ئه‌منێستی : یاساكانی “حقوقی” لە ئێران هیچ ڕۆڵێكیان نییه‌

0
538

ڕێكخراوی “لێبووردنی نێونەتەویی” لە ڕاپۆرتێكی نوێی خۆیدا، دوای بەسەرچوونی چوار دەهە بەسەر تەمەنی كۆماری ئیسلامیدا، ڕەخنەی توندی لە سیستمی كەیفەری و سزادانی كۆماری ئیسلامی گرت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی٨٧لاپەڕەیی كە ڕێكەوتی ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ بڵاو كرایەوە، دوای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی گۆڕانكاری قووڵ لە یاساكانی “حقووقی” پێک هات، بە شێوەیەک كە ئیدی عەداڵەتی سزادان بە شێوەیەكی یەكجاری لەو وڵاتەدا نەما.

ئەو ڕاپۆرتە، هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە یاساكانی سزادان لە ئێراندا پڕن لە كەم‌وكۆڕی و هەروەها كەمن و ڕۆلیان نییە و لەگەڵ تەواوی ئیستانداردەكانی جیهانی سزادان، ناتەبان.

ئەوە لەكاتێكدایە كە كاربەدەستانی دەزگای دادوەری لە ئێران، بە شێوەیەكی بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن و ڕایدەگەیێنن كە، ئەو یاسایەی كە دوای بەحس و موناقشەیەكی زۆر لە لایەن ناوەندەكانی یاسادانانەوە هاتوونەتە پەسندكردن، لە مانگی ژووئەنی ساڵی ٢٠١٥دا چووەنەتە قۆناغی جێبەجێ كردنەو، گەورەترین دەسكەوتی بەدوای خۆیدا هێناوە بۆ پاراستنی مافی تاوانباران و دادگاییكردنیان.

ئەوڕاپۆرتە ڕاستەوخۆ باس لەوە دەكات كە بە دەیان ڕۆژنامەنووس و نووسەر و چالاكی مافی مرۆڤ و هونەرمەند و …. هتد، تەنیا بە هۆی نیشاندانی ناڕەزایەتی مەدەنی لە بەرانبەر سیاسەتەكانی دەوڵەت و داكۆكی لە مافەكانیان، دەستبەسەر كراون.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە ئەوەش ئاشكرا دەكات لە گرتووخانەكانی كۆماری ئیسلامیدا بە هەزاران كەس بە تاوانی جۆربەجۆر چاوەڕوانی جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانن كە لە ڕاستیدا بە پێی یاسا نێونەتەوەییەكان هیچ كەس نابێت بەو تاوانانە لە سێدارە بدرێن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.