ئێران دژایەتی خۆی لەگەڵ دیاری کردنی ناوچەی دژە فڕین لە سووریە ڕاگەیاند

0
725

ئانگێلا مێردکل، سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان و دەوڵەتی تورکیە، تا ئێستا داوای ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕینیان بۆ هەندێک ناوچەی سووریە و بەتایبەتی باکووری سووریە کردووە.

دۆینێ پێنج شەممە، ئانگێلا مێرکێل، بۆ جاری دووهەم پێداگری لەسەر دانانی ناوچەی دژە فڕین لەسەر باکووری سووریە کردەوە و داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی تر کرد تا ناوچەی دژەفڕین بۆ سەر باکووری سووریە دابنێن.

مێرکێل هەروەها کوتیشی: دانانی ناوچەی دژە فڕین دەبێتە هۆکاری گەیشتنی یارمەتی مرۆیی و پاراستنی گیانی خەڵک لەو ناوچانە.

بەڵام حوسێن ئەمیر عەبدووڵاهی، جێگری بەشی وڵاتانی عەرەبی و ئافریقایی وەزیری دەرەوەی ئێران، دژایەتی ئێرانی لەگەڵ دیاری کردنی ناوچەی دژەفڕین ڕاگەیاند و بە “دووپاتە کردنەوەی هەڵەکانی پێشوو”ی وەسف کرد.

ئەمیر عەبدووڵاهیان وێڕای ڕەخنە گرتن لە بەشێک لەو وڵاتانەی کە لەسەر مێزی دان و ستانە نێونەتەوەییەکانی پشتگیری لە سووریە ئامادەن گوتی: “ئەو وڵاتانە لە کرداردا، شێوازی هەڵەی سەربازییان گرتۆتە پێش و بێ گومان دووبارەبوونەوەی ناوچەی دژەفڕین، یارمەتی تەناهی و جێگریبوونی ناوچەکە نادات”

داواکردنی ناوچەی دژەفڕین لە باکووری سووریە (ڕۆژئاوای کوردستان)، لە لایەن ئاڵمان لە حاڵێکدایە کە فڕانسۆ ئۆلاند ئاماژەی بەو مەترسییە دا و  ڕایگه‌یاند: “پەیوەندی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ دۆخێکی قه‌یراناوی دایه‌ و هه‌ر بۆیەش دەخوازێ هەر شتێک لەم بارەوە پێویست بێت لەبەر چاو بگیردرێ تا پێش بە  هاتنە ئارای ئەم شەڕە بگرین”
فڕانسۆ ئۆلاند که‌ بۆ کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی سه‌رانی یه‌کێتی ئورووپا له‌ بلژیکە، داوای له‌ ئامریکا کرد بۆ پێش گرتن لە هه‌ر ئه‌گه‌رێک بۆ هاتنە ئارای شەڕ له‌ نێوان ڕووسیه‌ و تورکیه‌ هه‌وڵی خۆی بدا.

تاهیر حەسەنی وەند چاوەدێری سیاسی لەو بارەوە ڕای وایە کە ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین و داوا کردن بۆ ڕاگەیاندنی، دوو ئامانجی سەرەک پێشگرتن لە ئاوارە بوونی زیاتری خەڵکی سووریە و هاتنیانە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئوروپایی و بەتایبەتی وڵاتی ئاڵمان کە ئیستا کێشەکانی تایبەت بە پەنابەران، یەکێک لە بەرچاوترین قەیرانەکانی ئەو وڵاتانەن و گەلێک ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لەم وڵاتانە بەدواوە بووە و دووهەمیش بەرەو خودموختاری بردنی ڕۆژئاوای کوردستان.

حەسەنی وەند لە درێژەدا هەروەها گوتی: وڵاتانی ئوروپایی و بەتایبەتی ئاڵمان گەیشتوونە ئەو قەناعەتە کە تورکیە کە دەگوترێ سێ میلیارد دۆلاریشی بۆ پێشگرتن لە هاتنی ئاوارەکان بۆ وڵاتانی ئوروپایی وەرگرتووە، هیچ یارمەتییەک لەو بارەوە نادات و نە پێشی بە کۆچبەر بوون و ڕۆیشتنیان گرتووە و نە یارمەتی پەنابەرەکانیشی داوە ، کەواتە باشترین ڕێگا چار بریتییە لە سازکردنی ناوچەیەکی ئارام لە ناو سووریەدا لە سەرجەم خەڵکانی ناوچە لە حاڵی شەڕەکانی لێ کۆبکەنەوە.

شایانی باسە لە هەمان کاتدا رۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەانسە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکا کە تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە سوریا، رووبەرووی کیشە و قەیران بۆتەوە و لەگەڵ ئەوەی هێزی مووشەکی ڕووسیا لە باکووری سوریا جێگیر بوون، فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئیمکانی ئەوەیان نییە پەلاماری سوریا بدەن و لە رێگەی زەمینیشەوە بێگومان تووشی شکستی مەزن دێت.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی لۆمۆند دا هاتووە کە کوردەکانی سوریا وەک هاوپەیمانی ئامریکا لە شەڕی دژ بە داعش بەشدارن و ئەمریکا پشتیوانی لە کوردەکانی سوریا دەکا، لە هەمان کاتدا ئەوان لە لایەن ڕووسیاش پشتیوانیان لێدەکرێ، بەجۆرێک کە هەموو شت بە قازانجی کوردەکانە و دوو زلهێزی جیهان پاڵپشتی کوردەکانی سوریا دەکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.