ئامریکا هێزێکی سەربازی زیاتر بەرەو کەنداوی فارس بەڕێ دەکات

0
730

ڕۆژی کورد :
ئامریکا ڕایگەیاندووە بە پێی داخوازی هەر دوو وڵاتانی عەرەبستان و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی هێزی سەربازی بەرەو کەنداو بەڕێ دەکات. وەزیری بەرگری ئامریکا باسی ئەوەی کردووە کە وڵاتەکەی بە دوای شەڕ لە گەڵ ئێرانەوە نیە، بەڵام بۆ هەر هەڵبژاردەیەک ئامادە دەبێت.

مارک ئێسپێر، وەزیری بەرگری ئامریکا سەر لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٠ی ئەیلوول ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕەزامەندی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بە ناردن و بەڕێکردنی هێزی سەربازی ئامریکایی بەرەو ناوچەی کەنداوی فارس. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕێکردنی ئەو هێزە سەربازییە ئامریکاییە بە پێی داخوازی عەرەبستان سعوودی و ئاماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە مەبەستی بووژاندنەوەی توانای بەرگری هەوایی و بەرگری مووشەکی هێزە سەربازییەکانی ئەوان بۆ ناوچەی کەنداو ئەنجام دەدرێت.
بە پێی وتەکانی وەزیری بەرگری ئامریکا بەڕێکردنی هێزی سەربازی بۆ ئاگاداری کردن لە ژێرخانی بنەڕەتی ئابووری وەکوو دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان دەبێت. ناوبراو هەروەها ئەوەشی زیاد کرد کە ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبیش داخوازی یارمەتی لە ئامریکا کردووە. ئێسپێر لە درێژەدا جەختی لە سەر ئەوە کرد کە بەڕێکردنی هێزی سەربازی یەکەم هەنگاوە و ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا ئەم هەنگاوانە درێژەی پێ بدرێت. مارک ئێسپێر ڕاشکاوانە پێداگری لە سەر ئەوە کرد کە وڵاتەکەی بە دوای شەڕ و تێکهەڵچوون لە گەڵ ئێران نیە بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەشی ڕاگەیاند کە شوێنی هاویشتنی مووشەکەکان لە ناو خاکی یەمەن نەبووە. کۆمەڵێک لە بەرپرسانی ئامریکایی پێش ئێستل بە ناوەندە هەواڵنێرییەکانیان ڕاگەیاندبوو کە هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە باشووری خۆرئاوای ئێرانەوە ئەنجامدراوە و نە تەنیا لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەڵکوو لە مووشەکی کڕووزیش لەم هێرشانەدا کەڵک وەرگیراوە.
هاوکات کۆتاییەکانی مانگی مایسی ئەمساڵ پێنتاگۆن بڕی ١٥٠٠ کەس هێزی سەربازی بۆ بەرگری لە بەرەو ڕووبوونەوە لە گەڵ زیاد کردنی هەڕەشەکانی ڕژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بەرەو کەنداوی فارس بەڕێکرد. هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای نەتەوەیی نەوتی عەرەبستان (ئارامکۆ) لە پاڵاوگەی بەقیق و گۆڕەپانی خەریس سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٤ی ئەیلوول بە ئەنجام گەیشت. دوابەدوای ئەم هێرشانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عەرەبستان بە ڕێژەیەکی نیوەیی لە بارستایی ئاسایی کەمی کردووە. ژۆزێف دانفۆرد، بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی سۆپای ئامریکا هاوکات ڕۆژی هەینی باسی ئەوەی کردبوو کە وردەکاری بەڕێکردنی هێزەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاشکرا دەکرێت بەڵام ناوبراو پێداگر بووە لە سەر ئەوەی کە ژمارەی هێزە بەڕێکراوەکان کەمتر لەو ڕێژە دەبێت.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نکۆڵی لە هەر چەشنە بەرپرسیارەتییەک لە هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان دەکات بەڵام حووسیەکانی یەمەن کە لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەرپرسیارەتی هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان وەئەستۆ گرتووە. لە هەمان کاتدا، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران و بەرپرسانی پلەبەرزی ئێرانی ئەم هەنگاوەی حووسیەکان بە مافی ڕەوای ئەم گرووپە شێعە یەمەنییە ناو دەبەن.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی پێش لە ڕاگەیاندنی بەڕێکردنی هێزی سەربازی ئامریکا بۆ کەنداوی فارس لە پەراوێزی چاوپێکەوتنێک لە گەڵ “ئێسکات مۆریسۆن” سەرۆک وەزیرانی ئۆسترالیا، لە کۆشکی سپی لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاندبوو کە دەتوانێت لە ماوەی تەنیا یەک خۆلەک دا فەرمانی هێرشی سەربازی بۆ سەر، بۆ وێنە ١٥ ئامانجی گرینگی ئێران دەرکات. بەڵام ئەیەوێت تا ئەو جێگای بکرێت لە ئاستی ئەم بابەتە خۆڕاگر بێت. ترامپ لەم کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی لێی کرا وتی : ئەم ئەگەرە هەموو کات بوونی هەیە. ناوبراو جەختی لە سەر ئەوەش کرد کە ئامریکا خاوەنی بە هێزترین هێزە سەربازییەکانی جیهانە. ترامپ باسی ئەوەی کرد کە چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە بایکۆتەکان کارا بن و شوێندانەری و کاریگەرییان لە سەر ئێران بێت و هاوکات ناوبراو دۆزینەوەی ڕێگاچارەی بە سەر هێرشی سەربازی بە باشتر زانی. ترامپ درێژەی پێدا کە بە بڕوای ئەو بایکۆتەکان کاریگەر دەبن.
دەوڵەتی ئامریکا ڕۆژی هەینی کۆمەڵێک بایکۆتی نوێی دژی چەن ناوەندی ئابووری لەوانە بانکی ناوەندی ئێران بە تاوانی دابینکردنی پێویستی ئابووری چالاکییە تێروریستییەکان دیاریکرد. بە پێی ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرز و بە پێی وتەی وەزارەتی خەزانەداری ئامریکا سندووقی “گەشەی نەتەوەیی” و کۆمپانیای “متمانەی بازرگانی پارس” هاوڕێ لە گەڵ بانکی ناوەندی ڕژیمی ئێران، کەوتنە ناو لیستی نوێی بایکۆتەکانی ئامریکاوە دژی ئەو وڵاتە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.