە بمێن مەگەر ئەوەی لە ماوەیەکی کۆرتدا هەوڵی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکێ بدەن. لە ئەگەری درێژەدان بەم چالاکیانە ئەوا ئەمە بابەتێکی زۆر گرینگ و جێگای سەرەنج دەبێت.
پێشتر ئێران ڕایگەیاندبوو لە پەیماننامەی ناوەکی ٢٠١٥ کە لە بەرانبەر هەڵگرتنی بایکۆتە ئابوورییەکان دا پرۆگرامی پیتاندنی ئۆرانیۆمی وڵاتەکەی بەرتەسک دەکاتەوە، دەردەکەوێت. ترامپ بە ئاشکراکردنی ئەوەی کە پەیماننامەی ناوبراو نەک بۆ بەرتەسک کردنەوەی بەرنامەی ناوەکی ئێران شیاوی هەیە و نە باسی بەرنامەی مووشەکی باڵستێکی ئەو وڵاتە دەکات هەر بۆیەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی لەم پەیماننامە دەرخست.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.