ئیسراییل سامانەیەکی موشەکیی بالستیکی نوێی تاقی کردەوە

0
1069

ڕۆژی کورد: کێبەرکێی تەقەمەنی و چەکی نوێی کۆمەڵکوژی لە جیهاندا ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەدەستێنێ و مرۆڤ و جیهان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکەونە ژێر مەترسی.

وەزارەتی بەرگریی ئیسراییل، ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەواڵی تاقیکردنەوەی موشەکێکی بالستیکی لە یەکێک لە پایەگاکانی بەشی ناوەندیی ئیسراییل بڵاو کردەوە و وەک بەشێک لە بەرنامەی لەپێشوو ڕاگەیێندراوی خۆی، باسی لێوە کرد.

دەگوترێ ئەو سامانە موشەکییە نوێیەی ئیسراییل توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەیە.

بەپێی ئەو هەواڵانە، ئەو موشەکە نوێیە لە جۆری زەوی بۆ زەوی ـیە و بوردی تا ٤ هەزار کیلۆمیتری هەیە.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرایلل، وردەکاری و تایبەتمەندییەکانی تری ئەو موشەکە و هاوشتنەکەی بە سەرکەوتووانە لەقەڵەم داوە.

ڕاگەیێنەکانی ئیسراییل ڕایانگەیاندووە کە ئەو موشەکە لە پایەگای سەربازیی “پالماخیم” هەڵکەوتوو لە قەراغی زەریای مەدیتەرانە، هاویشتراوە و تاقی کراوەتەوە.

کاناڵی ٢ـی ئیسراییل، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەمبارەوە گوتی: “لە پشتەوەی ئەو ڕاگەیێندراوەی وەزارەتی بەرگریی ئیسراییل، ئەویش بەو شێوە ویشک و هەڕەشائەمێزەیەوە، ڕووداوی گەورە لە جیهان لە ئارا دا هەن و خۆیان حەشار داوە”.

ئەو کاناڵە هەروەها ڤیدیۆیەکی یەک خولەکی بڵاو کردەوە کە تێدا دووکەڵێکی زۆر لە ئاسمانی قەراغاوی  مەدیتەرانە دەبیندرێ کە چەند خولەکێک دوای هاویشترانی ئەو موشەکە نیشان دەدات.

لە ماوەی ئەمساڵدا بەتایبەتی کوریای باکوور و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی باسیان لە تاقیکردنەوەی موشەک کردووە و کوریای باکوور لەم دواییانە سامانەیەکی موشەکی تاقیکردەوە کە دژکردەوەی توندی ئەمریکای بەدواوە بوو.

کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش باسی لە پەردە لادان لەسەر کارخانەیەکی بەرهەمهێنانی موشەک لە ژێر زەوی کرد و دەڵێ لەوە بەدوا بەکۆ موشەک بەرهەم دەهێنن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت