یەبەشە: لە شەڕی سنوونێ ٧ شەڕڤان شەهید و ٢٠یش بریندار بوون

0
467

ڕۆژی کورد: یەکینەکانی بەرخودانی شنگال “یەبەشە” کە لقێکی سەربازیی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە، لە راگەیێندراوێکدا لەمەڕ شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان خۆیان و هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوای سەر بە پارتی دێموکراتی کوردستان لە سنووری سنوونێ و خانەسۆر ڕایگەیاندووە کە 7 شەڕڤانیان لەو شەڕەدا گیانیان لەدەستداوە کەدوانیان گەریلای هەپەگەن.

یەبەشە هەروەها ڕایگەیاندووە لەو شەڕەدا 20 شەڕڤانی دیکەیش بریندار بوون.

یەبەشە لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە پێشمەرگە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی فراوان بۆ سەر تەواوی شنگال.

بەڵام قادر شێخ مەمی، فەرماندە لە لەشكری ڕۆژی پێشمەرگەكانی کوردستانی ڕۆژئاوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاندووە کە ئەوان لە شوێنی خۆیان لە نزیك كۆمەڵگەی خانەسۆری شارۆچكەی سنوونێ جێگیربوون، ئێستاش دۆخەكە ئارامە ‌و گوتیشی “دۆخەكە لەنێوان ئێمە ‌و یەبەشە تەواو ئارامە‌و و نە شەڕ هەیە نە گفتوگۆی ئاشتیانە”.
راگەیاندنی ئاماری قوربانییەکانی یەبەشە لە شەڕەکەی رۆژی هەینی لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لەشکری رۆژ بە رەسمی ئاماری قوربانییەکانی ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراوەتەوە 4 پێشمەرگەی لەشکری ڕۆژ بریندارن.

حیزب و چالاکانی سیاسیی کورد بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە داوای ڕاگرتنی ئەو شەڕە دەکەن و بە شەڕی کوردکوژی و براکوژی ناو دەبەن و بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسی لایان وایە ئەو شەڕە بە نیابەت لە ئێران و تورکیە ئەنجام دەدرێت و لە ئەنجامدا کورد بە دەستی کورد دەکوژرێ و بریندار دەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت