ئایا پەکەکە و پارتی دوو جەمسەری کوردستانن، بەدەر لەو دوانە رێز لە هیچ تێڕوانینێکی تر دەگیرێت؟

0
3577

هیدایەت جان
بەشی سێهەم…
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەناڵی ئابوورییەوە کار بۆ سەرۆکایەتی کوردستان دەکات، تا چەندە لەو سیاسەتەیدا سەرکەوتوو بووە یان نا، لێرەدا ناچینە سەر ئەو بابەتە، بەڵام تەنیا ئاماژە بە دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان، دەتوانێ بۆمان دەربخات کە ئەو سیاسەتە تەنیا لە بەرژەوەندی ئەو کەس و لایەنانەیە کە بەیعەتیان بە حزبەکەی داوە، ئەو روانینە ئابوورییە بۆ سیاسەت تەنیا توانیویەتی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان وەک حزبێکی دەوڵەمەند پیشان بدات و هەرگیز نەیتوانیوە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی سڤیلی هەرێمی کوردستاندا بێت.
ئەگەرچی هەوڵدان بۆ ئابووری سەربەخۆ، یەکێکە لەو هەوڵە جدیانەی دەبێ هەر حزبێک کاری بۆ بکات، بەڵام ئەو سەربەخۆییە تاچەند رەنگدانەوەی دەبێ لەناو سیاسەتی ئەو حزبە، پارتی توانیویەتی رێگەکانی بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەموار بکات، بەڵام ئایا ئەو رێگەیە چووەتە خزمەت خەیاڵە گەورەکەی بۆ سەرۆکایەتی کردنی کوردستان؟
بۆ گەڕان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە سەرنج بدەینە رێکخستن و رێژەی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشوورە ٥ ملیۆن کەسییەکەی کوردستان. پارتی لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی باشوور، توانی لەکۆی ١٠٠ کورسی “بەدەر لە کۆتاکان” تەنیا ٣٨ کورسی بەدەست بهێنێت، واتا ئەگەر بتهەوێ ئەو دەنگانە بکەی بە پێوەر بۆ رێژەی نفوزی ئەو حزبە لە باشوور، ٣٨ لەسەتی جەماوەری هەرێمی کوردستان پشتیوانی پارتین، ئەوە لەکاتێکدا ئەو حزبە لە هەمان کۆمەڵگا هەڵقوڵاوە و نزیک بە ٦٩ ساڵە بۆ ئەو بەشەی کوردستان خەبات دەکات.
– ئەی پەکەکە چ تاکتیکێکی هەیە بۆ رێبەرایەتیکردنی کورد؟
پارتی کرێکارانی کوردستان ستراکفۆرمی خۆی لەسەر میتۆدێکی چەکدارانە داڕشتووە، خوێندنەوەی ئەو بۆ رزگاری کوردستان جیاوازە لە خوێندنەوە ئابوورییەکەی پارتی و پێیوایە دەبێ لەڕێگەی لولەی تفەنگەوە و لەسەر بنەمای خوێندان و قوربانی کردنەوە ئەو مافە دەستەبەر بکرێت، بۆیە لە هەر شوێنێکی کوردستان شەڕ هەبێ، ئەو لەوێ ئامادەیە و دۆخی شەڕ دەکا بە دەروویەک بۆ جێگیرکردنی خەونە سیاسییەکانی.
ساڵی ٢٠٠٢ لە بەرەبەری ئامادەکاری وڵاتانی هاوپەیمان بۆ یەکلایی کردنەوەی دۆخی سیاسیی و حوکمڕانی لە عێراق، یەک لە بژارەکان هێرشی سەربازی بوو، بۆیە پەکەکە دۆخەکەی لەبار زانی بۆ دەوربینین و پیادەکردنی ئەجێنداکەی لەو بەشەی کوردستان و پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستانی بۆ باشوور دامەزراند، بەڵام لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقدا کوردستان لە شەڕ پارێزرا و هەردوو هێزی سیاسی هەرێم بوون بە یارمەتیدەری هاوپەیمانان و ئەو خەیاڵەی پەکەکە لەسەر پەچەدەکە هەڵی چنیبوو نەگەیشتە جێ و تا ساڵی ٢٠١٣ ئەو حزبە لە ئاستی رێکخراوێکی بچوکدا بەبێ مۆڵەتی رەسمی، لە باشوور دەوری دەبینی و دوای بەشداربوون لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ تەنیا ٣٦٠٥ دەنگی بەدەست هێنا و نەیتوانی نوێنەرێک بگەیەنێتە پەرلەمان، دواجار لە ساڵی ٢٠١٤ هەڵوەشانەوەی ئەو حزبە راگەیەندرا.
ئەگەرچی دامەزراندنی پەچەدەکە پەیوەست دەکرێت بە گۆڕینی ستراتیژی پەکەکە و دەستهەڵگرتنی لە درووشمی کوردستانی گەورە و هەڵگرتنی دروشمی ستراتیژی کۆماری دیموکراتیک، بەڵام لەگەڵ گۆڕینی ئەو ستراتیژییەش بە درووستکردنی حزبی بەناو سەربەخۆ بۆ پارچەکانی تری کوردستان دەیهەویست بە فۆڕمێکی تر درێژە بە خەونی رێبەریکردنی کوردستان بدات و لە ساڵی ٢٠٠٣ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان “پژاک” بۆ رۆژهەڵات دادەمەزرێنێت.
لەگەڵ ئەوەی پەکەکە وەک هەموو حزبە چەپە ئینقلابییەکانی سەردەمی سۆڤییەت بەردەوام پێویستی بە هێزی مرۆیی زیاتر هەبوو، لە پێناو ئەوەدا خەباتی رزگاریخوازانەی کوردی تێکهەڵکێشی چەمکێکی ترسناک کرد بەناوی “فیدایی”، ئەو چەمکە بۆ بەردەوامبوونی لە بەدەستهێنانی هێزی زیاتر داهێنا کە تیایدا مرۆڤ تەنیا وەک ژمارە گرنگی هەیە.
پەکەکە سەرباری پاشگەز بوونەوە لە درووشمی کوردستانی گەورە پێویستی بە ژمارەی زیاتر بوو، هانا ئارێنت لە کتێبی تۆتالیتاریزمدا بە وردی باس لەو هێزانە دەکات کە بۆ بەردەوامبوونیان کەڵک لە چەندین میتۆد وەردەگرن بۆ ئەندامگیری و لەپێناویدا جوگرافیا فەرامۆش دەکەن و پەل بۆ هەموو سنوورەکانی ئەو زەوییە درێژ دەکەن.
واقعێکی سیاسی لەناو کوردستاندا هەیە کە پەکەکە و پارتی تا ئێستا رێگەیەکیان بۆ لێ تێگەیشتنی نەدۆزیوەتەوە، کوردستان بەسەر چوار وڵات و چوار سیستەمی سیاسی جیاوازدا دابەش بووە، هەر یەک لەو پارچانە فەرهەنگی سیاسییان لە بەرامبەر ئەویتری خۆیان رێک خستووە و بەو پێیەش هەر کامەیان هەڵگری میتۆد و فەرهەنگێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کلتووری تایبەتمەندن، گەر هەر هێزێک بە خوێندنەوە و فەرهەنگی سیاسیی پارچەیەک بیهەوێ لە پارچەیەکی تردا چالاکی سیاسی و رێکخستن بکات، گیرۆدەی هەمان چارەنووسی ئەلپارتی لە رۆژاوا و پەچەدەکە لە باشوور دەبێت.
درێژەی هەیە…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.