یەکێتیی نیشتمانی بۆ تێهەڵێنانەوەی شکستی خۆی لە باڵەکایەتی، موزایدە بە خەباتی ڕۆژهەڵات دەکات

0
638

ڕۆژی کورد: لە کارەساتی هەڵکووتانە سەر پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات و مەقەر و بنکەکانیان، یەکێتیی نیشتمانی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو، ئەو هێرشە کە وەک پێشتر لە لایەن ناوەندی ڕۆژی کوردەوە خراوەتە بەر باس، لەلایەن کەماڵ ماوەتی و پاشماوەکانی لەو دەڤەرە و بە یارمەتیی چەندین کادیر و بەرپرسی یەکێتیی  نیشتمانی ڕێکخراوە و خەڵکی لێ هاندراوە کە خێرایی ڕووداوەکان و ڕێژەی هێرشبەران و چەندین پەیجی فەیسبوکی و لێدوانی مەلا و چۆنیەتیی هێرشەکە و شەمزاندنی شوێنی ڕووداوەکە و نەخستنە ڕووی ئەو برایانەی کە ماون و نیشان نەدانی شوێنی ڕووداوەکە و شێوەی گوللـەکان کە لە ماشێنەکە دراون، ئەو ڕاستییە باشتر دەردەخەن.

لە ئێستادا دوو پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات ڕادەست کراون، کە یەکیان ماوەی هەشت مانگە پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەیەتیی ڕۆژهەڵات بووە و تەمەنیشی زۆر نیە و یەکیان خاوەن ژن و منداڵێکی ساوایە و ئێستا دۆخی دەروونیی خۆی و خێزانەکەی بەتایبەت لە دوای ڕادەستکرانەوەی بە یەکێتی نەک یاسا و بنکە یاساییەکانی هەرێم وەک حکومەت، زۆر نالەبارە. لە هەمان کاتدا، هیچ کەس و لایەنێکی باشووری لەو پێناوەدا دەستبەسەر نەکراوە، کە ئەوە نیشاندەر و دەرخەری بڕیاری یەکلایەنەی تاوانباربوونی ڕۆژهەڵاتە.

لێژنەیەکی چەند کەسیی ناوەندی ڕۆژی کورد کە چەند کەسیان کوردی باشوورن، لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا بەردەوام بەدواداچوونیان بۆ ڕووداوەکە کردووە، ئەندامانی ئەو لێژنە نهێنییە، لە بەشێک لە بەدواداچوونی خۆیان و لە دوای پەیوەندی لەگەڵ چەند کەس و لایەن بە شێوەی تایبەتی، بۆیان دەرکەوتووە کە یەکێتیی نیشتمانی سیاسەتی بان و دوو هەوای لەم دۆخەدا گرتووەتە پێش.

یەکێتی لەلایەکەوە لەسەر میدیاکانی و لەناو ڕاگەیێندراوەکەیدا و تەنانەت لە قسەکانی مەلا بەختیاردا، بەردەوام هەڕەشە لە رۆژهەڵات و خەباتەکەی دەکات. یەکێتی لە پەیوەندی و دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵە، باس لە سازانی خێڵەکی و عەشایر و خەواندنەوەی یەکجارەکیی کێشەکە لە دوای دوو مانگ دەکات.

بەشێک لە توندترین هەڕەشەکان لەمبارەوە لە یەکێتی لە لایەن  مەلا بەختیارەوە هاتووەتە ئاراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خودی مەلا بەختیار لە پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، باسیان لەوە کردووە کە ئەمە تەنیا تاکتیکێکی کاتیی میدیاییە و دواترکێشەکان لە ڕێگای سەرۆک خێڵەکانەوە چارەسەر دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆمەڵە و یەکێتی بۆ ماوەی شەش کاتژمێر بە یەکەوە کۆبوونەوە و یەکێتی هەوڵی ئەوەی داوە تا بە شێوەی خێڵەکی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات”.

لێ ئامانجی یەکێتی لەم ئاژاوەنانەوە لە ڕواڵەتدا دەبێ چی بێ؟

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لێژنەی ناوەندی رۆژی کوردی دەریدەخا کە یەکێتیی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا لە کوردستانی ئێراق، کەمترین دەنگی لە ناوچەی باڵەکایەتی هەبووە و دەنگەکان بە قازانجی گۆڕان شکاونەتەوە و یەکێتی لەو ناوچەیە بەرەو هەڵپڕووزانی یەکجارەکی دەڕوات. هەر بۆیە یەکێتی لە دوای نانەوەی ئەو ئاژاوەیە، ئێستا خۆی بە تاکە پشتیوان و هاوکار و ڕزگاریکەر و ماف ئەستێنی ناوچەی باڵەکایەتی دەناسێنێ و هەڕەشە دەکات تا بەم شێوەیە جارێکی تر ڕێژەی دەنگەکانی خۆی لەو ناوچەیە بەرز بکاتەوە.

مانگی ١١ی زایینی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پارلمان و سەرکۆیاتیی هەرێم لە کوردستانی ئێراق لە ئارا دایە و یەکێتیی نیشتمانیش ئەو دۆخەی ئێستای پێکهێناوە و تەشەنەی پێدەدات تا ڕێژەی دەنگەکانی خۆی بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە ئەقڵییەتی دواکەوتووانەی خێڵەکی و سۆزی خەڵکانی ساویلکە لە ڕێگای قوربانی کردنی دوو لاوی ئەو دەڤەرە و دواتر هاندانی ڕای گشتی بە دژی حیزبەکان، ئەو شکستە یەک لە دوای یەکانە، تێهەڵبێنێەوە.

لەو ناوەدا لوقمان وەردی، بەرپرسی کومیتەی یەکێتی لە چۆمان، جیا لە دەست تێدابوون لە پیلان و هاندانی خەڵک لە ڕێگای تەلەفون و بڵاوکردنەوەی هەڵەشەییانەی هەواڵی کوژرانی ئەو دوو برایە، زیاترین دەوری هەبووە بۆ ئەو مەبەستە و ئێستاش هەوڵ دەدات خەڵکی ناوچەکە بە دژبەرانی حکومەتی هەرێم و حیزبەکانی تر بناسێنێ و یەکێتی بەتاکە پشتیوان و پەنای ئەو دەڤەرە کە قسەکانی لەگەڵ میدیاکان و بەتایبەتی ئێن ئارتی، کە پێشتریش لە ناوەندی ڕۆژی کورد، شرۆڤەیان بۆ کراوە، ئەو ڕاستییە زیاتر دەردەخەن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت