ئازادی باشترین شتە- بەشی یەکەم

0
3425

کتێبی ”لەمەڕ ئازادی” ی جان ستوارت میلل 

نووسەر: فەیلەسوف و دوکتور پاتریک فریدلووند لێکۆلەرەوە و مامۆستا لە زانستگای لووند

وەرگێر لە سۆئێدییەوە : حامید مائیلی
بە شێوەیەک مرۆڤ دەتوانێ بڵێ هەر سەردەمێک پرسیاری تایبەت بە خۆی هەیە،بەڵام ڕەنگبێ بەو ڕادەیە هەر بیرمەندێک یش پرسیاری خۆی ببێ – لانیکەم لەمەڕ هێندێک هەلومەرجەوە. بۆ ئەو فەیلەسوفە ئینگلیسییە واتە جان میل ستوارت ئەوتۆ پرسیارێک کەئازادی شارۆمەندییانە و کۆمەڵایەتییانە ، وسروشت و سنوورەکانی بوو.ئەو پەرۆشییەی کە ئەو بۆ دیفاع لەئازادی بووی ،لەسەر بنەمای ترسێک بوو کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە . ئەو هەڕەشەی کە ئەو هەستی پێدەکرد کۆمەڵگایەک لە هەموو بوارێکەوە بە هێز،بەڵام بە بەشی خسووسییەکی گەندەڵ و گوێڕایەڵەوە .دەو کۆمەڵگا سەنعەتییە پەرە سەندووەدا ،پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بە هێزترن، ئەو شتانەی کە دەکەونە ژێر کارتێکەری هەڵوێستی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتییەکان هەر دێن بە تەوژمتر ببن. بە کورتی کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکانی بە تواناتر دەبن ،ستوارت میلل پێیوابوو ،ئەوانەی کە کۆمەلگا بەڕێوە دەبن و لەلایەن خەڵکەوە هەلبژێردراون مەشروعییەتێکی زیاتر بۆ خۆیان لەبەرچاو بگرن و ئەو باوەڕەیان تێدا بەهێز بێ کە هیچ ئاستەنگێک وەک سنوور لە هەمبەر دەستەڵاتی ئەوان دا لە گۆڕێدا نییە .کۆمەڵگایەکی بە هێز کە هەموو شتێک بەڕادەیەکی بەرین بە چاکی بەڕێوە دەچن، خاوەن بۆچوون لەمەڕ ژیانی ئینسانەکان کە چلۆن بیانگونجێنن ،زیاتر وەرگیراوترە و ئەژمارێکی زۆرتر بۆ هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە دەبنە بەڕێوەبەر ،بەشدار دەبن . ئەو هەڕەشەی کە ستوارت میلل لە ڕاستی ئازادی ئینسانەکان هەستی پێدەکا .تووشی خۆی و خێزانەکی هارییەت تایلۆر لە مەڕ نووسینی بابەتێک یان نووسراوەیەکی فەلسەفی بە نێوی “لەمەڕ ئازادی” یان ،وەک خۆی دەیگووت ، مانیفێست یان بەڵێن نامە ببووە.
شێوەی شیکردنەوە و گوتن ئەغڵەب دە پاساودا ڕەنگدەداتەوە .دە حاڵێکدا ئاوێتە بوونی دەقەکە وکەسایەتی مانیفێستەکە دە ڕەوتی خواستی هێڵی سیاسیدا خۆی دەنوێنێ .(لەمەڕ ئازادی) هەڵگری زۆر چەمکی جۆراوجۆر وهێندیکش پاساوی جۆراوجۆرە. بەشێکی وەک دیارە کەمتر کات گرن لە ئەوانی دیکە ،بەڵام بەر لە هەمووان وادیارە چەند شتێک زیاتر هاوزمانن بە گشتی دەگەڵ پێشکەوتوویی کۆمەڵایەتی تا ئەوانی دیکە.
دە هێندێک هەرێمدا وادیارە ستوارت میلل بە بێ هیچ بەرهەڵستێک بە تەواوی شوێنەواری خۆی داناوە .پێشنیاری ئەو لەمەڕ بە سەر داچوونەوەی ئازادی بیر و باوەڕ دەربڕین ، وادەردەکەوێ کە سرنجی ئەژمارێکی زۆری ڕاکێشاوە . ئەوپەڕی بێ ئینسافییە کە بە زەبر وزۆر دەنگێ یەکێک کپ بکەی ،سەرەڕای ئەوەیکە بیرێکی کە دەردەبڕدرێ دەگەڵ هی هەمووان دژایەتی هەیە .تەنانەت ئەگەر بە کۆ هەموو ساغببنەوە لە سەر یەک پرس، بێجگە لەو تاقە کەسە،هێشتا مافی خۆیەتی قسەی خۆی بکا و بۆچوونی خۆی دەرببڕێ.ستوارت میلل پێداگرێکی بە هێز لەسەر ئەوە دەکا ودەڵێ:
” ئەو پەڕی بێ ئینسافییە کە بە زەبر وزۆر دەنگی یەکێک کپ بکەی ،سەرەڕای ئەوەیکە هەلگری باوەڕێکە دەگەڵ هی هەمووان دژایەتی هەیە ،بێدەنگ کردنی تاقە یەک کەس لە کۆمەلگا یانی دزی لە مرۆڤایەتی “.

ئەو ڕوانگە و ئەو بۆچوونەی کە ئەو تاقە کەسە هەیەتی مرۆڤایەتی داناپلۆسێ . لە ڕوانگەی ستوارت میللەوە زۆر گرینگە ،ڕەنگبێ ئەو بۆچوون وپێشنیارە واقیعییەتێک بێ ،یان ئەو باوەڕە دەتوانێ بە ڕاستی حەقیقەت بێ . تەنانەت ئەگەر هەمووشی ئاوا نەبێ لانیکەم هێندێکیان بەرحەقن ، دەمەوێ بڵێم کە ئەگەر وابێ بەشێک لەو ڕوانگە کپ کراوانە تا ڕادەیەک هەڵگری ناوەرۆکێکی ڕاستەقینەن. .
ستوارت میلل بەوەش ڕازی نابێ. دەو نێوەدا گرفتی ئەخلاقی و ویژدانی یان گرفتی ڕوانگەی ئینسانەکانیش هەیە کە ئیزن نادەن خەڵک ببنە خاوەن ئازادی بیر وڕا دەربڕین .ئەگەر ئێمە ئیزن بە خۆمان دەدەین کە خەڵک بێدنگ بکەین ستوارت میلل لە سەر ئەو باوەڕەیە کە یانی، ئێمە بە سەر هیچ هەڵەیەکدا ناکەوین و لەهەر چەشنە هەڵەیەک بێ بەرین .ئیزن نەدان بە ئازادی بیر وڕا دەربڕین بەو مانایەیە کە ڕوانگەی من یان هی ئێمە ،باوەری من یان هی ئێمە تەنیا ڕوانگە وباوەڕێکە کە درووستە و هەر تایبەت بە من یان بە ئێمەشە . ستوارت میلل پێیوایە ئەوتۆ تێگەییشتنێکە کە بوونە دەستەواژە بۆ گرتن و ڕاونان و لە زیندان تووند کردن بە تایبەت ئەوانەی کە هەڵگری مەزهەب ودینی جیاوازن .
بۆوەیکە زیاتر بناخەی پارێزگاری لە سەر مافی ئازادی باشتر داڕشتبێ ، ستوارت میلل سیهەمین کۆڵەکەی دێنێتە گۆڕێ.ستوارت میلل بۆیە پێیوایە کە هەموو دەبێ خاوەن مافی ئازادی بیر و ڕا دەربڕین بن ، چونکوو تەنیا ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ ڕوانگەی خەڵکی دیکە لە سەر هێندێک شت و بۆچوونی جیاوازە، کە دەتوانێ بیسەلمێنی کە ڕوانگە و بۆچوون و هەلوێستی ئێمە ڕەسەن، واقیعی و خاوەن بنەمایەکی بە بەڵگەیە .کاتێک ئیمە دەگەڵ بۆچوونی خەڵکی دیکە ڕووبەڕوو دەبینەوە ،مەجبوور دەبین کە ئێمە تێگەییشتنی خۆمان تۆکمەتر بکەین و پاساوی بە بەلگەتر بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانمان بێنینە گۆڕێ .تەنیا کاتێک دەتوانی هەڵوێستی ئێمە درووست لە جێگای خۆی لەنگەر باوێ کە بە چاو قووچاوی خۆمان نەدابێتە دەست شەپۆلی گشتی یان دەست ئۆتوریتەیەک .
ئەگەر ئێمە دەگەڵ دژبەرێک ڕووبەڕوو نەبینەوە ،ئێمە ئیزنمان داوە کە حەقیقەتەکان جۆرێکی ئێمە بە دڵمانە هەڵیانسەنگێنین ،یانی بە بێ ئەوەیکە کەمترین هەستمان بە ڕاستییەکان کردبێ .ستوارت میلل پێیوایە ،ئەگەر هیچ بەردەنگێکی دژبەر لە گۆڕی نەبێ واقیعییەتەکانی سەقامگیرلە گۆڕێ، ئازادانە دەمارگرژی دەخولقێنن بە بێوەیکە ئیمە هیچ کارتێکەرییەکمان لە سەریان بێ .ئەوتۆ شانۆیەک نەک هیچ کاردانەوەیەک لەلایەن هیچ کەسیکەوە ناوروژێنێ ،بگرە هەڵوێست کوژە، یان ئێعترافی پێدەکرێ. ئاکامیشی ئەوەیەکە ویژدانی کۆمەڵایەتی دەژاکێ و لە پاشان هیچ هەڵوێستیک دە هانای چارە سەری نایە .بێجگە لەوەش ،ئەگەر بیر وبۆچوونی من لەلایەن یەکی دیکەوە تاقی و شینەکرابێتەوە و بە ناخی زەیندا ڕۆنەچووبێ ،بە هاسانیش نکۆڵی لێدەکرێ و ڕەت دەکرێتەوە .
ستوارت میلل پێیوایە کە ئەو پەڕی بێ ئینسافییە کە هێندیک شت ببنە جێی ئەوتۆ مەتمانەیەک و بە دوور لە هەرچەشنە پرسیارێک بپارێزرێن. ئەوتۆ شانۆیەک هیچ دەبەرژەوەندی کۆمەلگادا نییە و دەبێ بخرێنە ژێر لۆمە و ڕەخنەوە .تەنانەت ئەوانە دەبێ ئازادانە لە سەریان باس بکرێ . تەنانەت لەو هەرێمانەدا کە پرسی ئازادی بیر وڕا دەربرێن لە گۆڕێیە .ئەوهەڵسوکەوتە لەلایەن ستوارت میلل زۆر گرینگایەتی پێدەدرێ ،سەبارەت بەوەیکە مەترسی دامەزراندنی ئیستیبداد چاوەڕوان دەکرێ. لە سەر دەمی ئێمەدا ڕەنگبوو ئەو حەقیقەتانە کە دەبەرژەوەندیدان لەسەرووی هەمووان لە بەرچاو بگیرێن ، وەک پرسی واقیعی لە مەر دێموکڕاسی ،یەکسانی ،مافی مرۆڤ یان ڕوانگە لەمەڕ ژن و پیاو .

ستوارت میلل پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە هەموو دەبێ مافی دەربڕینی بیر ورایان هەبێ ،چونکوو تەنیا ڕووبە ڕووبوونەوە دەگەڵ بیر وڕای جیاوازی خەڵکی دیکە لە مەر شتەکانە کە ئێمە دەتوانین هەڵوێستی گونجاو بگرین.

ستوارت میلل دەڵێ: ڕەنگبێ دانانی هێندێک لە حەقیقەتەکان وەک بنەما لەدەرەوەی ئەو باسە ئازادە، نیشاندەری گرفتی سەرچاوە وێکچووەکان، هەڕەشەی دووپاتکردنەوەی وێکچووەکان وڕەوتی بنەمایی بێ .جاری وا هەیە کە زەختی دێموکڕاسی ئیزن بە جەماوەر(زۆرینە) دەدا کە هەڵوێست لەمەڕ تاک بگرن کە،چلۆن باوەڕێکی هەبێ و چ بۆچوونێکی ببێ.بۆ نموونە بووە کە ڕێبەرایەتی هەڵخڕێنەری بیر وڕای گشتی نەخشی دەوڵەت بگێڕن .
دە دژایەتی دەگەڵ ئەوە دا، ستوارت میلل وەک پاساو پەنا بۆ تەنانەت جەماوەریش واتە ،زۆرینەی کۆمەڵگا کە لە سەر ئەو باوەڕەن ،کە گۆیا لە کۆمەلگا دا دەبێ کۆپێکهاتەکان هەڵویست بگرن کە تاکەکان دەبێ چ هەڵسوکەوتێکیان ببێ، نابا .میلل وەک بەڵگە وەک نموونە دەیهێنێتەوە کە ئەوە پرسیکی ئەخلاقی و شتێکە بە تەواوی شەخسی.
دەتوانێ شتی لە گوێن لەشفرۆشی و مەووادی موخەددەری بگرێتەوە،کە ڕەنگبێ بۆ هێندێکیش سەر سوورهێنەر بێ.بۆیە دەبێ ئەو دەم مرۆڤ لەبیری بێ کەتوجاڕەتی مەووادی موخەددەر یان لەشفرۆشی خۆی دەتوانێ پرسیک بێ کە قانوونی تایبەت بە خۆی بۆ دیاری بکرێ- ڕەنگبێ قەدەغەش بکرێن .
خاڵی بەرچاو لێرە ئەوەیە کە دەتوانێ بە ڕاسپاردن ڕووبدا ،بەڵام نە لە دەرەوەی قەزاوەتی ویژدانی یان لەبەرچاوگرتنی شێوەی تەربییەتی خەڵک لەلایەن تاکەکانی بە ساڵداچووە .
هەڵبەت پرسیاری سروشتی ئەوەیەکە، بە ڕاستی سنوورەکە کوێیە. ستوارت میلل ئینسانێکە کە وەک ڕووناکبیرێک دە دیالۆگدا بە توانایە ،کە ددان بەگرفتی دیاریکردنی سنوور دادەنێ .دە بابەتی “لەمەڕ ئازادی “یش دا ئەوپەرێ حەولی خۆی دەدا ،کە دە باسەکاندا پرسی دیاریکراو ببێ ونیشان بدرێ کە چلۆن هەڵسەنگێندرێن و چ باشن بکرێن. لە دەرەوەی پاساوەکانی ستوارت میلل خۆیەوە کە دەیانهێنێتەوە دەتوانین یان باشترە، کە لەڕاست ئەو گەڵاڵە دیاریکراوانەدا بێ هەڵوێست نەبین ،بەلام من لەسەر ئەو باوەڕە نیم کە لە سەر نموونەکەی ستوارت میلل زیاتر بدوێن . جا دیارە زۆر سروشتییە کە پرسیاری زۆر گرینگ ،ئەوانەن کە ڕاستەوخۆ گرێدراوی  ئازادی بیر وڕا دەربڕین ببن . بۆ نموونە ئەرێ ستوارت میلل ئەگەر ئێستا بوایە دیفاعی لە نکۆڵی کەرانی مێژووی هۆلۆکاست “جینوسایدی جوولەکان”دەکرد ؟ باشە هەڵوێستی ستوارت میلل لە ڕاست پڕوپاگەندەی ڕەگەز پەرەستان یان دژبەرانی یەهوودیییەت “ئانتی سیمیتیسم”چ دەبوو؟ نا ،من پێموا نییە ستوارت میلل هەر باسیک کە بە نێوی ئازادی دەربڕینی بیر و ڕا بێتە گۆڕێ قەبووڵی بوایە ،ئازادی دەربڕینی بیر وڕا لە هەموو بوارێکدا وەک پرەنسیپێک ،هێشتا بەو مانایە نییە کە دەو هەرێمەدا هیچ سنوورێک دەگۆڕێدا نییە .لانیکەم ستوارت میلل دوو پاساو دێنێتە گۆڕێ .هەووەڵین پاساوی ئەوەیکە کە پێداگری لە سەر ئەوە کە ئازادی کەسێک نابێ ببتە هۆی بەرتەسک کردنەوە یان خەوشدار کردنی ئازادی کەسێکی دیکە دەکا. ئەگەر قسە و کردەوەی کەسێک ببتە هۆی ئازار و بێحورمەتی بە بیر وباوەڕی یەکی دیکە جێیەتی داوای لێبووردن بکا .هیچ کەس مافی ئەوەی نییە کە ببتە ئاستەنگ بۆ ئازادی دەربڕینی بیر وباوەڕی کەسی دیکە،یان ئیزن بە خۆی بدا و دیاری بکا کە کێ دەبێ بڵێ چی یان کێ دەبێ چ بکا.بە پێچەوانەوە سنوورەکە ئەو جێگایەیە کە دەبتە هۆی خەوشدار کردن و زەرەر پێگەیاندن بە کەسێک ،جا ئەو شێوە هەڵوێستە ڕەنگبێ بە دیفاع لە نموونەکانی وەک نکۆڵی کەرانی هۆلۆکاست ،ڕەگەز پەرەستان و دژە یەهوودییەکان لێکبدرێتەوە.
ستوارت میلل بە شێوەیەکی دیکە دژایەتی ئەو کردەوانە دەکا ،مەبەستی ستوارت میلل دە ڕاستیدا ئەوەیەکە دەڵێ:رێگاگەلێک کەتاقی کراونەوە و ئاکامی هەتڵە بوون بووە، هیچ پێویستییەک لە گۆڕێدا نییە کە سەر لە نوێ ئەو ڕێگایانە تاقی بکرێنەوە .لێرەیە ئاستەنگەکە. بە بوونی ئەو گشتە لێکۆڵینەوانە لە مەڕ ئەو باسە ستوارت میلل بوایە دەیگووت :هیچ دەلیلێک لەگۆڕێدا نییە کەنکۆڵی لە هۆلۆکاست قەبووڵ بکرێ، هەر بەو پێیەش لە مەڕ بیر وباوەری دزێوی ڕەگەزپەرەستی و دژایەتی دەگەڵ یەهوودییەت نابێ ئیزنی پەرە سەندنیان پێبدرێ .ئێستا بێ شک ئەوەیکە چلۆن و لەلایەن کێوە دەبێ بەرهەڵستکارییان بکرێ بۆتە گرێ پووچکەیەکی کۆمەڵایەتی.هەر وەک چۆن بەرگری لە هەڵبژاردنی ڕەوتی نوێی ژیان بە بێعەداڵەتی دادەنرێ ،بەڵام عاقڵانە و بە جێ دەبێ کە ئەو ڕێگایانەی کە پێشوو تاقیکراونەوە و هەتڵە بوونیان لە دوو بووە بەریان پێبگیرێ ، دیارە دەبێ پرسیارەکە کەسێک هەڵیسەنگێنێ کە بە قازانجە یان دەبێ ڕەت بکرێتەوە .
ئەگەر ستوارت میلل پارێزگارییەکی بێ وچان و شێلگیر لە ئازادی بیر وڕا دەربڕین دەکا، تەنیا بە دوای وشەکەیەوە نییە. ستوارت میلل لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئازادی گرینگایەتییەکی زۆری بۆ ئینسانەکان هەیە ،تا بتوانن بەرنامەی داڕێژراوی ژیانیان وەدی بێنن.لە جێگایەک کە ئازادی تاک ڕاشکاوانە دێتە گۆڕێ ،جێگایەک بۆ بیرکردنەوەی لەمەڕ ئازادی دەستە و گروپ نییە .ڕەنگبێ ڕاست لەو خاڵەدایە کە لیبڕالیزمی ستوارت میلل هێند لیبراڵ ،هێند ئازادیخواز دەبێ ،کە پرسی لەمەڕ ئازادی تاک زۆر بچووک دەبێتەوە .بیرێکی سەرەکی کە ناوەندی پرسەکە لای میلل هەیە،ئەویش ئەوەیە کە دەبێ جیاواز بیران و دژبەران ،لە نێو بیر وڕای گشتی”زۆرینە ” دا جێگایان ببێتەوە. تاکەکان – و تاکەکان ئەگەر خوازیاری تێکەڵبوونیان دەگەڵ یەکتر ببێ ،دەبێ ژیانی هاوبەشی خۆیان بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان ،تەنانەت بەلە بەرچاوگرتنی هەلومەرجی بە کردەوە دابڕێژن .دوای وەیکە تێکەڵاوی دەستە و گروپەکان بوون ،دەبنە بەشێکی جوێ نەبووە لەو پێکهاتە نوێیە.واتە ئەو بەشە لە ژیانی دارێژراو وبەرنامەبۆ دانراوی شەخسی دەبێ بەفەوتاو دابنرێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.