ئێران بۆ جارێکی تر بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، مەحکووم کرا

0
856

ڕۆژی کورد: بەرپرسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێف (KMMK) مەحکووم کرانی کۆماری ئیسلامی  بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ، لە کۆبوونەوەی فەرمیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕاگەیاند.

تەیموور ئەلیاسی، لەم بارەوە ڕایگەیاند: “لە خولی نوێی کۆبوونەوەکانی  كومیته‌ی سێیه‌می كۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان، كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ مه‌حكووم كرا.”

ئەلیاسی هەروەها گوتی: “بڕیارنامه‌كه‌ له‌لایه‌ن كا‌نا‌داوە پێشنیار كراوە و كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان – ژنێڤ وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ چه‌سپاندنی به‌ندێك له‌ بڕیارنامه‌كه‌ له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به‌ تایبه‌ت كورد، ڕۆڵی کارای خۆی گێڕاوە.”

بەرپرسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێف، هەروەها گوتی: “لەکۆی وڵاتانی بەشدار لەو کۆبوونەوەیە 85 وڵات لەدژی ئێران دەنگیان دا و بە 63 وڵات دەنگی بێلایەن و هاوکات 35 وڵاتیش دەنگی نەرێ ـیان بەو بڕیار نامە داوە، بەڵام سەرەنجام بەکۆی دەنگ بڕیارنامەکە لەمەڕ پیشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ مافی مرۆڤ، پەسەند کرا.”

كۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێگای‌ پێشكه‌شكردنی پێشنیازێك (No Action motion) هەوڵی تێكشكان و ڕه‌دكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارنامه‌یەی دا بەڵام تووشی شكستێكی گه‌وره‌ بوو.

ئەم بڕیارنامەیە لە کاتێک دایە کە کۆماری ئیسلامی و یەکێتیی ئەورووپا لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، دووهەمین دانوستان و وتووێژیان ئەنجام داوە.

لە دەقی پیشنیارکراوی دەوڵەتی کانادا بۆ کۆمیتەی سێیەم، داوای نەهێشتنی هەڵاواردن دژبە کەمینە نەتەوەییەکان، دەستبەسەر و ئەشکەنجەی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە ئێراندا کراوە.

لە بەشێکی تری ئەو بڕیارنامەیە باس لە مافی خوێندن بە زمانی کوردی بۆ کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران کراوە و گوتراوە دەبێ ئێران مافی خوێندن بە زمانی زگماکی بۆ کەمینە نەتەەوەییەکان، فەراهەم بکات.

بڕیارنامەکە داوا لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکات کە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆماری بە شێوەی “ئازادانە” و لە دۆخێکی “کراوەیی سیاسی”دا بەڕێوە ببات.

ئەمریکا، بەریتانیا، سعوودیە و کەنەدا دەنگی ئەرێ و عێراق، سووریا، زیمبابووە و ڕووسیاش دنگی نایان بەو بڕیارنامەیە داوە.

ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو وێڕای ڕەت و مەحکوومکردنی بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم بڕیارنامەیەی بە “ئامرازی سیاسی” و “دوور لە شان و شکۆی کۆماری ئیسلامی” لێک دایەوە.

بە دەیان ناوەند و خاوەن پلەی دەوڵەتی ئێران لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئەورووپاوە بە تاوانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گەمارۆی نێونەتەوەییان لەسەرە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت