یه‌كێتیی نیشتمانی پرۆژه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێم ئاماده‌ ده‌كات

0
600

ڕۆژی کورد: ئەو ڕستەیە کە “کەرکووک دڵی کوردستانە”، ڕستەیەکی ناسراوە لە ناو کورد و هەموو نەتەوەکانی عێراق و مێژووی خەباتی کورد لە کوردستانی باشوور، زۆر جار بە هۆی نەگەڕانەوەی کەرکووک، تووشی خەساریش بووە بەڵام کەرکووک تا ئێستاش نەگەڕاوەتەوە سەر کوردستان و سیاسەتەکانی یەکێتیی نیشتمانیش لەو بارەوە تا ئێستا گازندەی لەسەر بووە.

ئێستا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە  بڕیارە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووك لەمەڕ پڕۆژەیەک بۆ گەڕانەوەی کەرکووك بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بەکۆمەڵێك تایبەتمەندییەوە، دەست بەگفتوگۆ بکات.

تا ئێستا بڕیاربوو بە پێی مادەی ١٤٠، کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان بگەڕێندرێنەوە سەر کوردستان بەڵام ئەو مادەیە تا ئێستاش بە هۆی ڕژیمی عێراق و دەست تێوەردانەکانی ئێران و هاتنە ئارای شەڕ لە عێراق و هەرێم و یەک نەبوونی لایەنە کوردییەکانی کوردستانی باشوور، وەدوا کەوتووە و پێدەچێت هیچ هیوایەک بە ژیانەوەی مادەی ١٤٠ کە هەر بە مردوویی لەدایک ببوو، نەمابێ.

لە ماوەی ڕابردوودا، یەکێتیی نیشتمانی، بۆ یەکەم جار و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئاڵای کوردستانی لەسەر سەرجەم فەرمانگە و شوێنەکانی کەرکووک، هەڵدا ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتر ناوەندێکی ڕۆشنبیری بە ناوی خومەینی لەو شارە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانییەوە کرابۆوە کە ناڕەزایەتیی بەرینی کوردستانیانی خۆرهەڵاتی لێکەوتەوە.

بەرپرسانی یەكیتیی نیشتمانی ڕایانگەیاندووە، دەیانهەوێت پڕۆژەکە ببێت بە پڕۆژەی سەرجەم لایەنە کورديیەکان، نەك ئەوەی کە تەنیا ھی یەکێتی، بێت.

پارتی دێموکراتی کوردستان پێشوازی لەو ھەنگاوە کردووە و ڕایگەیاندووە “پێشمەرگە واقیعی کوردستانی بوونی کەرکوکی سەلماندووە”.

بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی ڕایانگەیاندووە کە بەشێکی بەرچاو لە لایەنە تورکمانی و پێکهاتەکانی تری کەرکووکیش لەسەر گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستانی باشوور ڕازین بەڵام مەرجیان هەیە.

تا ئێستا ناوەرۆکی ئەو گەڵاڵەیە و هەروەها تێبینی و مەرجی لایەنە غەیرەکوردییەکانی کەرکووک ئاشکرا نەکراوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت