ئاشکرابوونی پەیوەندی و دانوستانی نێوان ئێران و تورکیە لەمەڕ سووریە

0
1298

ڕاپۆرتێک لە جولیان بۆرگێر لە ماڵپەڕی گاردیەن.

وەرگێڕانی بۆ کوردی: ناوەندی ڕۆژی کورد

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی سێ شەممە (٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی. م.) بڵاوی کردۆتەوە، ئێران و تورکیە ساڵی ٢٠١٣ و هەروەها ئەمساڵیش لەمەڕ سووریە، وتووێژی شاراوەیان هەبووە بەڵام ئەو وتووێژانە بە هۆی نەبوونی بڕوا بەیەک لە هەمبەری یەکتری لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە، تێکشکاون.

ئەو ڕاپۆرتە لە لایەن “گرووپی ناونەتەوەیی قەیران” و لەژێر ناوی “چاوپێکەوتنی نێوان بەرپرسە فەرمییەکان” لەمەڕ پەیوەندیی نێوان ئێران و تورکیە بڵاو بۆتەوە. ئەو راپۆرتە لە دۆخێکدا بڵاو دەبێتەوە کە هێزەکانی لایەنگری بەشار ئەسەد و لە ناویاندا هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەمبارەوە بڵاو بۆتەوە، دوای کوشتارێکی بە کۆمەڵی زۆر، دوایین کۆڵانەکانی حەلەبیان، گرتۆتەوە.

ئەو ڕاپۆرتە لە ڕاستیدا، ڕەنگدانەوەی شکستە دیپلۆماتیکەکانە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی شەش ساڵە لە سووریە کە تێیدا گیانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بووەتە قوربانی. ئەو ڕاپۆرتە دەڵێ، لە مانگی سێپتامبری ٢٠١٣، واتا سێ مانگ دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری پراگماتیست، حەسەن ڕوحانی، تاران پێشنیاری ئاشتی بە ڕاوێژکاریی قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران، داڕشتووە و داویەتی بە ئانکارا.

ئەو گەڵاڵەیە بە نیازی سازدانی ئاگربەست و دوای ئەویش هاتنە سەر کاری دەوڵەتێکی یەکگرتوویی نەتەوەیی و چاکسازی لە یاسای بنەڕەتی بە ئامانجی ئاستەنگ کردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری  و پارلمانی لە سووریە لە ژێر چاوەدێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، بوو. ئەو گەڵاڵەیە دوای چەند مانگ هاتووچووی دیپلۆماتیک لەلایەن محەمەد جەواد زەریف و ئەحمەد داوود ئۆغڵوو، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیە، بە هۆی هەبوونی ناکۆکی لەمەڕ داهاتووی بەشار ئەسەد، شکستی هێنا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، زەریف گوتوویەتی: “ئێمە لەسەر هەموو وردەکارییەکان ڕێک کەوتبووین تەنیا ئەو خاڵە نەبێ کە لە فازی کۆتایی ئەو گەڵاڵەیەدا کە دەبا نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندا بکات”. زەریف دەڵێ: “من گوتم نابێ هیچ دڵاڕەوکێیەک لەسەر ئەوە هەبێ کە ناوەندێکی ناودەوڵەتی چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەکەدا بکات، بەڵام ڕێبەرانی تورکیە دەیانهەویست، بەشار ئەسەد لەو هەڵبژاردنە بێبەش بکەن. تورکیە ڕای وابوو کە ئەسەد پێشینەیەکی توندوتیژی هەیە و کەمینەیەکی لەبەر دەستە بۆیەش داوود ئۆغڵوو ئەوەی ڕەت کردەوە و هەوڵەکانمان بە ئەنجام نەگەیشت”.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە تێیدا ئێران و تورکیە بە “هاوڕێی ترش و تاڵ، ڕەقیبی ناو یەک ئامێز” پێناسە کردووە، تورکیە لای وابوو کە ئەسەد هیچ ڕاگواستنی دەسەڵاتێک کە ببێتە هۆکاری لاوازبوونی، قەبووڵ ناکات و هەر بۆیەش ئانکارا تا ئێستاش هەر بیر لە ڕێکاری سەربازی دەکاتەوە”.

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بە “گرووپی ناونەتەوەیی قەیران” گوتوە کە تورکیە هیچ ڕێکەوتنێک لەو بارەوە لەگەڵ ئێران ناکات چون لە چەند مانگی داهاتوودا، ڕژیمی ئەسەد لە ناو دەچی.

بەپێی ڕاپۆرتی “گرووپی ناونەتەوەیی قەیران”، خولی دووهەمی دانوستانی نێوان ئێران و تورکیە، دوای کودەتای بێ ئەنجامی تورکیە و بەرەپێشوەچوونی کوردەکان لە باکووری سووریە کە بوو بە هۆی ئاگربەستی نێوان ئانکارا و مسکۆ، دەستی پێکردۆتەوە کە ئەو خولەش بە هۆی بوونی دمەقاڵە لەمەڕ چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە سووریە و هاتنە سەر کاری دەسەڵاتێکی سەرۆک کۆماری یان پارلمانی لەو وڵاتە، بە هۆی نەبوونی متمانەی دوولایەنە و دوای دەست تێوەردانی سەربازیی تورکیە لە سووریە، بێ ئەنجام کۆتایی پێهات.

بەرپرسانی ئێرانی بەو هێرشە سەربازییەی تورکیە بۆ سووریە، تووشی سەرسوڕمان بوون چون لەگەڵ ئەوەیدا کە بەرپرسێکی باڵای ئێرانی تەنیا یەک ڕۆژ پێش هێرشەکە لە تورکیە ببوو، تورکیا لەمبارەوە هیچی بە ئێران ڕانەگەیاندبوو ئەوەش لەوانەیە بۆ ئەوە بووبێ کە تورکیە ترسابێ ئێران ی.پ. گ ـیان لێ تیژ بکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت