یادێك له‌ ساڵیادێك ، ئه‌و مامۆستا ئایینیه‌ی باوه‌ڕی به‌ جیایی دین و ده‌وڵه‌ت هه‌بوو

0
579

شه‌ش ساڵ به‌ سه‌ر كۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزه‌ددین حوسێنی سه‌ركرده‌ و ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات دا دا تێپه‌ڕ بوو.
ڕۆژی ٢٢ی ڕێبه‌ندانی ٦ ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر له‌ وڵاتی سوێد و له‌ وڵاتی غه‌ریبایه‌تی مامۆستا شێخ عیزه‌ددین حوسێنی دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ لێدان كه‌وت و ئه‌گه‌ر چی به‌ جه‌سته‌ له‌ ناوماندا نه‌ما ، به‌ڵام یاد و ناو و ڕێگه‌و ڕێبازی هه‌ر ده‌م به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌ .
ڕۆژی كورد وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ و ڕێز گرتن له‌و ساڵیاده‌ ، به‌شێكی كورتی به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ زانیاریه‌كانی ڕادیۆ كوردیی سوئێد ئاماده‌ كردووه‌ و ده‌یخاته‌ به‌ر دیدی خوێنه‌رانی :

کورتەیەک لە سەر ژیانی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی

مامۆستا بەهاری ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی واتە ١٩٢١ی زایینی لە شاری بانە لە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لەدایک بووە.

کوڕی شێخ صالحە کە لە سەیدەکانی بەرزنجە بوو؛ شێخ صالح کە لە سەردەمی خۆیدا زانایەکی ئایینیی ناودار بوو، دژایەتیی حکوومەتی ڕەزاشای دەکرد، بەنهێنی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید ڕێبەری بزووتنەوەی کورد لە سلێمانی پەیوەندیی هەبوو، ساڵی ١٣١٩ فەوتی کرد.

مامۆستا زۆری پێ خۆش بوو بچێتە خوێندن، بەڵام لە شاری بانە هەتا ساڵی ١٣١٥ (١٩٣٦) مەدرەسە نەبوو؛ سەرف ‌و نەحو، قورئان، “گولستان و بوستان” و هی ‌دیکەی لەلای بابی خوێند.

ساڵی ١٣١٧ (١٩٣٨) لە گوندی سیسێر لە لای مەلا سەیدحوسەین چووە فەقێیەتی؛ سێ ساڵ لەوێ مایەوە؛ دەچێتەوە بانە و دواتر لە نمەشیر، دیسانەوە سیسێر و ماوەیەکیش لای مامۆستا مەلا باقری بەناوبانگ، لە ئاوایی بالیک لە ناوچەی مەریوان، خوێندوویەتی.

ساڵی ١٣٢١ (١٩٤٢) بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ناوچەی موکریان کە لەوێ هەڵسووڕانی سیاسی و هەستی نەتەوایەتی بەرز بوو. ساڵی ١٣٢٢ (١٩٤٣) لە ناوچەی بۆکان، بە نێوی نهێنیی “هەوێن” ئەندامەتیی کۆمەڵەی “ژێ‌کاف”ی پێ بەخشرا و بووە چالاکی سیاسی.

ساڵی ١٣٢٤ (١٩٤٥) چالاکانە لە ڕێوڕەسمی هێنان و هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان بەشداریی کرد.

بەهاری ساڵی ١٣٢٥ (١٩٤٦) دەچێتە مەهاباد کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بوو و ماوەیەک لای کەسایەتیی بەناوبانگ مامۆستا مەلاحوسەین مەجدی، درێژە بە خوێندن دەدات.

ساڵی ١٣٢٧ (١٩٤٨) لە لای مامۆستا مەلاعەلی وەڵزی لە گوندی حەمامیان، ئیجازەی ئیفتا و تەدریس وەردەگرێت و بە ڕەسمی دەبێتە مەلا و مودەڕیس لە گوندی کانییە ڕەش لە ناوچەی موکریان.

لە نێوان ساڵەکانی ١٣٣٠ هەتا ١٣٣٧ (١٩٥٨- ١٩٥١) لە گوندەکانی کانییە ڕەش، گۆلێ و قاراوای موکریان، مەلا و مودەڕیس بووە.

لەم ساڵانەدا چەندین رووداوی گرینگ ڕوویان داوە کە کاریگەرییان هەبووە لە سەر ژیانی مامۆستا؛ لە نێوان ساڵانی ١٣٢٩ هەتا ١٣٣٢ بزووتنەوەی جووتیاران لەو ناوچەیە زۆر بەهێز بووە و مامۆستا کە هەمیشە لایەنگری چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگا بووە، کەوتووەتە بەر هێرشی ئاغا و مالیکی ناوچەکە و بەو بۆنەشەوە ناچارکراوە گوندەکەی بەجێ بهێڵێت. مامۆستا بە هۆی هەڵوێستی پێشکەوتنخوازانەی کە بوێرانە دەری دەبڕین، لە بواری جۆراوجۆردا بەناوبانگ بوو؛ بۆ وێنە دژ بە خۆرافاتی ئایینی بوو؛ لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتیی دەکرد لەگەڵ دیاردەی کچ بە پچووکی بەشوودان، گەورە بە پچووک، ژن بە ژنە و سێ‌تەڵاقە.

ئەمە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمێک لە ئێران کە کێشەی میللی‌کردنی نەوت لەلایەن دەوڵەتی دوکتور محمد مصدق‌ەوە لەئارادابوو؛ لە ئاکامدا کووده‌تای ساڵی١٣٣٢ (١٩٥٣) کە بە پشتیوانیی بەریتانیا و ئەمریکا کرا، دەوڵەتی مصدق ڕووخا و شای ئێران کە هەڵاتبوو بۆ دەرەوە، دیسانەوە گەڕایەوە سەر حوکم.

ساڵی ١٣٣٧ (١٩٥٨) لە مەهاباد دەبێتە مودەریس لە مەدرەسەی علوومی دینی؛ لەو سەردەمەدا مامۆستا لایەنگری بیروبۆچوونی شێخ محمد عبدە بوو؛ بۆ وێنە کتێبی “رسالة التوحید”ی ئەوی دەگوتەوە.

ئەو کەسانەی لەلای مامۆستا شێخ عێزەدین خوێندوویانە، چ لە مەهاباد و چ ساڵەکانی پێشووتر، لە پەنای خوێندنی ئاسایی فەقێیەتی و ئایینی، لەگەڵ مێژووی تێکۆشان و خەباتی گەلی کورد دژ بە ستەمی میللی ئاشنا دەبوون؛ تێکۆشەری بەناوبانگ مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە یەکێک بوو لەو کەسانەی لای مامۆستا خوێندبووی.

ساڵی ١٣٤٧ (١٩٦٨) بوو بە ئیمام جومعە لە مەهاباد.

هەر ئەو ساڵە شەپۆلێکی بەکۆمەڵ گرتنی تێکۆشەرانی کورد کەوتە ڕێ و بەتایبەت پادگانی جەڵدیان بوو بە زیندانێکی گەورە. مامۆستا بۆ ماوەیەکی کورت گیرا؛ لەو ماوە کورتەشدا کەسایەتیی ئایینی شاری مەهاباد و خەڵکی شار، کەوتنە گەڕ و ئەگەری خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هەبوو.

لەو ساڵانەدا کە لە مەهاباد بوو بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ، ئەندامان و خەباتکارانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەت لە ساڵەکانی ١٣٤٧-١٣٤٦(١٩٦٨- ١٩٦٧) دا پەیوەندیی گەرم و گوڕی هەبوو لەگەڵ تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کوردستان.

١٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٧ واتە ٧ی مانگی شەشی ١٩٧٨ لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تێکۆشەری لەمێژینە عەزیز یوسفی کە تازە بە نەخۆشی لەزیندان ئازاد کرابوو وتارێکی گرینگی پێشکەش کرد. ئەم وتارە لەسەر گۆڕی ئەو تێکۆشەرە لە شاری مەهاباد کە بە بەشداریی هەزاران کەس لە هەموو شارەکانی کوردستانەوە بەڕێوە چوو، دەنگدانەوەیەکی ئێجگار زۆری هەبوو. ئەمە بە دەستپێکی بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە دژی حکوومەتی شا دەژمێردرێت.

