یاری کردن و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵ، بە ئاوڕدانەوە لە بیردۆزی ڤیگۆتسکی

0
190
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

جیهانی ئەمڕۆ بەپێچەوانەی سەردەمانی پێشو یان چەند ساڵ بەر لە ئێستا، بە یارییە کامپیوتێری و ئەلکترۆنییەکانەوە تەژی بووە و منداڵەکان چیتر وەک پێشو، سەرقاڵی یارییە خۆماڵییەکان و یاریی خەیاڵی (ئەو یارییانەی کە تێیدا خەیاڵ بەکار دێت و منداڵ بە شێوەیەکی خیاڵی و شانۆیی، دەوری گەورەکان وەئەستۆ دەگرێت- وەک ماڵ ماڵێن) نابن و ئەوەش خەساری کۆمەڵایەتیی خۆی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەو منداڵانەی کە بە هۆی چاولێکردنی بەردەوام لە تەلەفزیۆن و سەرقاڵ بوون بە یارییە ئەلکترۆنی و کامپیۆتێرییەکانەوە، کاتیان بۆ یاریی تر وەک یارییە خۆماڵی و مێشکی و خیاڵییەکان نیە، لە ڕووی زمان و ئاخاوتنیشەوە، هێندەی منداڵانی تر گەشە ناکەن و بە هەمان شێوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تریشدا، ناتوانن وەک منداڵانی تر گەشە بکەن و فێریان ببن و رێژەی گۆشەگیری و خەمۆکی لەو منداڵانەدا، زۆر زیاتر و بەرچاوترە.

یاری کردن بە گشتی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر منداڵ هەیە. یاری، سرووشتی ترین شێوەی حەزی منداڵە بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ جیهانی دەورووبەری خۆی و جۆرێکە لە ڕاهاتن بۆ وەئەستۆگرتنی ئەرک و پیشەکانی لە داهاتوودا. لە هەمان کاتدا لە پەروەردەی هاوچەرخدا، یاری کردن یەکێک لە شێوەکانی پەروەردە و ڕاهێنانە و لەلایەکی تریشەوە “یاری دەرمانی”، یەکێک لە ڕێکار و شێوازە نوێیەکانی چارەسەری کردنی کێشە و نەخۆشییە دەروونییەکانی منداڵانە کە دەکرێ لەو ڕێگایەوە بچیتە ناو جیهانی منداڵەوە و کێشە و پرسە دەروونیەکانی چارەسەر بکرێت. بەڵام لەو نێوەدا، یارییە خەیاڵییەکان گرنگییەکی تایبەتیتریان هەیە و توخمی هەرە سەرەکی و گرنگی گەشەی ئاسایی منداڵن.

یاری کردن ڕێگایەکی ساکار و سادەیە بۆ ئەوەی منداڵ خۆی تێدا بدۆزێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕەوت و پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە کاریگەری لەسەر سەرجەم لایەنەکانی ژیانی منداڵ دادەنێت.  یاری کردن چۆنیەتیی ناسین و هەست کردنی جیهان لە منداڵدا شکڵ دەدات، شارەزایی چۆنیەتیی بیرکردنەوەی فێر دەکات و تێیدا منداڵ فێری زمان دەبێت.

یاری کردن چەندین کاریگەری لەسەر منداڵ هەیە کە دەکرێ ئاماژە بکەین بە: چێژ وەرگرتن، گەشەی زمان، فێربوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، فێربوونی شێوەی چارەسەریی کێشەکان و …تاد کە لێرەدا ئاوڕیان لێدەدەینەوە.

یاری کردن و گەشەی زمان:

منداڵان لە کاتی یاری کردندا دەدوێن، جا چ لەگەڵ خۆیان و چ لەگەڵ هاویارییەکانیان. یاریگەلێکی کە تێیدا منداڵ دەورێک دەگرێتە ئەستۆ (بۆ نموونە ماڵ ماڵێن)، منداڵ چیرۆکێک ساز دەدات کە چەند کەسایەتی تێیدا دەور دەگێڕن و هەر کام لەو کەسایەتییانەش دیالۆگێکیان هەیە، لێرەشدا گەنجینەی وشەکانی منداڵ لە ڕێگای ئەو قسە و وشانەی کە منداڵ و هاویارییەکانیان بەکاری دێنن، گەشە دەکات و منداڵ زیاتر لەگەڵ جیهانی دەورووبەری خۆی ناسیاو دەبێت، بۆیەش ئەو یارییانە گرنگییەکی زیاتریان لە یاریگەلێکی تر هەیە کە تێیدا کەمتر قسە دەکرێت.

ڤیگۆتسکی، دەروونناسی ڕووسی لە بیردۆزی گەشەی مێشکی (زەینی) خۆیدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە زانیارییەکانی جیهانی دەرەوە لە ڕێگای زمانەوە ڕادەگوازرێن و لە ناخی مرۆڤدا جێگیر دەبن، کەواتە زمان هەم سیستەمی هێمایینی پەیوەندییە و هەمیش کەرستە و ئامرازێکی کەلتوورییە بۆ ڕاگواستنی کەلتوور و مێژوو و یاری کردنیش بەشێکی سەرەکی و بناغەییە هەم لە گەشەی زمانی منداڵدا و هەمیش بۆ تێگەیشتن لە جیهانی دەرەوە. کاتێک منداڵ یاری دەکات، بە بەردەوامی لەگەڵ خۆی یان کەسانی تر لە ئاخاوتن دایە.

ئەو قسەی ڤیگۆتسکی ڕێک پێچەوانەی بیردۆزی “هەڵڕشتنی وزەی زێدەی”ـی سپێنسر و شیلێر ـە کە لایان وایە یاری کردن هیچ ئامانجێکی دیاریکراو و ڕوونی نیە و تەنیا ڕێگایەکە بۆ دانەدر و هەڵڕشتنی وزەی زێدەی منداڵ و خۆبەتاڵ کردنی.

منداڵ لە کاتی یاریکردندا، ڕێک وەک گەورەکان زۆر جار و بێ ئەوەی دەنگی بەرز بکات یان بە بدەنگ قسە بکات، لەگەڵ خۆی دەدوێ و لەبەر خۆیەوە قسە دەکات.

ئەگەر لە کاتی یاری کردنی منداڵدا، گوێی لێ بگرین، بە ڕوونی شێوەی دوانی منداڵان لەگەڵ خۆیان یان شێوەی هەست کردنی جیهان لەلایەن منداڵانەوە دەبینین و بۆمان دەردەکەوێت. بۆ نموونە دەبینین کە منداڵان لاسایی گەورەکان دەکەنەوە، دەبن بە باوک یان دایک، دەبن بە دوکتور و ئەندازیار و مامۆستا و دەیان دەوری تری جیهانی گەورەکان دەگرنە ئەستۆ و لەگەڵ خۆیان دەدوێن و بەو شێوەیە جیهان دەناسن وهەستی پێدەکەن و لێی تێدەگەن.

بە گوێرەی ڕوانگەی ڤیگۆتسکی، لێرەدایە کە یاری کردن دەورێکی سەرەکی لە گەشەکردنی زمانی منداڵدا دەگێڕێت و لە هەمان کاتیشدا، زمان یارمەتیی منداڵ دەدات کە یاسا و رێساکان فێر بێت و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەورووبەری خۆی بگرێت.

فێربوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان:

 ڤیگۆتسکی هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەکانی خۆی، لایوایە کە یاری و یاری کردن، کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە و لای وایە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەتا لە یاری کردندا گەشە دەکەن و پەرە دەستێنن، بەو واتایە کە منداڵەکان چاو لە کرداری دایک و باوکانیان دەکەن، گوێ لە قسەکانیان دەگرن و دواتر لە کاتی یاری کردندا، هەوڵ دەدەن ئەنجامیان بدنەوە. لەو کاتەشدا باشتر وایە دایک و باوکەکان، هاریکاریی منداڵەکانیان بکەن، ڕێنماییان بکەن و هەڵەکانیان چاک بکەن و لە کاتە هەستیارەکاندا، بەهانایانەوە بچن.

منداڵ لە کاتی یاریکردندا، دەور و ئەرکی جیاواز دەگرنە ئەستۆ و بە شێوەی جیاجیا، کەڵک لە زمان وەردەگرن، ئەوەش وەک سەفەرێک وایە کە تێیدا منداڵان لە جیهانی دەروونی خۆیانەوە، بەرەو ناسینی جیهانی دەرەوە هەنگاو دەنێن و دەڕۆن، بەڵام بەو مەرجە کە دۆخی گونجاویان بۆ بڕەخسێت. کەواتە دایک و باوکان وێڕای چاوەدێریی یاری کردنی منداڵەکانیان، پێویستە هەندێ جار بەرەو یاریی دیاریکراویان ببەن و بەتایبەت بە دوان لەگەڵ منداڵ لە کاتی یاریکردندا، یارمەتیی گەشە و پەرەسەندنی زمان و ئاخاوتنیان بکەن.

یاری کردن و چارەسەریی کێشەکان:

یەکێک لەو تواناییانەی کە منداڵ لە یاری کردندا فێری دەبێت، توانایی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانە. ئەو کێشە و گرفتانەی کە مرۆڤ لە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەدا، بەرەوڕووی دەبێتەوە. منداڵ هەم لە کاتی یاری کردنی بەتەنیا و هەمیش لە کاتی یاری کردن لەگەڵ منداڵانی تر، فێری چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت بەڵام ئەو تواناییە لە یارییە گرووپییەکاندا زیاتر ئەگەری ڕەخسانی هەیە.

بۆ نموونە لە یاریی “ماڵ ماڵێن”ـدا منداڵ فێر دەبن کێشەکانی نێوان خۆیان چۆن چارەسەر بکەن، یان کاتێک کە لەگەڵ منداڵانی تر یان دایک و باوکیان، خانوویەک یان پردێک ساز دەکەن، لێرەدا فێر دەبن چۆن گرفتەکان چارەسەر بکەن، بەو شێوەیە جیا لە تواناییە جەستەییەکانی منداڵ، تواناییە مێشکی و زەینییەکانیشی گەشە دەکەن.

بەوپێیە پێویستە دایک و باوکان، لە هەر دۆخ و شوێن و کاتێکدا، دەرفەتی یاری کردن بۆ منداڵەکانیان بڕەخسێنن، لە هەمان کاتیشدا هەوڵ بدەن منداڵەکانیان لە یارییە کامپیوتێرییەکان و لە یاری کردنی بەتەنیا دووربخەنەوە و تێکەڵ بە یاریی خەیاڵی و خۆماڵی و گرووپییان بکەن.

سەرچاوەکان:

1- Early Childhood Series: Play: A Vygotskian Approach, Elena, Bodrov, (Ph.D) and Leong, Debora (Ph.D)

2- روانشناسی بازی، احمدوند، د. محمدعلی.

3- وێبلاگی پەروەردەیی هەڵمەت مەعرووفی http://kurdeducation.blogspot.ch/

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت