یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەممەی ئێران بایکۆت دەکا

0
611

یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە نوسخەیەکی بۆ رۆژی کورد نێردراوە؛ هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەممەی ئێران بایکۆت دەکا و داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن و نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان .
ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ به‌م چه‌شنه‌یه‌ :

بەیاننامەی كۆمیتەی ناوەندی یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان
بۆ رای گشتی
هەڵبژاردنەكانی ئێران بایكۆت دەكەین
گەلی رزگاریخوازی كوردستان

هەروەك هەموتان ئاگادارن حكومەتی نگریس و دیكتاتۆر و خوێنڕێژی كۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەیەكە خەریكی ناونووسینی ئەو كەسانەیە كە بەنیازن بۆ خولی دەهەمی مەجلیسی شورای ئیسلامی و خولی پێنجەمی مەجلیسی زانایانی رێبەری خۆیان بپاڵێون. بۆ ئەم مەبەستەش وەك پیشەی هەمیشەیی خۆیان سەرجەم رێگەكان دەگرنە بەر بۆ رەواییدان بە هەڵبژاردنە سەرتاسەر پڕ لە درۆ و سیاسەتە چەواشەكارەكانیان.
بۆ هەمووان روون و ئاشكرایە كە لەماوەی هاتنە سەركاری حكومەتی دیكتاتۆری ئیسلامی ئێران تاوەكو ئێستا گەل هیچ كات بڕیار و داواكانی بە هەند وەرنەگیراوە و كاربەدەستانی حكومەت و لە سەرووی ئەوانەوە ئاخوندەكان بۆ سەرخستنی خواست و ویستی خۆیان بەسەر خواست و ئيرادەی سەرجەم تاكەكانی ئێران بە سەدان بەربەست و لەمپەریان داناوە و پاڵێوراوان دەبێ لەو كەسانە بن كە بە فیلتێری وردی ئەواندا تێپەڕێ و هەركەسێکی جیابیر کە خاوەنی بیروبڕوایەكی تایبەتی و جیاواز لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی هەبێت ناتوانێ لە فیلتێری ئەوان تێپەڕێ، ئەگەرچی ئەو كەسە لەناو خەڵك دا كەسایەتییەكی قبووڵكراو و جێگەی بڕوا بێت.
لەمێژووی هاتنە سەركاری حكومەتی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی دا تەنانەت یەك هەڵبژاردن، دێموكراتیك نەبووە و ئەو كەسانەش كە پاڵیوراون و ناویان دەرچووە لە چڵكاوخۆر و مۆرەكانی خۆیان بوون و تەنها خواستیان پەلكێش كردنی خەڵك بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان بووە و هیچی تر. بۆیەش دەنگی راستەقینەی خەڵك هیچ بایەخێكی پێ نەدراوە و زۆر بە ئاسانی پشتگوێ خراوە.
ئەگەرچی حكومەت بە رواڵەت بووەتە دوو بەرەی ئیسلاح خواز و توندڕۆ، بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین كە ئەمانە هەردووكیان دوو رووی یەك سكەن و هیچ كامیان لە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی گەلدا نین و بەڵكوو هەردوو لایەن بڕوایەكی قووڵیان بەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرە هەیە و لە بنەڕەتدا هەر یەكن و بۆ یەك ئامانج تێدەكۆشن، تەنانەت ئەو كەس و لایەنانەی لەژێر ناوی بەرەیەكی كوردی‎دا كۆ بوونەتەوە، لە ڕاستیدا دروستکراوی خودی حکومەتە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە وەك ئاڵترناتیڤێك بەرامبەر بە هێزە كوردییەكان بەكاریان بهێنن كە بە هەق نوێنەری ڕاستەقینەی داخوازییەكانی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستانن و، بۆیەش دەنگدان بەو مۆرانە دەنگدانە بەو سیستەمە دژە مرۆییە كە هیچ بایەخێك بۆ دێموكراسی و بنەماكانی مافی مرۆڤ دانانێ.
ڕێژێمی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی ئێستا بە هۆی سیاسەتە هەڵەكانی لەناوخۆی ئێران و هەروەها لەهەمبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێشێل كردنی مافی مرۆڤ و دەست تێوەردان لە كاروباری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت وڵاتانی ناوچەكە و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەكان، پێگەی نێودەوڵەتی لەدەست داوە و بایەخی پێ نادرێ.
ئێمە وەك یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان لەو بڕوایەداین كەوا ئەم شێوازی هەڵبژاردنە و هەروەها مەرجەكانی پاڵێوران و دەنگ‎هێنانەوە نادێموكراتیكە و دیارە لەم حاڵەتەدا كەسانی شیاو و جێگەی بڕوا و متمانەی خەڵك ناتوانن بچنە پارلمان و لە فیلتێری دەسەڵات دەرباز نابن. هەربۆیەش خەڵك ناچارن تەنها ئەو كەسانە هەڵبژێرن كە جێگەی بڕوای دەسەڵاتن و خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەوان دەكەن نەك گەل و خەڵك، ئەوەش بەو مانایەیە كەوا بەشداریكردن لە هەڵبژاردنێكی ئاوا رەوایی دانە بە رازیبوون بە مانەوەی ئەو دەسەڵاتە خوێنخۆر و نگریسە و چەوسانەوەی زیاتری گەل بە دەستی دوژمنەكانی گەلەكەمان.
هەربۆیەش ئێمە ئەو هەڵبژاردنەو سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی كە لەژێر ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرەدا بەڕێوە بچێ بایكۆت دەكەین و داوا لە خەڵك دەكەین كەوا بە هیچ شێوەیەك بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا نەكەن تاوەكوو چیدیكە بە چوون بۆ سەر سندووقی دەنگدان رەوایەتی بە مانەوەی داگیركەر لە وڵاتەكەمان دا نەدەن و بەم شێوەیە پشتیوانی خۆیان بۆ حیزبە نیشتیمانپەروەرەكانیان كە نوێنەری راستەقینەی ئەوانن دەربڕن.
بژی كورد
پایەدار بێ كوردستان
كۆمیتەی ناوەندی
یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان
10-1-2016

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.