بەدرێژایی ئەو ساڵە پڕ لە ڕووداوە، مامۆستا کە لە مانگی خەزەڵوەردا ببووە سەرۆکی شورای شاری مەهاباد، بەردەوام لەو شارە و لەشارەکانی دیکەی کوردستان لە بۆنەی جیاوازدا قسەی بۆ خەڵک دەکرد و هانی دەدان بۆ خەبات.

بە ڕووخانی رژێمی پاشایەتی لە ئێران، ڕۆڵی مامۆستا شێخ عێزەدین زۆر بەرجەستە بووەوە. هەموو نوێنەرانی حکوومەت و کاربەدەستانی ناوچەکە، کاتێک دەهاتنە کوردستان دەچوونە لای مامۆستا.

رۆژی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ (١٨ی مانگی دووی ١٩٧٩) یەکەم دەستەی نوێنەرایەتی حکوومەت کە داریوش فروهر یەکێک لە ئەندامانی بوو، هاتە مەهاباد و یەکڕاست چوونە لای مامۆستا. دواتر لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا بڕیارنامەیەک لەلایەن نوێنەرانی شارەکانی کوردستانەوە (لەوانە رێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵە) پێشکەشی نوێنەرانی دەوڵەت کرا کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەوە بوو کە مامۆستا شیێخ عیزەدین دەسەڵاتی ئەوەی هەیە سەرۆکایەتیی هەر هەیئەتێک بکات کە لەلایەن گەلی کوردەوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا دەکەوێتە وتووێژه‌وه‌.

نەورۆزی ١٣٥٨ (١٩٧٩) دوای کارەساتی خوێنین لە شاری سنە، مامۆستا لایەنێکی سەرەکی بوو لە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حوکوومەت کە بریتی بوون لە رفسنجانی، بنی‌صدر، بهشتی، طالقانی و . . . کەسانی دیکەیش. لەو کۆبوونەوە‌یه‌دا بوو کە مامۆستا لە کاتی فڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکان بەسەر شاری سنەدا و لە گەرمەی وتووێژەکاندا گوتی “فەرقی تاج و عه‌مامە چییە؟ حوکوومەت نەگۆڕدراوە، تاجی پاشایەتی لاچووە و عه‌مامە هاتووەتە جێگای.”

رۆژی شەشی خاکەلێوەی ١٣٥٨ (٢٦ی مانگی سێی ١٩٧٩) مامۆستا ڕایگەیاند لەبەر ئەوەی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی نادیارە، لە ڕیفراندۆمدا بۆ دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەشداری ناکات.

مانگێک دواتر واتە لە مانگی گوڵاندا لەسەر بانگهێشتنی وەزیری ناوخۆ سەفەرێکی کرد بۆ تاران و قوم؛ لەم سەفەرەدا لەگەڵ خومەینی، بازرگان سەرەکوەزیر، وەزیری ناوخۆ و چەندین کەس لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دیدار و گفتوگۆی کرد.

لە دیدار لەگەڵ خومەینیدا کاتی خوداحافیزی خومەینی دەڵێت هێمنایەتیی کوردستانم لە تۆ دەوێت، مامۆستاش دەڵێت منیش خودموختاری کوردستانم لە ئێوە دەوێت.

لەو سەفەرەدا لە “زانکۆی صنعتی شریف‌”ی تاران لەناو هەستی زۆر گەرمی دەیان هەزار خوێندکاری زانکۆ لە وتارێکدا وتی: “ئەو ئایینەی خەڵک بەگژیەکدا دەکات، ئایینی ئیلاهی نییە. . . سانسۆر نموونەیەکە لە گەڕانەوەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی. کۆنەپەرستی لە هەر جلوبەرگێکدا و بە هەر ڕەنگێک بێت، مەحکوومە . . . ئێمە لایەنگری هەڵسووڕانی هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانین . . شۆڕش هێشتا بە ئاکام نەگەیشتووە چونکوو ئامانج لە شۆڕش، گۆڕانی بنەڕەتییە.”

