ئیسراییل: ئێران هێڵە سوورەکانی ئێمەی بەزاندووە و ئەمەش قەبووڵ ناکرێ

0
858

ڕۆژی کورد: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی باڵای ئیسراییل هەواڵی سازکرانی کارخانەی بەرهەمێنانی بەکۆمەڵی چەک و تەقەمەنی بۆ حیزبووڵا لە لوبنان لە لایەن کۆماری ئیسلامییان بڵاو کردەوە.

بەرپرسانی ئیسراییل دەڵێن، ئەوە بەزاندنی هێڵە سوورەکانی ئیسراییلە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و بە شێوەی کردەیی وڵای دەدەینەوە.

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی “ئورشەلیم پۆست”، ئاویگدۆر لیبرمەن، وەزیری بەرگریی ئیسراییل، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاند: “وڵاتەکەی بەتەواوی لە خرانە گەڕێ کارخانەی نهێنیی بەرهەمهێنانی چەک لەلایەن ئێران بۆ حیزبووڵا لە لوبنان ئاگادارە و بە وشیارییەکی تەواوە، هەنگاوی پێویست لەمبارەوە دەنێن”.

وەزیری بەرگریی ئیسراییل هەروەها گوتیشی: “ئەو کردەوەی سپای پاسدارانی ئێران، بە واتای بەزاندنی هێڵە سوورەکانی ئیسراییلە و ئەو کردەوەی سپای پاسداران بۆ ئێمە واتادارە و هەڵگری واتای تایبەتیی خۆیەتی”.

هەروەها بەپێی هەواڵی “ڕۆژنامەی هارتس”، سەرلەشکەر هەلێیوی، سەرۆکی زانیاریی ئەرتەشی ئیسراییل، پشتڕاستی کردۆتەوە کە سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێران، چەندین کارخانەی بەرهەمهێنانی چەکی بۆ حیزبووڵا خستۆتە گەڕ”.

بەپێی زانیارییەکان، سپای پاسداران تا ئێستا چەندین چەکی وەک موشەکێک کە مەودای ٥٠٠ کیلۆمیتر دەبڕێ و هەروەها موشەکی زەویی، دژە ناو و دژە تانک و ترۆمبیلی زرێی و پەهبادگەلێک کە توانایی هەڵگرتنی تەقەمەنییان هەیە، بۆ حیزبووڵا بەرهەم هێناوە.

لەلایەکی ترەوە، وەزیری پەروەردەی ئیسراییل، وێڕای ئەوەی، دڵەڕاوکێی خۆی لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سازکردنی ڕێگایەکی ژێرزەوی لە عێراق و سووریەوە بەرەو لوبنان، دەربڕی گوتی: “ئیسراییل هیچ کات ئیزنی ئەو کارە بە ئێران نادات”.

نەفتالی بێنت، وەزیری پەروەردەی ئیسراییل لە وتووێژێک لەگەڵ ڕادیۆی ئەرتەشی ئیسراییل، باس لە هەندێک بەڵگە کرد کە دەریدەخا ئێران بە نیازە، ڕێگایەکی ژێرزەوی لە عێراق و سووریەوە بەرەو حیزبووڵا لێبدات و گوتیشی: “هیچ کات ئیزنی ئەنجام دانی ئەو کارە بە کۆماری ئیسلامی نادەین”.

بەرپرسانی باڵای ئیسراییل تا ئێستا ئاشکرایان نەکردووە کە چۆناوچۆن ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە، بەڵام کارناسانی پرسە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باس لە ئەگەری هاتنە ئارای شەڕێکی چڕ لە نێوان ئیسراییل و ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەن.

بەشێک لە کارناسانی سیاسی لایان وایە، لە دوای کۆتایی هاتن بە شەڕی داعش لە ڕەقەی سووریە، ئەگەری هاتنە ئارای شەڕ لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ئارا دایە.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بە ئاشکرا دڵەراوکێی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەربڕیوە.

کارناسانی سیاسیی ناوەندی ڕۆژی کورد، لایان وایە، کۆتایی هاتن بە شەڕی داعش لە سووریە، دوای کۆتایی هاتن بە تەمەنی داعش لە عێراق، سەرەتایەکە بۆ کۆتایی هاتن بە سەردەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت