ئایا پەکەکە و پارتی دوو جەمسەری کوردستانن، بەدەر لەو دوانە رێز لە هیچ تێڕوانینێکی تر دەگیرێت؟ به‌شی ١

0
5233

didayet can jan
هیدایەت جان
بەشی یەکەم
لەکاتێکدا هەموو شۆڕش و ئەدەبیات و سیاسەتوانی کورد بە بەژنوباڵای سۆڤییەتیان هەڵدەگووت، تاکە دەنگێک بەتەنێ مابۆوە، بەڵام لە راستییەکان دەدوا. ئەو پێی وابوو کوردستان چینێکی بەناوی کرێکار نییە تا خەباتی کرێکاری بۆ وەگەڕ خەی، لە ئایدیای ئەودا کورد پێویستی بە خەباتێک بوو ستەمە نەتەوایەتییەکانی لەسەر بڕەوێنێتەوە و خەمی نەتەوە بووبوو بە جەوهەری ئەندێشە و تێڕوانینەکانی.
ئەوە لەکاتێکدا بوو فەزای کوردستان بە دۆخی ناوخۆیی حزبە ناسیۆنالیستەکانیشەوە بەدوور بوو لەو تێڕوانینە و مۆدێلێک لە رۆشنبیری سەری هەڵدابوو کە دژایەتیکردنی ئەندێشەی باو “پێداهەڵگوتن بە سپای سۆڤییەت” جۆرێک بوو لە دواکەوتوویی و بە لایەنگری لە دەرەبەگایەتی هەژمار دەکرا.
مەسعود محەمەد ئەو کارەکتەرە بیرمەندە بوو کە هیچ ناودێرێک نەمابوو تانەی لێنەدا، کاتێک ئەو باسی لە ئازادی تاکەکەسی دەکرد و بانگەشەی بۆ تاک گەرایی دەکرد، هەموان لە هەوڵی ئەوەدابوون بیری بەکۆمەڵ و ئەندێشەی بەکۆمەڵ هاوردەی کوردستان بکەن و لەپێناو سەپاندنیدا پشتیان بە هەموو کەرەستەیەک دەبەست.
بۆ بەردەوامکردنی ئەو فەزا یەکدەستە لەشکرێک درووست کرابوو کە هەموان یەک مارش و یەک ئاوازیان دووبارە دەکردەوە و ئەوەی لە مۆسکۆوە دەنگی بۆ هەڵدەبڕا، بەگوێرەی تێگەیشتنی لە کوردستان دەماودەمی پێ دەکرا.
لەو ناوەدا جگە لە بێدەنگ کردن و هێرش کردن، هیچ رێگەیەکی تر لای حەشیمەتەوە شک نەدەبرا بۆ ئەو نۆتانەی دەنگی جیاوازیان هەبوو، دواتر زۆریان ئەنجامی ئەو کلتوورە هاوردە کراوەیان بینی و تێگەیشتن چیان کردووە، بەڵام کەپەنک لەدوای باران دادی هیچیانی نەدا.
مەبەست لە هێنانەوەی ئەو نموونەیە و باسکردن لەو رۆژگارە بۆ ئەوەیە خوێندنەوەیەک بۆ فەزای سیاسی و رۆشنبیری ئێستای کوردستان بکەین کە لە زۆڕ رووەوە دەکرێ بە دووبارە بوونەوەی هەمان سەردەم بیشوبهێنین، بەڵام بە جیاوازییەکی جەوهەری.
لە ئێستادا فەزایەک لە کوردستان درووست بووە کە کوردی بە حزب و رۆشنبیر و کۆمەڵگاوە بەسەر دوو لایەندا دابەش کردووە و زۆربەمان بە دوو جەمسەری ناوی دەهێنین، بەڵام جیاوازییەکی فکری و جەوهەری لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا بەدی ناکرێت بۆیە ئەستەمە بتوانین بە دوو جەمسەری هێمای بکەین.
ئێستا سۆڤییەت لە ناوچەکە وەک شەست و حەفتاکانی زایینی تەڕاتێن ناکات، بەڵام ئەو کلتوورەی لە سەردەمی درەوشانەوەیدا لەو ناوچەیە کاری پێ دەکرد، میراتی هەرە مەزنێتی بۆ ئێمە.
کلتووری تۆمەت و پاڵنانی جیابیران بۆ سەنگەری بەرامبەر و بەکۆیلە و مشەخۆر ناوهێنانیان و دواجار درووستبوونی فەزایەکی خنکاو و بێدەنگ کە کەس بۆی نییە بەدەر لە جوڵەکانی من خوێندنەوە بۆ هیچ شتێکی تر بکات.
ئەو دوو لایەنەی ئێستا بە هەڵە بە دوو جەمسەری کوردستان ناو دەهێندرێت بریتییە لە، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان، هەرکات بتهەوێ رەخنە لە کردارێکی ئەمیان بگری، حەشیمەتی ئەویتریان پاڵ دەنێتە ناو سەنگەرەکەی ترەوە و لەو سوێنگەیەوە کە لە بەرەی نەیاردای، دەتخاتە بەر پەلامار و ئەوەی نەشێ بەرامبەرت دەگووترێ کە تەنیا دەستکەوتی بەرهەمهێنانی قامووسێک لە دەستەواژەی دزێو و نەشیاوە. ئەوانە هەمووی هەوڵی بە سیستەمکردنێکی مانادارە کە دەیهەوێ کەرامەتی تاک بخاتە ژێرپێ و تاک وەک کیانێکی بێهوودە هێما بکات بۆ ئەوەی لە سوێنگەیەوە بیری بەکۆمەڵ و ئەندێشەی بە کۆمەڵ جێگیر بکات.
ئەوە هەوڵێک نییە کە ستارتەکەی ئەمڕۆ لێدرابێت، بەڵکوو لە سەرەتای درووستبوونی حزبی مۆدێرنەوە ئیش بەو ئایدیایە دەکرێت و زۆرجار بینیومانە قەشمەری بە کاراکتەری بێلایەن و کەرامەتی تاک کراوە کە بەشێک لەو هەوڵە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باکگڕاوندە خێڵەکییەی لەناو هزری کۆمەڵایەتیماندا ریشەی داکوتاوە.
با داینێین دوو جەمسەری فکری و سیاسی لە کوردستاندا هەیە و پارتی و پەکەکە نوێنەرایەتی ئەو جەمسەرانە دەکەن، بەڵام ئایا دەکرێ لە لاپەڕەیەکدا ئەو جیاوازییە فکری و جەوهەرییانە بنووسینەوە کە لەنێوان ئەو دوو قوتبەدا بەرچاون؟ فەلسەفەی سیاسی پەکەکە بۆ ئیدارەدانی کوردستان چییە و چ ناکۆکییەکی لەگەڵ فەلسەفەی سیاسیی پارتی هەیە کە وایکردووە دوو جەمسەر لەیەکدی بگرن؟ ئایا بەڕاست هیچ کایەیەکی مەعریفی و سیاسی لەپشت ئەو ململانێیەدا هەیە؟
رەنگە گەڕان بۆ وەڵامی ئەرێنی ئەو پرسیارانە ئەستەم بێت، لەبەر ئەوەی هەر ناکۆکییەکی فکری و سیاسی دیالۆگێکی فکری و سیاسییشی لێ دەکەوێتەوە و ئەوەی ئێمە تا ئێستا بەدیمان کردووە جگە لە تۆمەت و سووکایەتی بەیەکدی هیچی تری لێ بەرهەم نەهاتووە.
تاکە هۆکاری ناکۆکی نێوان پەکەکە و پارتی لەسەر پرسی رێبەرایەتیکردنی کوردستانە، لەسەر ئەو پرسەیە کە کامیان هێژموونیان بەسەر کوردستاندا هەبێت و سەرۆکایەتیی بکەن، هەر مۆدێلێکی سیاسیی و بەڕێوەبەرایەتی لەکوردستاندا دەبێ، با ببێت، تەنیا و تەنیا سەرۆکایەتییەکەی لەدەستی یەکێکیاندا بێت. بەڵام تەرجومەکردنەوەی ئەو ناکۆکییە بۆناو عەوام بە شێوەیەکە کە یەکیان داگیرکەر و خۆسەپێنەرە و ئەویتریان فریادڕەس و رزگارکەر. ئەویان هێزی رەحمانی و ئەویتریان شەیتانییە.
درێژەی هەیە…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.