سەرەتای مانگی جۆزەردانی ١٣٥٨ (١٩٧٩) مامۆستا شێخ عێزەدین لەناو بەخێرهێنانی ئاپۆرەی خەڵکدا کە بە دەیان هەزار لە سەر جادە و لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان ریزیان بەستبوو گەڕایەوە بۆ کوردستان و لە شاری سنەوە، بە دیواندەرە، سەقز، بانە و بۆکاندا گەڕایەوە بۆ مەهاباد.

پێنجی پووشپەڕی ١٣٥٨ (٦ی مانگی شەش ١٩٧٩) هۆشداریی دا: “ئەگەر وریا نەبین تووشی شەڕی چەکداریمان دەکەن. . . پارێزگاری لە شارەکان دەبێت لەژێر چاوەدێریی شۆرای شارەکاندا بێت. بڵاوکردنەوەی چەک لە کوردستان [لە لایەن حکوومەتەوە] وای کردووە کە ئەگەر کارێکی بۆ نەکرێت، کوردستان لە سەردەری شەڕی ناوخۆدا دەبێت.”

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ (١٩ی مانگی هەشت ١٩٧٩) فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەرچوو؛ مامۆستا لە گەڵ تێکۆشەرانی گەلی کورد، چووە شاخ و لە ڕێگای ڕاگەیاندن و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانییەوە دەنگی گەلی کوردی بە هەموو جیهان دەگەیاند.

چەند هەفتە دواتر “دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی” بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی مامۆستا پێکهات کە ئەندامەکانی ژمارەیەک لە کەسانی نزیک لە مامۆستا و تێکۆشەرانی خەڵکی چەند شارێکی کوردستان بوون.

ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٥٨(یەکی مانگی یازدەی ١٩٧٩) لەسەر داوای مامۆستا بەبۆنەی جێژنی قوربانەوە بە سەدان هەزار خەڵکی کوردستان لە شار و شارۆچکە و لادێکاندا خۆپیشاندانی پڕشکۆی جەماوەری و سەرتاسەرییان رێکخست بە پشتیوانی لە بزووتنەوەی کوردستان، بۆ ڕیزگرتن لە شەهیدان و دژ بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی.

لە پاییزی ئەوساڵەدا چەندین کۆبوونەوە کرا لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت کە لە تارانەوە هاتبوون بۆ دێهاتی ناوچەی سەرسنووری سەردەشت کە مامۆستا رۆڵی سەرەکیی هەبوو لەو کۆبوونەوانەدا.

لەم ماوەیەدا “دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد” بە سەرۆکایەتی مامۆستا بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵه‌ت پێکهات کە حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و ڕێکخراوی چریک فیدایی ئەندامەکانی بوون.

٢١ی سەرماوەز واتە ١٢ دیسامبر، یەکەمین و تەنها کۆبوونەوەی ڕەسمیی نوێنەرانی حوکوومەت لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد پێکهات.

هەتا کۆتایی ساڵ، بەردەوام، کۆبوونەوە دەکرا لەگەڵ نوێنەرانی حوکوومەت و نوێنەری تایبەتیی خومەینی بۆ قسەوباس لەسەر چۆنییەتی درێژەدان بە وتووێژ، بەڵام سەرەڕای هەوڵدان و خۆشمەبەستیی مامۆستا، هیچ ئاکامێکی نەبوو.

خاکەلێوەی ١٣٥٩ (مانگی چواری ١٩٨٠) مامۆستا سەفەرێکی دەست پێ کرد لە مەهابادەوە بۆ بۆکان، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان و بانە و لەهەموو لایەک لە کۆڕ و خۆپیشاندانی دەیان هەزارکەسیدا رایدەگەیاند گەلی کورد، خوازیاری مافی ئاسایی خۆی و ئاشتی و پێکەوەهەڵکردنە و دژ بە دەست پێکردنەوەی شەڕە. وێنە و فیلمی ئەم سەفەرە سیمای رێبەرێکی زۆر خۆشەویست و لەناو دڵی خەڵکدا نیشان دەدات کە خەون و ئارەزووەکانی خۆیان لە هەڵوێست و دەربڕینەکانی مامۆستادا دەدیتەوە. بەداخەوە هەر لەو مانگەدا خولی دووهەمی هێرشی بەرینی کۆماری ئیسلامی بۆسەر شارەکانی کوردستان، دەستی پێ کردەوە.

سەرەتای ساڵی ١٣٦١ (١٩٨٢) مامۆستا نوێنەری خۆی ناردە دەرەوە بۆ ئورووپا بۆ ئاگارکردنەوەی بیروڕای جیهانی لەسەر بارودۆخی گەلی کورد و بزووتنەوەکەی و تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی. مامۆستا بەو نوێنەرەیدا چەندین نامەی نارد بۆ پاپ لە ڤاتیکان، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و یاسر عەرەفات. هەروەها پەیامێکی تایبەت بۆ ڕای گشتی جیهان و ئێرانییەکان و کوردەکان لە دەروەی وڵات کە بە زمانەکانی کوردی، فارسی و فەرانسە بڵاو کرایەوە. دواتر ڕاپۆرتی ئەم سەفەرە کە فەرانسە و بەریتانیا و ئەڵمان و دەرباری ڤاتیکان و ئیتالیا، سووریا و لوبنانی گرتەوە، بەوردی بۆ بیروڕای خەڵکی کوردستان و ئێران بڵاو کرایەوە.

لە پاییزی ساڵی ١٣٦١دا (١٩٨٢) مامۆستا سەفەرێکی نۆ هەفتەیی کرد بۆ پاریس و دواتر بۆ عەرەبستان بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنج، بۆ بارودۆخی گەلی کورد. لە سەفەری پاریسدا جگە لە چاوپێکەوتن و قسەوباس لەگەڵ رادیۆ، تەلەڤیزیۆن و رۆژنامە گەورەکانی فەرانسە، لەگەڵ رادیۆ بی‌بی‌سی بەشی فارسی، گفتوگۆیەکی گرینگی کرد. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و شاعیران و رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی فەرانسە، ئینگلستان، ئیرلەند، ئاڵمان، ئیتالیا، ئێرانی و کورد دیدەنیان کرد. مامۆستا لەهەموو ئەو دیدارانەدا بە وردی لەسەر بارودۆخی کوردستان و خەباتی ڕەوای میللەتی کورد و ئاشتیخوازانەبوونی بزووتنەوەی کوردستان و ڕەوابوونی داواکانی دوا. هاوکات، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکرد. لە عەرەبستان، مامۆستا هاوکات حەجی عەمرەی بەجێ هێنا.

لە ساڵەکانی ١٣٦٤ هەتا ١٣٦٧(١٩٨٨- ١٩٨٥) دا مامۆستا لە هەل‌ومەرجێکی دژواردا لە ناوچەکانی سەرسنووری کوردستان لە نێوان عێراق و ئێراندا دەژیا و بەردەوام بوو لە چالاکیی سیاسی و دەرکردنی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕاو بۆچوونەکانی. هەر لەم ساڵانەدا بوو کە مەقەڕی نیشتەجێبوونی خۆی و بنەماڵەکەی لە ناوچەی سەرسنووری پارێزگای سلێمانی، کەوتە بەر پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی حوکوومەتی بەعسی عێراق کە لە ئاکامدا زۆر بەداخەوە دایکێک و منداڵەکەی شەهیدبوون، مامۆستا و سەیدزادە خانمی هاوسەری و نۆ پێشمەرگەیش برینداربوون.

ساڵی ١٣٦٧(١٩٨٨) سەفەرێکی کرد بۆ وڵاتی توونس بۆ دیدار لەگەڵ یاسر عەرەفات و دواتر سەردانی سوێد و فەرانسەی کرد و پاشان گەڕایەوە بۆ کوردستان.

لە کۆتایی هاوینی ساڵی ١٣٦٩(١٩٩٠) دا لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو.

مامۆستا یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆنفرانسی ستۆکهۆلم کە سەرەتای ساڵی ١٩٩١ لە شاری ستۆکهۆلم گیرا سەبارەت بە بار و دۆخ و دواڕۆژی کوردستان کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە مێژوونووسان، سیاسەتمەداران، نووسەران و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و بیانی، تێیدا بەشداربوون.

لە پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە بروکسێلدا چەند ساڵێک چالاکانە بەشداربوو؛ هەروەها لە چەندین کۆنفرانس و کۆنگرەی دیکە لە فەرانسە و ئەڵمان بەشداریی هەڵسووڕاوانەی کردووە. مامۆستا بە درێژایی ژیانی، دۆستایەتی نزیکی هەبووە لەگەڵ زۆربەی تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و بەردەوام پشتیوانێکی شێلگیری خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بووە لە سەرانسەری کوردستاندا.

جۆزەردانی ١٣٨٣ (٢٠٠٤) رێز لێنانێكی تایبەت لە مامۆستا لەلایەن “انجمن پژوهشگران ایران” لە کونفرانسێکدا لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو کە بریتی بوو لە قسەوباس لەسەر کەسایەتیی مامۆستا و رێزلێنان بۆ ئەو هەموو ساڵە خەبات و تێکۆشانەی.

لەو ماوەی کە لە سوێد بوو، بێ وچان و چالاکانە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ سیاسەتمەداران، نووسەران، شاعیران و کەسایەتیی دیاری ناو بزووتنەوەی کوردستان و ئێران، بەردەوام تێدەکۆشا لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵوێست و بیروبۆچوونی خۆی، گوێبیستی بیروڕای ئەوانی دیکەیش بێت.

مامۆستا بە درێژایی ژیانی، خەریکی خوێندنەوەی کتێب بووە و لەم بوارەشدا گرینگی بەوە داوە تا چ ڕادەیەک لە باری مێژوویی، زانستی و ئایینییەوە ناوەرۆکی کتێبەکە بەپێز بووە؛ هەر بۆیە تا دوایین رۆژەکانی ژیانی، بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا کتێبی خوێندووەتەوە.

لە ڕێگای تەلەڤیزیۆنی سەتالایتەوە و هەروەها ڕادیۆ کوردییەکان، بەردەوام گفت‌وگۆی کردووە و سەرەڕای دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی و لێکدانەوەی هەل‌ومەرجی کوردستان، سەبارەت بە بیرو بۆچوونەکانی خۆی لەمەڕ ئایین، حکوومەتی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی، بەوردی لێدوانی داوە.

دوایین دەرکەوتنی مامۆستا لە میدیاکاندا رۆژی ١٦ی خەرمانانی ١٣٨٩ (٧ی سیپتامبر ٢٠١٠) لە تەلەڤیزیۆنی فارسی بی‌بی‌سی لە پرۆگرامی “بەعبارت دیگر”دا بوو؛ لەوێدا وتووێژێک بە زمانی فارسی لەگەڵ مامۆستا بڵاو کرایەوە کە لە ئاستی کوردستان و ئێران و دەرەوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. ئەم گفتوگۆیە زۆرێک لە بیروبۆچوونەکانی مامۆستای تێدایە لەسەر کوردستان، ئێران، ئازادی و دیموکراسی، دین و بیر و باوەڕ، پرسی ژن، ڕۆڵی حکوومەتی دینی و هەروەها بزووتنەوەی سەوز.

مامۆستا شێخ عێزەدین و سەیدزادە خانمی هاوسەریان حەوت منداڵیان هەیە: ئایشێ، فاطمە، جمال‌الدین، شیرین، پەروین، سەیران و جەمیلە

سلایدشۆو پێویستی بە جاڤاسکریپتە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت