ئایا پەکەکە و پارتی دوو جەمسەری کوردستانن، بەدەر لەو دوانە رێز لە هیچ تێڕوانینێکی تر دەگیرێت؟ به‌شی دووهه‌م

0
4958

هیدایەت جان
بەشی دووهەم…
ئەگەر بمانەوێ بۆ دۆزینەوەی جیاوازی گووتار و فەلسەفەی سیاسیی پەکەکە و پارتی لەناو پێڕەو و پڕۆگرامەکانیاندا بگەڕێین، بێگوومان جیاوازییەکان زۆرن، بەڵام ئایا دەکرێ بیسەلمێنین ئاخۆ ئەو دوو حزبە لەسەر ئەمری واقع نوێنەنەرایەتی ئەو گووتارە دەکەن کە لەناو پێڕەوە ناوخۆییەکەیاندا هەڵیان گرتووە؟
گەر بەپێی پێڕەو و پڕۆگرام خوێندنەوە بۆ پەکەکە بکەین، حزبێکی چەپی ئینقلابیمان لا هێما دەبێت کە دەیهەوێ نوێنەرایەتی ئەو فکرە سیاسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات، بەڵام لەرووی واقعەوە هەرگیز ئەوە لە کرداریدا بەدی ناکەیت، چەپی ئینقلابی کە لەڕاستیدا شوناسی خۆی لەسەر دژایەتی ناسیۆنالیزم داڕشتووە، لەناو پەکەکەدا نەک نەیتوانیوە ببێتە بەرهەمهێنەری ئاڵترناتیڤێک بۆ ناسیۆنالیزم، بگرە لە هەندێک بڕگەدا پەکەکە وەک نوێنەری راستەوخۆی ناسیۆنالیزمی کوردی بەشێوەیەکی توندڕەوانە رەفتاری کردووە. کاتێک پەکەکە دەبینێ خواستی ناسیۆنالیزم لە کوردستان لایەنگری زۆرینەی لەپشتە، وەک رێکخراوێکی سیاسی گوتار و فەلسەفەی سیاسیی خۆی لەگەڵ ویستی زۆرینە رێک دەخات.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە خۆی پێ هەڵگری گووتاری ناسیۆنالیزمی کوردییە و وەک نوێنەری فەلسەفەی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئاڵاهەڵگری پێشەوا دەردەخات، لەدوای شۆڕشی ئەیلوولەوە دەیان ئارگۆمێنتت دێتە دەستەوە کە نەک لە رێبازی ناسیۆنالیستی حزبی دیموکرات دوور کەوتووەتەوە، بگرە لە هەندێک بڕگەدا دەستی لەناو دەستی دەوڵەتەکانی تاران ناوە بۆ لەناوبردنی ئەو حزبە کە بە باوکی دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی کوردیی هەژمار دەکرێت و زۆرجار لەپێناو گەیشتنی ئامانجەکانی، پشتی لە حزبە ناسیۆنالیستەکان کردووە و پاڵی وە لایەنە ئیسلامی و چەپەکان داوە.
نموونەش بۆ ئەمە، مەلا رەسووڵی پێشنەماز، هەم لە بیرەوەرییەکانی و هەم لە بەرنامەی پەنجەمۆری تەلەڤیزیۆنی رووداودا سەبارەت بە شەهیدبوونی سلێمان موعینی و هاوڕێیانی دەڵێ: “حکومەتی تاران تا رادەیەک کاری کردبووە ناو باڵی پاراستنی پارتییەوە کە نامەی ساختە “جعلی”یان بەناوی مەکتەبی سیاسییەوە بۆ کاک سلێمان دەنارد و داوایان دەکرد بیبینن، ئەوەندەی ئێمە لەگەڵ ئەوان باش بووین، پاراستن سەت ئەوەندە خراپەی دەرحەق بە ئێمە کرد”.
کەواتا ئێمە ساغ بووینەوە کە قسە کردن لەسەر ئەو دوو حزبە، قسەکردن نییە لەسەر هەڵگرانی دوو ئایدیا و فەلسەفەی سیاسیی لە کوردستان و هیچیان هەڵگری ئەو ئایدیۆلۆژی و فەلسەفەیە نین کە لە پێڕەو و پڕۆگرامەکەیاندا بانگەشەی پێوە دەکەن.
بەڵام ئەو ناکۆکییەی نێوانیان لەسەر چی؟
ناکۆکی بنەڕەتی نێوان ئەو دوولایەنە، سەرۆکایەتی و رێبەریکردنی کوردستانە، بەڵام هەریەکە و تاکتیکێکی هەیە بۆ گەیشتن بە مەڕامە سیاسییەکەی. پارتی لەوە تێگەیوە کە سەرمایە یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی سیاسەت لە دنیای ئەمڕۆدا، بۆیە هەر پێوەندی و جووڵەیەکی ئەنجامی دەدات، مەڕامێکی ئابووری لەپشتە.
خەونی پارتی بۆ رۆژاوا بەرلەوەی خەونی هێژموونی سیاسیی بێت، خەیاڵێکی ئابوورییە بۆ گەیشتن بە دەریای ئازاد. پارتی لەوە تێگەیشتووە کە ئیتر تورکیا و ئێران ناتوانن لە برەوی گەشەکردنی بەرنامە ئابوورییەکەیدا ئەو دەورە گرجوگۆڵە ببینن و دەشێێ هەر کاتێک وەک کارتی فشار بەربەست لەهەمبەر ئەو گەشەیە درووست بکەن، هاوکات گەڕانەوە بۆ بەغداش شکستێکی قەرەبوو نەکراوە هەژمار دەکرێت، بۆیە تاکە مەفەرێک کە لەبەردەمی ماوە رۆژاوایە.
بەرلەوەی پارتی مەبەستی سیاسیی و سەرۆکایەتیکردنی لە رۆژاوادا هەبێت، مەرامێکی ئابووری بەو سەرزەمینە هەیە، خەون بە رۆژاوایەکەوە دەبینێت کە کەوتووەتە سەر دەریای ئازاد و بۆڕییەکانی لە بەندەری جیهانەوە دەگوازێتەوە ناو خاکی رۆژاوا.
ئەگەر بمانەوێ وا هێمای بکەین کە پێداگری پارتی بۆ هەبوونی هێزی پێشمەرگەی رۆژاوا هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە لەو بەشەی کوردستان، ئەوا لانیکەم بۆ ئەو باروودۆخەی ئێستا بە هەڵەدا رۆیشتووین، پارتی ئەو هێزەی تەنیا و تەنیا بۆ پاسەوانیکردنی ئەو بۆڕییە نەوتەیە کە لە خەیاڵی خۆیدا گەیاندوویەتە بەندەری تەرتووس و بەرەو بازاڕەکانی جیهان رەوانەی کردووە.
لانیکەم لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ ئەجێندایەکی سیاسیی بەدەر لەو بژارە ئابوورییە لەبەردەست نییە و خوێندنەوەشی بۆ سیاسەت خوێندنەوەیەکی تا سەر ئێسقان ئابوورییە و یەکەم دەرکەوتەکانی ئەو سیاسەتەشی لە ساڵی ٢٠١٤ دەرکەوت کاتێک پەیەدە رازی نەدەبوو هیچ هێزێکی نزیک لە پارتی لە رۆژاوادا هێزی چەکداری پێک بهێنن و کارتی ئابووری وەک فشار بەکار هێنا و دەروازەی فیشخاپووری بەڕوودا داخستن و سڵی لەوە نەکردەوە کە ئەوەی لەودیوی دەروازەکەیە هاونەتەوەییەکی کوردە.
درێژەی هەیە…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.